کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٣ کەس لە بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە

15:15 - 28 بەفرانبار 2719

ڕۆژی پینجشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی ٣ کەس لە بنەماڵەی "ئایدا فەرزانە" و "ئاروین مورەتەب" کە لە کارەساتی لێدانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لەدەستدا، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراون ودەسبەسەرکراون. بە پێێ هەواڵەکان ئەو بنەماڵانە لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە دەبێ "ئایدا وئاروین"وەکوو شەهیدی کۆماری ئیسلامی ناویان بنووسرێ و بنەماڵەکانیشیان لێدوانی دڵخوازی کۆماری ئیسلامی بدەن و بە لایەنگری ڕێژیم لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا قسەبکەن، بەڵام ئەو بنەماڵانە ڕەتیانکردۆتەوە و نەچوونەتە ژێرباری داخوازی سپای پاسداران هەربۆیە دەسبەسەرکراون و هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. شایانی باسە کە ١٢کەس لە قوربانیانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە کوردبوون و پاش ڕادەستکردنەوەی تەرمەکانیان و لە کاتی ئەسپەردەکردنیان لە شارەکانی سنە، سەقز و مەهاباد، دروشمی دژی رێژیم و سروودی شۆڕشگێڕانە گوترا، بۆ نموونە لەشاری سنە بێجگە لە دروشمی توندی خەڵکی ئەو شارە لە دژی کۆماری ئیسلامی، سروودی ئەی شەهیدانیان لە کاتی ناشتنی تەرمی ڕۆڵەکانیاندا خوێندرایەوە و لە شاری مەهابادیش خەڵکی ئەوشارە ئیزنیان نەدا کە ئاڵای کۆماری ئیسلامی بەسەر تابووتی ڕۆڵەکانیان دابکێشن و ئاڵای کۆماری ئیسلامیان دڕاند و هەڵوێستی کوردانەی خۆیان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی و ئاڵاکەیدا پێشاندا.