کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی کێشەی بەرجام لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە

20:07 - 25 بەفرانبار 2719

فەڕانسە و بریتانیا و ئاڵمان بە فەرمی چالاککردنی میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوکییەکانیان لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند کە لە ڕێکەوتنەکەی بەرجامدا ئاماژەی پێدراوە و تا ئێستا بەهێزترین هەنگاوی ئورووپاییەکانە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ئەمەش کۆماری ئیسلامیی ئێران ناچار دەکات پابەند بێت بەو خاڵانەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا هاتوون. وڵاتانی ئورووپایی ئاماژەیان بەوە کرد کە کاردەکەن بۆ خۆ بەدوورگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ئێستادا گرژییەکان لەو ناوچەیە زیاتربوون. ئەو ٣ وڵاتە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، ئێمە ئەو پاساو هێنانەوەیەمان قبوڵ نیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی سنوورێک بۆ بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا دابنێت ، ئەوەشیان خستەڕوو هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەستدا نەماوە جگە لەوەی ئەم میکانیزمە چالاک بکەن کە لەکۆتاییدا لەوانەیە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕێژیمی ئاخوندیدا. لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "بە پێچەوانەی ڕێکەوتنەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاریدا بەرپرسیارێتییەکانی سەبارەت بە بەرجام بە ڕێژەیەکی زیاتر کەم بکاتەوە." کۆماری ئیسلامی پێشتر ڕایگەیاند هەموو ئەو کۆتوبەندانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە بوونەتە بەربەستی پیتاندنی ئۆرانیۆم، لەگەڵ ئەوەشدا وتی بەردەوام دەبێت لە هاریکاریکردن لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا کە چاودێری بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران دەکات. بەپێی ئەو میکانیزمەی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا ئاماژەی پێدراوە و واژۆکراوە، ئەو سێ وڵاتە سەرەتا یەکیەتیی ئورووپا ئاگادار دەکەنەوە لە چالاککردنی میکانیزمەکە، دواتر یەکیەتیی ئورووپا خۆی لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەوانیش ڕوسیا و چین و کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. دوای ئەوەش ماوەی ١٥ ڕۆژ دیاری دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.