کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دوو تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت

17:10 - 28 بەفرانبار 2719

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی "حاجی برایمی عومەری" ناسراو بە حاجی برایمی وەستا ئەحمەد بێتووشی، بەهۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. حاجی برایم، لە ساڵانی ٤٦، ٤٧ بۆ ماوەیەکی زۆر پێشمەرگەی حیزب بووە و دوای ئەو ماوەیە وەک ئەندامێکی دڵسۆز وچالاک ئەرکی حیزبی بەڕێوە بردوە و لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزب وەک پێشمەرگە چەکی کردۆتە شان و تا کۆتایی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و بەو پەڕی دڵسۆزی و فیداکارییەوە ئەرکی پێشمەرگانەی بەڕێوە دەبرد و لە بەر پیری و بە ساڵاداچوویی وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، بەڵام ناوبراو تا کۆتایی ژیانی هەر وا دڵسۆز و خەمخۆری حیزبەکەی بووە. هەر هەمان ڕۆژ و لە گوندی "تووژەڵ"ی ناوچەی سەردەشت، محەممەد مەلایی ناسراو بە حەمە ڕەش، کۆچی دوایی کرد، ناوبراو لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدا پەروەردە بوو، برایەکی بە ناوی ئەحمەد مەلایی ناسراو بە ئەحمەد مەحموود پێشمەرگەیەکی ئازا و فیداکاری حیزب و سەرپەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان بووە و لە ساڵی ٦١ی هەتاوی لە شەڕ لەگەڵ دژمن لە "سەرشیو"ی سەردەشت شەهید بوو و چووە نێو ڕیزی کاروانی نەمرانەوە. برایەکی دیکەی محەممەد مەلایی بە ناوی "حەسەن مەحموود " لە سەرەتای شۆڕشەوە لە ڕێزی تیكۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا پێشمەرگەیە و تا ئێستاش لە بەڕێوەبردنی ئەرکی پێشمەرگایەتیدا بەردەوامە. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزموکەسی ئەو دوو تێکۆشەرە دڵسۆز و نیشتمانپەروەرە و خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە گشتی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.