کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆکوشتنی سێ کەس لە کوردستان

16:56 - 28 بەفرانبار 2719

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کەس لە شارەکانی بۆکان، کامیاران و سەردەشت پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە و گیانیان لەدەستداوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانبار لە شاری بۆکان کچێکی مێرمنداڵ بە ناوی " ئەفرووز مینایی" تەمەن پازدە ساڵ بە هۆکاری ناڕوون لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی بەفرانبار، گەنجێکی خەڵکی گوندی خامسان سەر بە شاری کامیاران، بە ناوی "خالید مرادی" بە هۆکاری ناڕوون کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی شەممە ٢١ی بەفرانبار، گەنجێکی دیکە بە ناوی "محەممەد قادری" لە شاری سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵییەوە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. لەدرێژەی گوشارە ئابووریەکانی سەر کۆمەڵگەی ئێران، هەژاری و بێکاری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژبەڕۆژ پەرەدەستێنن، بەداخەوە هەژاری و بێهیوایی بەرۆکی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەو و خەڵک بۆ خۆڕزگارکردن لە نەهامەتیەکان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.