کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا سزای دارایی بەسەر هەردوو باڵی سیاسی و چەکداریی حیزبوڵڵای لوبناندا سەپاند

16:55 - 28 بەفرانبار 2719

وەزارەتی خەزێنەداریی بریتانیا بڕیاری دا بەپـێی ڕێساکانی نەهێشتنی تێرۆر، حیزبوڵڵای لوبنان سزا بدات. پـێشتر بریتانیا تەنیا باڵی چەکداریی حیزبوڵڵای سزا دابوو، بەڵام بەم بڕیارەی ئەمجارە باڵی سیاسی حیزبوڵڵاش سزاکان دەیگرێتەوە. حیزبوڵڵا کە بە وەکیلێکی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەب و ئەوروپایی بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە. ئەم بڕیارەی بریتانیا پاش چەند ڕۆژێک دێت کە باڵوێزی بریتانیا لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپـیشاندانەکان دژی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستگیر کرا. شایانی باسە کە هەموو ئەو گرووپانەی کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانیان لێدەکا لە لایەن وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تێرۆر یان بە تێرۆریست ناویان دێنن وەکوو گرووپە شیعەکانی عێراق، لوبنان، وفەلەستین، یەمەن و سووریە و تەنانەت خودی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە لیستی تێرۆری ئەمریکا دایە.