کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی بارەگای کەتائێبی حیزبوڵڵای عێراق لە نەجەف لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە

14:06 - 29 بەفرانبار 2719

خۆپێشاندەران لە نەجەف بارەگای کەتائیبی حیزبوڵڵایان سووتاند و دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی شارەکەیان داخست. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق بەردەوامن و لە شاری نەجەف خۆپێشاندەران، بارەگای میلیشیای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقیان بە تەواوی سووتاند، کە دەکەوێتە نزیک پردی ئیسکان، هاوکات سەدان خۆپێشاندەری دیکەی شارەکە، دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی شارەکەیان گرت و بە کردنەوەی ئاگر شەقامەکانیان داخست. بەشێکی دیکە لە خۆپێشاندەرانیش، دەرگای ژماریەکی زۆری فەرمانگە حکومییەکانیان داخست، تا ڕێگری لە دەوامی فەرمانبەران بکەن. ھاوكات لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەش خۆپێشاندەران، هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە و فراوانترکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکەن. شایانی باسە کە خۆپێشاندانەکانی خەلکی عێراق و بەتایبەت شیعەکانی ئەو ولاتە چەند مانگێکە دەستی پێکردووە و یەکێک لەسەرەکیترین داخوازییەکانیان بڕینی دەستی کۆماری ئیسلامی و میلیشیا شیعەکانی سەربەو ڕێژیمەیە لە عێراق و هەربەوبۆنەوە سەرەڕای کوژرانی سەدان کەس لە خۆپێشاندەران، بەڵام ئەو خەڵکە بەردەوامن لە خۆپێشاندان و هێرش بۆسەر ئەو گرووپ و میلیشیایانەی سەر بەکۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدروشمی دژی خامنەیی و قاسم سلێمانی و دڕاندن و سووتاندنی وێنەکانی ئەو دوو کەسە بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان لەگەڵ دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران دەردەبڕن.