کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە نێوان واقع و مودیرییەت کردنیاندا

16:57 - 1 رێبەندان 2719

ناڕەزایەتییە ناوەناوەکانی ئەم سێ ساڵەی خەڵکی ئێران دژ بە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران، جیا لەوەیکە تەعبیر لە جۆرێک لە لێبڕاوبوونی کۆمەڵگەی ئەم وڵاتەیە بەرانبەر بە نیزامی سیاسیی زاڵ و خۆسەپێن، بەڵکوو دەرخەری جۆرێک لە ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خودی ئەم کۆمەڵگەیەشە کە دەکرێ وەک بەشێک لە کەمایەسییە هەرە ئەساسییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێران سەیری بکرێ. ئەگەر لە ساڵانی پێشووتردا ئەم کەمایەسیانە لە حاڵەتی بچووک و بڵاودا دەبیندران، ئێستا بە حوکمی بەربڵاوی و بەرەدەوامتربوونی ناڕەزایەتییەکان دەشێ وەک دیاردەیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئەمڕی ئێراندا سەیر بکرێت و تا ڕادەیەک بەشێک بێت لە کولتووری ڕەفتاریی ئەمڕۆی خەڵکی ئێران. بۆیە قسەکردن لە فۆڕم و نێوەرۆکی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانەدا کە پێمان وابێ خاوەنی سەرەتا و کۆتاییەکی دیار بێ، نەتەنیا ئاسان نییە، بەڵکوو وێدەچێ درووستیش نەبێ. هەر وەک چۆن ناکرێ ڕووداوەکان بە ڕوونی پێشبینی بکرێن، هەر بەو ڕادەیەش خوێندنەوەیەکی یەکدەست و پاکەتی بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە لە ئێراندا دەکرێ دوورکەوتنەوە لە واقعەکان و بەلارێداچوونی لێ بکەوێتەوە. ئەم تایبەتمەندییە ڕەفتارییە لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا ئەگەر بەشێکی بەستراوە بە کارتێکەریی نیزامێکی ئالۆز و چڕی وەک کۆماری ئیسلامییە، هۆکارە ڕیشەیی و کولتوورییەکەی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە «فرەیی» و بەرجەستەبوونەوەی زیاتری ئەم فرەییەوە هەیە. «فرەیی»ی لە هەموو بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم کۆمەڵگە فرەچەشنەدا، بۆتە هۆی جیاوازیی ڕەفتاری و فکری کە رێی لە یەکدەستبوونی مەرام و ئامانجەکان گرتوە. حاشا لەوە ناکرێ کە زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران خوازیاری لاچوون یان لانیکەم گۆڕانی نیزامی سیاسیی ئێستای ئەم وڵاتەن، بەڵام ئەم زۆرینە زۆرە لە ڕوانینیاندا بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە و جۆری نیزامی سیاسی لە تاران، جیاوازیی ئەساسی و لێک دوور هەیە. بۆیە کە دێتە سەر کردەوە و هەڵوێستگرتن، ڕەفتارەکان یەکدەست و یەک ئاراستە نین. قووڵبوونەوەی ئەم جیاوازییانە کە هۆکارگەلی جۆراوجۆر وەک بەرزبوونەوەی ئاستی شعووری نەتەوەیی نەتەوەکانی ئێران و هەستکردن بە هەڵاواردنی مەزهەبی و بێ عەداڵەتی و ... لە پشتە، لە سەر ئاستی گشتی پێوەندیی بە ماهییەتی سیستەمی سیاسیی وڵاتەوە هەیە کە تا ئێستاش لەم جیاوازییانە بە قازانجی مانەوەی خۆی کەڵک وەردەگرێ. ئەوە بەو مانایە نیە کە بوونی جیاوازییەکان و فرەییمان لە بەستێنە جۆراوجۆرەکاندا پێ نەرێنی و بەربەست بێت، بەڵکوو قسە لە واقعیەتێکە کە پێویستە لەسەر ئاستی بزووتنەوەی سەرانسەریی بەرانبەر بە ڕێژیم و بۆ هەنگاونان بەرەو داهاتوویەکی ڕوون مودیرییەت بکرێ. کە قسەش لە «مودیرییەت» لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دێتە ئاراوە، دەستبەجێ قسە لە ڕۆڵی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات دەکرێ کە هەر ئەم باسە و چاوپۆشیکردن لە ئەکتەرەکانی دیکەی دەرەوەی ئەم بازنە لەم بزووتنەوانەدا، پێدەچێ وێنایەکی واقعی بزووتنەوەکە نەدرێ بە دەستەوە. قسەکردن لە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەم بزووتنەوانەدا(ئەگەر ڕۆڵێکیان هەبووبێ)، هەمیشە لە لایەن دەزگای سەرکوتی ڕێژیمەوە زەقکراوەتەوە و بۆ پاساوی سەرکوت و کپکردنی دەنگی ناڕازییان بەکاریان هێناوە. لەم پێوەندییەدا کاربەدەستانی سیاسی و ئەمنیەتیی ڕێژیم و بەتایبەت عەلی خامنەیی بەردەوام هەوڵیان ئەوە بووە کە خۆپێشاندەران و دەنگە ناڕازییەکان، بەستراوە بە «عوامل خارجی» و «ضد انقلاب» ناوبهێنن و بەم پاساوە هەوڵی سەرکوتکردنیان بدەن. جیا لە خوێندنەوە و ڕەفتاری ڕێژیم بۆ «ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن» لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، پێویستە ئەو واقعیەتە قبووڵ بکەین کە لە قۆناغی ئێستای خەباتی خەڵکی ئێراندا، چیدیکە ئۆپۆزیسیۆنی ئامریکا و ئورووپانشین نەتەنیا کاریگەریی ئەوتۆیان بەسەر ئەم ناڕەزایەتیانەوە نییە، بگرە تێگەیشتن و خوێندنەوەشیان لەم بزووتنەوانە هێندێکجار نا واقعی و دوورە. تێگەیشتن لەوەیکە چیدیکە بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە پێچەوانەی ڕابردوو سەیری ڕۆڵی تاکەکەس لە شکڵ و ماهییەتی «کاریزما»دا ناکەن و چاویان لە هێزێکی غەیبیی «ڕزگاریدەر» نییە، ناکرێ زۆر چەتوون بێت. بەتایبەت ئەو هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە بە دیوەکەی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئەوەندەی بیر لە داسەپاندنی ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت بەسەر کۆمەڵگەدا دەکەن و لەم چوارچێوەیەدا وێنای نیزامی سیاسیی داهاتوو لە تاران دەکەن، زۆر کەمتر پشت بە ئیرادەی خەڵک دەبەستن، ناتوانن ڕۆڵێکی ئەوتۆیان هەبێت. هەر وەک خودی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دەرەوەی وڵاتیش خۆیان ئەم حەقیقەتە باش دەزانن، ئەم باسە – بەو خەستییەی لە سەرەوە باس کرا – کوردستان و ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان ناگرێتەوە. ئەوە بەو مانایەش نییە کە پێمان وابێ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و داهاتووی ئێران و کوردستان بێ‌گیروگرفتن. ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئەم سێ ساڵەی دوایی (لە بەفرانباری ١٣٩٦ەوە تا بەفرانباری ١٣٩٨) لە ڕوانینی یەکەمدا ڕەوتێکی تایبەت لە قۆناغێکی نوێی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێ؛ مەودای ناڕەزایەتی دەربڕینەکان تا دێ کەمتر و کەمتر دەبنەوە، لە ڕووی پانتایی جوغرافیاییەوە خۆپێشاندانەکان بەرین و بەرینتر بوونەتەوە، درووشمەکان پێکهاتەشکێن و ڕادیکاتر لە ڕابردوون و ڕوویان لە هەموو لایەنەکانی نێو دەسەڵاتە بە بناژۆخواز و رێفۆرمخوازەوە و هەزینەکان قورس و خوێناویترن. لە بەرانبەردا دەزگاکانی سەرکوتی رێژیم دڕتر لە جاران بەوپەڕی دڕندەییەوە خەڵک دەکوژن، داواکاریی خۆپێشاندەران نەتەنیا گوێیان لێ ناگیردرێ بەڵکوو خودی خۆپێشاندەران بە داردەستی وڵاتانی بێگانە دەزاندرێن و لە هەموو خراپتر ڕێبەری ڕێژیم، عەلی خامنەیی ڕاستەوخۆ پێی وتن کە ئەوانە ئێرانی نین! داهاتووی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە هەر وەک پێشتریش باسمان کرد، پێشبینی کردنیان ناتوانێ ئاسان بێ. بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا ڕوونە و دەکرێ لە سۆنگەیانەوە لێکدانەوە بۆ داهاتوویەکی لێڵ و ناڕوون بکرێ ئەوەیە کە؛ یەکەم؛ ئەم ڕەوتە لە خەباتی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران ناوەناوە هەر دەچێتە پێش و بەردەوام دەبێت. دووهەم ئەوەیکە لە سەر ئەقڵییەتی سەرسەختانەی عەلی خامنەیی و پشت بەستنی بە سپای پاسداران، بیستنی دەنگی خەڵک لە لایەن ئەم ڕێژیمەوە نامومکینە. ئەم قۆناغە لە گەڵ ئەوەیکە تەمەنێکی کورتی دەبێ، بەڵام پڕ دەبن لە ڕووداوی ئاوس بە گۆڕانکارییەکی بنچینەیی. ئەمە ئەو تەسویرە گشتی و بەرچاوەیە کە دیتنی زۆر سەخت نییە. بەڵام وێنا چەتوونەکە ئەو واقعیەتە هێشتا نادیارەیە کە لە کۆی تەواوی ئەم ڕەفتارە پڕ لە فرەیی و جۆراوجۆریەوە درووست دەبێ. ئێران وڵاتێکە پڕ لە پێناسەی ئاڵۆزی پێکهاتەی نەتەوەی و مەزهەبێ کە هیچکام تا ئێستا نەیانتوانیوە ڕەوتی ئاسایی خۆیان لە دۆخێکی ئاسایی دا بپێون. هەموو ئەم تایبەتمەندییە فرەییانە بارگاوی بە دەیان ساڵ لە سەرکوت و هەڵاواردن کە لە کۆتاییدا توانیویانە لەژێر هژموونی ڕەوتێکی دیکەی سیاسی-نەتەوەیی‌دا خۆ لە ئاسمیلەبوون ڕزگار بکەن. ئەم وڵاتە کە مەوقعیەتێکی شازی جوگرافیایی هەیە لە خانەی شەڕی بەرژەوەندیی زلهێزە جیهانییەکاندا، کارتێکی پڕ لە رەمز و ڕازی کایە ناوچەیی و جیهانیەکانە. بۆیە ناکرێ تەنیا بە ڕوانینێکی ڕووکەشانەوە، زۆر خۆشبینانە لە دەلاقەی چەند دروشمێکی خۆپێشاندەرانەوە قسە لە داهاتووی ئێران بکرێ.