کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی کورد بۆ جاری دووهەم حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا

16:18 - 30 بەفرانبار 2719

لقی ٢ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بۆ دووهەم جار حوکمی ئیعدامی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆدا سەپاند. ڕۆژی شەممە ٢٨ـی بەفرانباری ١٣٩٨ـی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ"ـی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی "محەیدین ئیبراهیمی" لەلایەن لقی ٢ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ جاری دووهەم حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپاوە و لەلایەن کاربەدەستانی زیندانەوە حوکمەکەیان پێڕاگەیاندووە. شایانی باسە کە ئەو زیندانییە کوردە جاری پێشوو لە ڕێکەوتی ٢٩ـی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧دا لەلایەن بەشی ٢ـی دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە و بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری نیزام و بێ هەبوونی پارێزەر حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا. جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو لە دۆخێکی جەستەیی خراپدا دەژی و کاربەدەستانی زیندانی ورمێ گوشاری زۆریان بۆی هیناوە. ناوبراو خێزاندارە و لە بەندی ١٢ـی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا ڕاگیراوە.