کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی شەش ناوەندی بەرهەمهێنانی پێترۆشیمی لە ئێران

15:24 - 26 بەفرانبار 2719

لەحاڵێکدا کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ناوەندە پێترۆشیمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ٩٨ـی هەتاویدا پچڕانی گاز لە ئێران ڕوو نادا، بەڵام شەش ناوەندی پێترۆشیمیی بەرهەمهێنەری گاز داخراون. ماڵپەڕی "اقتصاد آنلاین" کە یەکێک لە ماڵپەڕە هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامییە، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ـی بەفرانبار بڵاوی کردووەتەوە کە ناوەندەکانی پێترۆشیمیی بەرهەمهێنەری گاز، دۆخی ئابووری و کاریان باش نییە و لە ئێستادا شەش ناوەندی گەورەی گازیی ئێران کارەکانیان ڕاگرتووە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی کۆمپانیای گازی ئێران، بڕیار وابووە کە ساڵی ٩٨ـی هەتاوی بەهیچ شێوەیەک گازی ماڵەکان نەپچڕێ و ناوەندە پیشەییەکانیش گازی پێویستیان هەبێ. بەڵام شەش ناوەندی بەرهەمهێنەری گاز لە ئێران تووشی کێشە گەلێکی وەکوو نەبوونی بوودجە و گرفتی کاری بوونەتەوە و ناتوانن بە ڕادەی پێویست گاز بەرهەم بێنن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ناوەندە پیشەییەکانی زۆربەی شارەکانی ئێران گازیان نەبێ. شایانی باسە ئەوە لە حاڵێکدایە کە کاربەدەستانی وەزارەتی نەوتی ئێران دوای پەرەپێدان و گەورە کردنەوەی ناوەندی "پارس جنوبی" ڕایانگەیاند کە ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک پچڕانی گازمان لە ئێران نابێ، بەڵام وا دیارە کە تا ئێستا شەش ناوەندی بەرهەمهێنەری گاز کە لە گرینگترین ناوەندەکان بە ئەژمار دێن، داخراون و ئاستی بەرهەمهێنانی گازیش زۆر کەمتر بووەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرهەمهێنانی گازی ناوەندەکانی پێترۆشیمیی " خوراسان" و "پەردیس" پچڕا. دواتر پێترۆشیمیی "زاگرۆس" کە یەکێک لە گەورەترین بنکەکانی "مێتانۆل"ـی ئێرانە، دەستی لە کار کێشاوە. هەروەها ناوەندەکانی "مەرجان" و پێترۆشیمیی "شیراز"ـیش بێکار بوونە.