کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژھەڵات سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکان لە ئێران

12:57 - 28 بەفرانبار 2719

لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەری کوردستان! کۆمەڵانی ئازادیخوازی كوردستان! وەك ئاشكرایە دەسەڵاتی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بڕیاری بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بەمەبەستی ڕەواییدان وبەردەوامی لە سەرکووت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و جێبەجێ کردنی مەرامە دژە ئینسانییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ستم لێکراوی ئێران و کوردستان لە ۲ی ڕەشەممەی ۱۳۹٨ی هەتاوی داوە. دەسەڵاتدارانی رێژێمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە وەها کاتێکدا زۆر بێ شەرمانە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی کوردستان و ئێران دەکەن کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە دژی گەلییەکان لە سەر شەقامەکان و لە ژوورە تاکە کەسییەکان لە ژێر ئەشكەنجەی جەلادەكانی ئەم ڕژیمە گیانیان لەدەست داوە و پاش چەندین ڕۆژ تەرمەکانیان لە روبار و بەنداوەکان دۆزرانەوە. بێگومان دەسەڵاتدارانی تاران بۆ شاردنەوەی کردەوە قێزەونەکانیان لەبەر چاوی ڕای گشتی جیهانی و بۆ مانەوەی حوكمی لەرزۆكیان ڕێکاری زۆر هەڵخەلەتێنەر و گوشاری جۆراوجۆر بە کار دەهێنن تا شانۆی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن. لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان! هەروەک ئاگادارن ڕژیم لە دۆخێکدا ئەم شانۆگەرییە بەڕێوە دەبات کە هەوڵیدا، هەلی کوژرانی گەورە ترۆریستی خاوەرمیانە قاسم سولەیمانی و هێڕشی کوێری مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق، بۆ گەرم ڕاگرتنی کورەی هەڵبژاردنەکان بەکار بێنێت. بەڵام فۆبیای پەرچەکرداری هێزەکانی ئامریکا و ترسی هیستریکی سپای پاسداران بوو بە هۆکاری هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەیەکی مەدەنی لە لایەن سپا، کە ئەویش قوربانی بوونی ۱۷٦ کەسی بێتاوانی لێکەوتەوە. لاوانی تێکۆشەر و خوێندکارانی دەروەست! شەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران و کوردستان لە سای کۆماری ئیسلامی و ماجەراجوویەکانی سپای پاسداران ئەستەمترین قۆناغی بۆ ژنان و لاوان پێکهێناوە، ژنان لە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆیان بێ بەشن و لاوان و خوێندکارانیش بە هۆی ئەو دۆخە سەختەوە یان پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بوون یان ڕوویان لە دیاردە سەخت و تاقەت پڕووکێنەکانی وەکوو کۆڵبەری کردوە کە لەوێش بە تەقەی ڕاستەو خۆی هێزەکانی ڕژیم شەهید دەبن. بەو بەرچاو ڕوونییانەی کە هەموومان هەمانە، هەنووکە ڕژیم دەیهەوێ بە كەڵك وەرگرتن لە دەست و پێوەندەکانی خۆی لە ناو نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیكە، کورەی هەڵبژاردن گەرم رابگرن و مەبەستیانە وا نیشان بدەن كە هەڵبژاردنەکانیان مەشروعن و بە بەشداری و دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان و ئێران بەڕێوە دەچێت، بۆیە پێویستە بەمەبەستی پووچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانەی دەسەڵات، لاوانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی، پیلان و چەواشەکارییەکانی رێژیم لە قاو بدەن و ڕێگە نەدەن بە بەکارھێنانی خەڵکانێک، بازارگەرمی بۆ شانۆی هەڵبژاردن بكەن و رێگە نەدەن کە تەمەنی دیکتاتۆری لە ئێران درێژتر بێتەوە. گرینگە كە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هوشیاری زیاتر بەناو جەماوەردا بڵاو بکەنەوە و جەماوەری زیاتر لە مەترسییەکانی بەشداری کردن لە شانۆیی هەڵبژاردنەکان ئاگادار بكەنەوە و هەوڵی جیددی و كاریگەر بدەن کە لە هەڵبژاردندا بەشداری نەکەن و نەبنە کەرەسەیەک بۆ ڕەواییدان بە سەرکۆت و ئەشکەنجە و ئیعدام. ئێمە هیوادارین کە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە، هوشیارانە بەرهەڵستی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بن لە هەموو قۆناغێکدا و ئێمەش وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵات لە ناو شۆڕشدا ئەم سناریۆیەی دەسەڵاتدارانی تاران بایکۆت دەکەین و بە دوور لە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتی دەزانین. لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات ۲٦ی بەفرانباری ۱۳۹٨ی هەتاوی ۱٦ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی