کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران

20:12 - 25 بەفرانبار 2719

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی داوە کە ڕێگە بە ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانەی خەڵک بدا و نەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران. ڕاوێژکاری بەرپرسی نەتەوە یەکگرتووەکان، " ئێستێفان دویاریک " لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی ، سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە بەرانبەر ڕێژیمدا ڕایگەیاندووە کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئوکراینییەکە و خۆپێشاندانی خەڵک، دەستی دایە سەرکوتی خۆپێشاندەران و ڕێگەی نەدا کە خەڵک کۆبوونەوە بکەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن. تەنانەت ئەو ڕێژیمە ڕێگە نادا کە خەڵک ئازادیی ڕادەربرینی هەبێ و بتوانن ئازادانە ناڕەزایەتیی خۆیان لە دەوڵەت لە ڕێگەکانی پێوەندیدارەوە دەرببڕن. کۆماری ئیسلامی دەبێ ڕێز لە کەرامەتی خەڵک بگرێ. ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە، لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەکانی نێوخۆی ئێرانم و پێویستە کە مەسەلەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەدواداچوونی بۆ بکرێ و ئەو هەموو سەرکوت و گوشارەی سەر خەڵکی ئێران کەم بکرێتەوە".