کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا سزای بەسەر ئەفسەرێکی سپای پاسداراندا سەپاند

15:24 - 28 بەفرانبار 2719

برایان هووک گەورە دیپـلۆماتکاری ئەمریکا بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران گوتی: "وڵاتەکەی سزای سەپاندووە بەسەر ئەفسەرێکی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە بەرپـرسە لە کوشتنی ١٤٨ کەس لە ناوچەی ماهشەهری باشوری ڕۆژئاوای ئێران. برایان هوک ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە وەزارەتی دەرەوە گوتی: "مایک پۆمپـێئۆ وەزیری دەرەوە بەردەوام ئەو بەڵێنەی دووپاتکردۆتەوە کە ڕێژێمی ئێران لەسەر پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ ئێرانیـیەکاندا سزا دەدرێت. هەر بۆیە ئەمڕۆ" حەسەن شاهوارپـور" بەرپرسێکی سپای پاسداران، سزاکانی ڤیزای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بەسەردا دەسەپـێندرێت، چونکە مافەکانی مرۆڤی پـێشێلکردووە و تاوانی گەورەی دژی خۆپـیشاندەران ئەنجام داوە هوک هەروەها وتی: "ناوبراو لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو فەرماندەی ئەو یەکەیە بووە کە لە ناوچەی ماهشەهر بەرپـرس بووە لە سەرکوتکردنی خۆپـیشاندەران کە بەو هۆیەوە ١٤٨ کەسی بێ تاوان کوژران و بڕیاری سەپاندنی ئەم سزایانە لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریـیانەیە کە ئێرانیـیەکان داویانە بە وەزارەتی دەرەوە". ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد زیاتر سەبارەت بە سەرکوتکردنی خۆپـیشاندەران ٨٨ هەزار هەواڵیان لەلایەن ئێرانیـیەکانەوە پـێگەیشتووە. شایانی باسە کە لە خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا نزیک بە  ٢٠٠٠کەس لە خۆپیشاندەران بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی خامنەیی گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزارکەسیش بریندار و دەسبەسەرکراون.