کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێدانی بڕوانامە لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگیی "بەیان" بە خوێندکارانی زمانی کوردی

14:16 - 25 بەفرانبار 2719

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی سێشەممە ۲٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ی ھەتاوی، له گوندی ئاغجێوان سەر بە شاری بۆکان کۆڕێک بۆ پێدانی بڕوانامەی کۆتایی خوێندنی زمانی کوردی بۆ کومەڵێ لە قوتابیانی ئەو ناوەندە پێکهات. لەو کۆڕەدا بەڕێزان، مامۆستا ئاسو، مستەفا ئیلخانی زادە، ئەمیر پیادە بەرپرسی ناوەندی بەیان، دوکتۆر ئازاد محەممەدیانی، مامۆستا ناسر وەحیدی، ناسری ناسری و کۆمەڵێ لە شاعیر و ئەدیبانی شاری بۆکان شێعر و وتاریان پێشکەش کرد. ئەنجوومەنی فەرهەنگیی "بەیان" یەکێک لەو ئەنجوومەنە فەرهەنگیانەیە کە کۆڕسی فێربوونی زمانی کوردی بۆ مناڵان و فێرخوازانی زمانی کوردی بەڕێوە دەبا. لەو ئەنجوومەنەدا کۆمەڵێک مامۆستای خۆبەخش و نیشتمان پەروەر دڵسۆزانە وانەکانی زمانی کوردی دەڵێنەوە و لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی کوردی دەکەن. شایانی باسە کە ماوەی چەند ساڵێکە لە شار و گوندەکانی کوردستان کەسانی شارەزا لە زمان و ئەدەبی کوردی، شاعیران و نووسەران بە بایەخەوە خزمەت بە زمانی کوردی دەکەن و هۆگران و خوازیارانی فێربوونی زمانی کوردی لەگەڵ وێژە و ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی ئاشنا دەکەن و لەو ڕێگەیەوە هانیان دەدەن تا بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن. بێگومان زمان یەکێک لە کۆڵەکە ئەسڵییەکانی پێناسەی هەر نەتەوەیەکە، لەگەڵ ئەوەی کە زمانی کوردی یەکێک لە کۆنترین زمانەکانی دنیایە و زمانێکی ڕەوان و دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی کوردی و داپڵۆسین و تواندنەوەی ئەم زمانە لەنێو زمانەکانی بێگانەدا بایەخێکی ئەوتۆی پێ نەدراوە. لە هەمان کاتدا نووسەران، هەڵبەستوانان، هونەرمەندان و دڵسۆزانی زمانی کوردی لە هەموو ڕێگەیەکەوە هەوڵیان داوە کە پێش لە فەوتانی زمانی کوردی بگرن و ڕۆژبەڕۆژ دەوڵەمەندتر و زیاتر بەرەو پێشی بەرن. ئەو کەسانەی کە لە ژێر دەسەلاتی زوڵم و زۆر و بێدادیدا خۆبەخشانە و دڵسۆزانە دەبنە پێشەنگ و وانەی کوردی دەڵێنەوە و مناڵانی کورد و خوازیارانی فێربوونی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی فێری زمانی زگماکی خۆیان دەکەن، لەنێو گەلەکەیاندا خۆشەویست و پێویستە هەرچی زیاتر ڕێزیان لێ بگیرێ و بە بایەخەوە سەیری هەوڵ و زەحمەت و ماندبوونیان بکرێ و ئەو فەرهەنگە لەنێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا پەرەی پێبدرێ.