کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی ئێران بەرەو کوێ دەبا؟

17:15 - 1 رێبەندان 2719

چل ساڵە بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی لە ئێران و بە تایبەت لە تاران بووەتە ڕێوڕەسمێکی سیاسی. لە تەواوی ئەو ساڵانەدا دەسەڵاتدارانی ڕێژیم هەوڵیان داوە لە کۆبوونەوەی خەڵک لە بەڕێوەبردنی ئەرکی ئایینیی خۆیان لە نوێژی هەینیدا، بە مەبەستی سیاسی و ڕاهێنان و هاندانی خەڵکی نوێژکەر بۆ پشتیوانی بەرنامە و پیلانەکانیان کەڵک وەرگرن. بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن دەزگایەکی تایبەت سەر بە ڕێبەرەوە بۆ هەر هەینییەک ڕیزە بابەتێک بڕیاری لەسەر دەدرێ و پێشنوێژەکان دەبێ لە خوتبەی پێش نوێژدا باسی بکەن. لەم نێوەدا ڕەنگە هێندێک شار دیارتر بووبن، بەڵام تاران و نوێژی هەینییەکەی کە بە زۆری لە زانکۆی تاران بەڕێوە دەچوو سەرنجڕاکێشتر بووە لەوانی دیکە. پێشنوێژی تاران یا کەسێکی دیار بووە لەنێو ئاخووندەکاندا یا بەپێی پێویست ڕێبەر یا کەسێکی دەستنیشانکراوی ئەو و بە مەبەستی تایبەت و لە کاتی تەنگانەیەکی سیاسیدا ئەم ئەرکەی بەڕێوە بردوە. ماوەی هەشت ساڵ بوو خامنەیی نەچووبووە پشت ئەم تریبوونە، هەتا چەند ڕۆژ پێش دوایین هەینی بەفرانبار، ڕاگەیەندرا کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێشنوێژی ئەم هەینییە دەبێ. بێگومان پرسیارێکی زۆر لای خەڵک و چاوەدێران دروست ببوو کە دەبێ چ پەیامێکی نوێ کە کاریگەری هەبێ لەسەر پێویستی گۆڕانکارییەکان لەلایەن ڕێبەرەوە بڵاو بێتەوە؟ وەزعی نالەباری ڕێژیم، فشارە دەرەکییەکان و دەستەوەستانیی ڕێبەر لە بەرامبەریاندا و گرینگتر لە هەمووان پەرەگرتنی ڕۆژ لەدوا ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە سەر شەقام و لە شارە گەورەکان و بەپێی دروشمەکان بە چالش کێشانی ڕاستەوخۆی ڕێبەر و نیزامەکەی لە لایەن ئەو خەڵکەوە، درێژەدان بە جینایەتەکانی سپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکەی ڕێژیم کە تەنیا لە دوو ڕۆژی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا زیاتر لە ١٥٠٠ کەسیان کوشت و بە هەزارانیشیان بریندار و دەسبەسەر کرد و بوو بە هۆی زیاتر بوونی تووڕەیی خەڵک، برینداربوونی دڵی میلیۆنان ئێرانی و هەست بە شەرمەزارییان لە ئاست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن پەدافەندی مووشەکی سپای پاسداران و گیان ئەستاندنی ١٧٦ مرۆڤ کە زۆربەیان ئێرانی و کەسی شیاو و پێگەیشتوو بوون، و زۆر کێشەی دیکە ئەو چاوەڕوانییەی تەنانەت لای دەوڵەتەکەیشی دروست کردبوو کە ڕەنگبێ بە فەرمانێکی نوێ ڕێی چارەسەری کێشەکانیان نیشان بدا. ٢٧ی مانگ و کاتی نوێژی هەینی گەیشت و ڕێبەر لە سەکۆی خەتابەتدا قسەکانی دەست پێکرد. هەر زوو دەرکەوت کە بەردەنگی ئەو، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و چاوە زەقبووەکانی دنیای دەرەوە نین کە بزانن چ گۆڕانێکی نوێ لە سیاسەتی ڕێژیمدا هاتوەتە ئاراوە هەتا لە زمان ڕێبەرەوە بیبیسن و چۆنیەتیی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکانی تێدا ببیننەوە. بەردەنگی قسەکانی ڕێبەر تەنیا ئەو چەند هەزار کەسە بوون کە فشارەکانی دەرەوە و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و دەستەوەستانیی ڕێبەرانی نیزام، ترسی خستووەتە دڵیان کە درەنگ یا زوو کۆشکی هیواکانیان دادەڕمێ و جێگە و پەنایەکەیان بۆ نامێنێتەوە هەتا مەدحی کۆماری ئیسلامی تێدا بکەن. بۆ بەشەکەی دیکەی خەڵکی ئێرانیش کە لەبەر چاوی ئەودا چەند سەد کەسێکن هەڕەشە بوو بۆ لە نێوبردنیان. باسەکانی خامنەیی لە چەند تەوەرێکدا کۆببۆەوە کە هەمووی ڕوو لە دەورەوە بوو. ئەمریکا، وڵاتانی ناوچە، ئازایەتییەکانی سپای قودس و هێرشی مووشەکی. بەمجۆرە ناوبراو خۆی دزییەوە لە باسکردن لە سەرەکیترین کێشەکانی نێوخۆیی کە بوونەتە بەڵا بۆ گیانی نەخۆشی ڕێژیمەکەی. خامنەیی بە پێداهەڵگوتن بە سپای قودسی پاسداران و بەخشینی نازناوی قارەمانانی بێسنوور و پێداهەڵگوتن بەو شەڕانەی لە وڵاتانی ناوچە وەک لوبنان و سووریە و یەمەن و عێراق هەڵایساندوون مەبەستی بوو بەهێزیی خۆی لەوێوە بە چاودا بداتەوە. شەڕێک کە خۆی دانی پێدادەنێ کە بۆ دوورخستنەوەی شەڕ لە ئێراندا بووە. بە مانایەکی دروست بەکوشتدانی دەیان هەزار کەس و ماڵوێرانکردنی بە میلیۆن کەسی دیکە لەو وڵاتانە بۆ دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە خۆیان و لە ماڵی خۆیان بووە نەک بۆ ڕزگاربوونی ئەو وڵاتانە لە چنگ ئیستێکبار. ئاغای خامنەیی لە حاڵێکدا باسی سپای قودس وەک نیهادێکی ئینسانی بە ئەنگیزەی ئینسانییەوە دەکا کە هەموو دنیا شاهیدن کە ئەم نیهادە ئینسانکوژە بۆ ڕاگرتنی نفووزی کۆماری ئیسلامی و دۆستەکانی لە ناوچەدا چ بەڵایەکی بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانە هێناوە و چۆن فەرماندە کوژراوەکەی بە بکوژی منداڵانی سووریە ناوی دەرکردوە. جەنابی ڕێبەر لە حاڵێکدا شانازیی بە لێدانی مووشەکی پایگایەکی ئەمریکایی لە عێراقدا دەکا _کە کەمترین خەساریان وێکەوت_ کە بە لێدانی بە ئەنقەستی فڕۆکە مەدەنییەکەی ئۆکراین خەسارێکی زۆری گیانی و ڕۆحی لە خەڵکی ئێران دا و زیانێکی زۆری بە ئێعتباری ڕێژیمەکەشیان لەبەر چاوی خەڵکی دنیا گەیاند. بەڵام بە دەربڕینی ئەسەفێک بە سەریدا تێدەپەڕێ و ئەمەش دەکاتە بەهانەیەکی دیکە هەتا وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت ئەمریکا و خەڵکی ناڕازی ئێران وەبەر پەلامار بدا. لەوێشەوە دەپڕژێتە سەر مەسەلەی بەرجام و هێرش بۆ سەر سێ وڵاتی ئورووپایی کە بوونەتە دواکەوتەی ئەمریکا و هەڕەشەی ئەوەشیان لێدەکا کە ئەمریکا چیی پێکراوە هەتا ئێستا ئەوان بتوانن بیکەن. بەم ڕوانین و دەربڕینەوەیە کە هەموو لایەک هەست بە تێکشکاویی دەروونیی ڕێبەری نیزام دەکەن و دەزانن کە ڕێگەی فریودانی لێ بەستراوە و چیدیکە ناتوانێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە لاڕێدا بەرێ. هەر بۆیە تەنیا یەک ڕێگە لەبەر دەم خۆی و لاینگرانیدا دەبینێتەوە کە خۆبەهێزکردنە. ئەویش نەتەنیا بە هێزی نیزامی بەڵکوو بە هێزی ئابووریش. سەیر ئەوەیە ڕێبەر لە حاڵێکدا ئەم فڕوفیشاڵانە دەرخواردی لاینگرانی دەدا کە تەنانەت خۆیشی دەزانێ ئابووریی وڵات کەوتوەتە چ قۆناغێک لە داتەپین و ئەوان تازە توانای ڕاگرتن و هەستاندنەوەیان نەماوە. لەوەش گەڕێین کە ئابووریی وڵات بە هۆ و پشتیوانی خەڵکەوەیە کە دەتوانێ لەو هەموو قەیرانە ڕزگاری بێ و ئەوەی ئێستا خەڵک دەیانەوێ لە چنگی ڕزگاریان بێ ڕێبەر و نیزامەکەیەتی کە هۆکاری بەردەوامیی ماڵوێرانییەکانی ئێران و خەڵکەکەیەتی. ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوەی کە لە مەیدانی ڕاستەوخۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیان ڕۆیشتنی ڕێبەر و نیزامەکەی بە یەکەوە داوا دەکەن. بێگومان مانەوەی خامنەیی دەتوانی ئێران بەرەو دنیایەکی تاریکتر بۆ ئێرانییەکان پاڵ پێوەنێ و هەر بۆیە خەڵک ڕزگاربوونی خۆیان لە دەربازبوون لە داوی خامنەیی و ڕێژیمەکەیدا دەبینن.