کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپۆرتکردنەوەی خوێندکارانی ئێرانی لە ئەمریکا

16:58 - 26 بەفرانبار 2719

هێندێک لە هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا و بریتانیا باس لەوە دەکەن کە ڕێژەی دیپۆرت کردنەوەی خوێندکارانی ئێرانی لە ئەمریکا زیادی کردووە. ساڵانێکە زۆر لە خوێندکارانی ئێرانی بۆ خوێندنی باڵا و خوێندن لە زانستگە بەناوبانگەکان، ڕوو دەکەنە ئەمریکا. هێندێکیان وەردەگیرێن و هێندێکیشیان دیپۆرت دەکرێنەوە. لە ماوەی ڕابردوودا کە کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زیاتر تەشەنەی کردووە، کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتۆتەوە. ڕۆژنامەی "گاردییەن" کە یەکێک لە بەناوبانگترین ڕۆژنامەکانی بریتانیایە، سەبارەت بە کێشەکانی ئێران نووسیویەتی:'' گەورە بوونەوەی کێشەکانی ئێران و ئەمریکا دوای ئەوەی کە سپای پاسداران ڕایگەیاند تۆڵەی کوشتنی قاسم سلێمانی دەکەینەوە، زیاتر پەرەی سەندووە و ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە هەر کردەوەیەکی کۆماری ئیسلامی بایەخی زیاتر بە ئەمنییەتی ئەمریکا دەدا". ڕۆژنامەی گاردییەن لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی کە ئەمریکا خوێندکارانی ئێرانی بەهۆی کێشە و ململانێیە سیاسییەکانەوە دیپۆرت دەکاتەوە، هەرچەند ئەگەر خوێندکارەکان ویزای ئەمریکاشیان هەبێ. هەروەها بڵاویشی کردووەتەوە کە هەواڵنێرانی گاردییەن لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا لەگەڵ خوێندکارانی ئێرانی قسەیان کردووە و ئەوان باسیان لەوە کردوە کە بەهۆی کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە دیپۆرت کراونەتەوە. هەواڵدەریی گاردییەن لەدرێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ١٠ کەس لە خوێندکارانی ئێرانی دیپۆرت کراونەتەوە و هۆکاری دیپۆرت کرانەوەی ٧ کەسیانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لە فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا لەگەڵ پۆلیس تووشی کێشە و دەمەقاڵە بوون.