کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرانەوەی پەرتووکخانەی کوردی لە دێی گاگەش لە ناوچەی مەهاباد

14:11 - 29 بەفرانبار 2719

لەلایەن خەڵکی ئاوایی گاگەش و بە هەوڵ و هیممەتی چەند کەسایەتی و فێرگە و ئەنجوومەن، پەرتووکخانەی کوردی لەو گوندە دامەزرا. ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی لە ئاوایی گاگەشی خوارێ سەر بە شاری مەهاباد، لە لایەن دانیشتوانی ئاوایی، بە شێوەی خۆڕسکانە و هەروەها بە بەشداریی چەند فێرگە وئەنجومەن، لە ڕیوڕەسمێکدا پەرتووکخانەی کوردی کرایەوە. لەو ڕێوڕەسمەدا وانەبێژی ڕێنووسی زمانی کوردی پێشەوا کاردانی ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوە برد و مامۆستا مەلا قادر، مامۆستای ئاوایی گاگەش لە دەسپێکی بەرنامەکەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. کەماڵ شەریف‌ گەیلانی وەک نوێنەری ئەنجومەنی ئیزەرتوو وتارێکی پێشکەش کرد. گرووپی سروودی گاگەشی باوەمەر سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"یان پێشکەش کرد. سووسەن حەسەنزادە زمانناس و مامۆستای زمانی کوردی بە نوێنەرایەتی لە فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی خوێندنەوەی کتێب بە وردی دوا و بە خوێندنەوەی شێعری بەندیخانەی مامۆستا قانع کۆتایی بە وتارەکەی هێنا. بەرپرسی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر ئامانج محەممەدزادە بە شیکردنەوەی بارودۆخی کردنەوەی پەرتووکخانەکە، بە کورتی باسێکی پێشکەش کرد. ئازاد ئەمینی بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەنجومەنی هیوای زانست و ئەنوەر ئیسماعیل‌پوور وەک نوێنەری پەرتووکخانەی ڕووناکیی موکریانی شاری گوێگتەپە، وتاری خۆیان سەبارەت بە گرینگیی بوونی پەرتووکخانە پێشکەشی ئامادەبوان کرد. فیلم‌هەڵگری کۆڕەکە مۆحسێن حیسامی، دەسکەوتی ڕاهێنانی گرووپی شانۆی گاگەشی باوەمەر بە سەرپەرەستی بازید جەهانیفەڕ کە بەیتی سەرەمەڕی مامۆستا هەژاری هەردەم زیندوویان بە شانۆ ئامادە کردبوو، پێشکەشی ئامادەبوان کرا. مەولوود محەممەدی سەبارەت بە گاگەش و خەڵکی گاگەش شێعرێکی پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا سابیر ژاکاو زمانناس و لێکۆڵەری فەلسەفە، لەسەر پێوەندیی نێوان زمان و پەرتووکخانە باسێکی پێشکەش کرد. دواتر بە کردنەوەی پەرتووکخانەی گاگەشی باوەمەر و پێشکەشکردنی پەرتووک‌گەلی بەنرخ لە لایەن ئەنجوومەنی هیوای زانست، ئەنجومەنی ئیزەرتوو و فێرگەی کوردیی مامۆستا زیرەک، ڕیوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.