کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلەمولهۆدا: دەبوو باڵوێزی بریتانیا پارچە پارچە کرابا

15:11 - 26 بەفرانبار 2719

پێشنوێژی شاری مەشهەد" عەلەمولهۆدا" داوای لە سێدارەدانی خوێندکاران و پارچە پارچەکردنی باڵوێزی بریتانیا دەکا. پێشنوێژی بناژۆخوازی شاری مەشهەد ئاخوند"عەلەمولهۆدا"لە لێدوانێکدا ناڕەزایەتی خۆی لەهەمبەر سزانەدانی ئەو کەسانە دەربڕی کە بەسەر ئاڵای ئەمریکادا ڕەت نەبوون و داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد کە هەر خوێندکارێک بەسەر ئاڵای ئەمریکادا هەنگاو نەنێ و بێحورمەتی بە ئاڵای ئەمریکا و ئیسراییل نەکا دەبێ لە سێدارە بدرێ. هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا باسی لەوەکرد کە ئەوانەی ئاڵای ئەمریکا ناخەنە ژێر پێ، سیخوڕی بێگانەن و سزای سیخوڕیش مەرگە. ناوبراو بە تووڕەییەکی زۆرەوە داوای پارچەپارچە کردنی باڵوێزی بریتانیای کرد و وتی: "دەرکردنی باڵوێزی بریتانیا نەک تەنیا سزا نەبوو بەڵکوو پاداش بوو، لەبەرئەوەی ئەو باڵوێزە دەبوایە پارچەپارچە بکرایە." شایانی باسە کە هەڵچوونی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە چوار هەزار کەس لە مناڵانی بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا دەژین و لەو وڵاتە و لە ژێر ئاڵای ئەمریکادا و بە پارەی خەڵکی ئێران خەریکی خوێندن و گوزەرانی شاهانەی خۆیانن، بەڵام داوای لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی خەڵکی ئێران دەکەن لەبەرئەوەی داوای مافی خۆیان دەکەن و بێزارن لە سیاسەت و یاسا دژی ئینسانییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.