کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازیی خەڵکی شارەکانی مەهاباد، سنە و سەقز لە قوربانیانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە

16:10 - 26 بەفرانبار 2719

خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ئەمساڵ لە لایەن سپای پاسدارانەوە کە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی١٧٦  کەس و لەنێویاندا ١٢ کەسیان کورد بوون، ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە. دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، ڕێژیم لەسەرەتادا ویستی هەواڵەکە چەواشە بکا و کەیسەکە بەلاڕێدا بەرێ، بەڵام بەهۆی ئەو بەڵگانەی کە لەدەست دابوون و گوشاری نێونەتەوەیی، لە کاتێکدا کە زانیان ناتوانن لەوە زیاتر خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەولەتی فریو بدەن، بە ناچاری ڕاستی هەواڵەکەیان بە پێچ و پەنا بۆ خەڵک باسکرد. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی خستنەوارەوەی فڕۆکەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە، خەڵک ڕژانە سەرشەقامەکان و بە دروشمی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان لەو کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیم و سیاسەتە چەپەڵەکانی دەربڕی. دوازدە کەس لە قوربانییەکانی فڕۆکەکە کورد بوون و تا ئێستا تەرمی چەند کەسیان ڕەوانەی شارەکانی مەهاباد و سنە و سەقز کراونەتەوە. لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمی قوربانییەکان خەڵکێکی زۆر لە چەند شوێنێکی ئەو شارانە لە پێشوازییاندا ڕاوەستابوون. لە یەکەم هەڵوێستی وەرگرتنەوەی تەرمەکان لە مەهاباد کە تابووتەکانیان بە ئاڵای کۆماری ئیسلامی داپۆشرابوون، لە لایەن خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهابادەوە ئاڵاکان لە تابووتەکان کرانەوە و لەنێو خەم و پەژارەی خەڵکی ئەو شارەدا بە خاک سپێردران. لە شاری سنەی خوێناویش خەڵکێکی زۆر پێشوازییان لە تەرمی قوربانییەکان کرد و ئەوپەڕی ناڕەزایەتی خۆیان لەو کردەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی. خەڵکی نەترسی شاری سنە لە کاتی بەڕێکردنی قوربانییەکان و بەخاکسپاردنیان، سروودی ئەی شەهیدانیان خوێندەوە و دژی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی دروشمیاندا. پرسە و سەرەخۆشی قوربانییەکان بەشیوەیەکی بەربڵاو و بەرچاو لەنێو خەم و پەژارەی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستاندا بەڕێوە چوو و خەڵک هاوخەمی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی. شایانی باسە کە خەڵکی کوردستان هەمیشە لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا پشت و پشتیوان و هاوخەمی یەکتر بوون و لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوەی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم نەترساون و لە کۆسپ و لەمپەرەکان نەپرینگاونەوە و بە هەستێکی کوردانەوە هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانیانی کارەسات و رووداوەکان دەربڕیوە و بە هانای یەکترەوە چوون.