کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لە هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان دەکا

16:20 - 30 بەفرانبار 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە لەو ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرانە دەکا کە ڕووماڵی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە بایکۆتکردنی فیستیڤاڵی فەجر و بەربوونەوەی فڕۆکە ئۆکراینیكەی دەکەن کە بە دەستی سپای پاسداران خرایە خوارەوە.. ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی بەفرانبار، "سەعیدە شەفیعی" ڕۆژنامەنووس ، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا باسی لە هەڕەشەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد بۆ سەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕووماڵی هەواڵە پێوەندیدارەکان بە بایکۆتکردنی فیستیڤاڵی فەجر و هەروەها ئەو هەواڵانە دەکەن کە پێوەندییان بە فڕۆکە ئۆکراینییکەوە هەیە کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە خرایە خوار و بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی ١٧٦ کەس لە سەرنشینەکانی. ئەو ڕۆژنامەنووسە ئێرانییە لە تویتەکەی دا نووسیویەتی: "جێگری بەرپرسیی ڕۆژنامەوانی هۆشداریی داوەتە هەواڵدەریی و ڕۆژنامەنووسەکان کە لە نووسینی هەواڵی پێوەندیدار بە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، بەربوونەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و بایکۆتکردنی فیستیڤاڵی فەجر، خۆ ببوێرن و ئەوان بەو شێوەیە دەیانهەوێ کار و ئەرکی ڕۆژنامەوانی بگۆڕن بۆ هێندێک زانیاری گشتی و لاوەکی". ناوەندیی مافی مرۆڤ پێشتریش لە بەیاننامەیەکدا باسی لە ئەزیت و ئازاری ڕۆژنامەوانانی ئێرانی کردووە و ڕایگەیاندووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەیان لێکراوە. شایانی باسە کە دوای خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، بەهۆی بەرز بوونەوەی نرخی بەنزین و بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکراینیکە لەلایەن سپای پاسداران و هەروەها بایکۆتکردنی فێستیڤاڵی فەجر، لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندان و دەرهێنەرانی بەرچاوی ئێران، ڕۆژنامەنووسان و هەواڵنێران بە دەیان جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە و خوازیاری داپۆشینی ڕووداوەکان بوون و داویان لێکردون خۆیان لە ڕووماڵکردنی هەواڵەکان ببوێرن.