کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسان لێدانەوەی قەوانە کۆنەکە

17:18 - 1 رێبەندان 2719

ڕووداوەکان لەو ماوەیەدا هیچ بە دڵی کۆماری ئیسلامی ناچنە پێشێ و خۆری هیوای ڕێژیم پتر لە هەموو کاتێک ڕوو لە ئاوابوونە. مەیتگێڕییەکەی دەزگای پڕوپاگندەی کۆماری ئیسلامی کە بە مەبەستی هەڵخڕاندنی هەستی ئایینی و بگرە نیشتمانیی خەڵکی ئێران و، پاشان نیشاندانی ڕەواییەتی نەبووی خۆی بەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تابووتی سولەیمانی وەڕێی خستبوو، زۆری بڕ نەکرد. بینیمان کە لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی دوای بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە یەکەم شت ئەوە وێنە و بیلبوردەکانی قاسم سولێمانی بوون کە شڕودڕ کران و سووتێندران، دواتر ئەوە خودی خامنەیی وەک تروپک و مەرجەعی دەسەڵات بوو کە دروشمی زۆر توند لەدژی درا و جارێکی دیش دەرکەوت کە ڕێژیم مانەوەی تا ئێستای نەک لە سۆنگەی ڕەواییەتی خەڵکی؛ بەڵکوو بەهۆی دەزگای سەرکوت و بە زەبری چەک بووە. پرسی گرینگ ئەوەیە کە کەڵەکەبوونی ویست و داواکانی خەڵک لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە ئاراستەیەکی دیکەی بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان داوە و ڕاپەڕینی خەڵک لە ناکارامەیی دەسەڵات و وەڵامنەدانەوە بە داوا ژیانەکییەکانی خەڵك، خەریکە مەسیری سەرهەڵدانەکان بەرەو شۆڕشێکی دی ببا. قەیرانی ئابووری وەک دیارترین فاکتەری ناڕەزایەتییەکان لە ئێستادا شتێک نییە حکوومەت بتوانێ یان تەنانەت بیەوێ لێی دەرباز ببێ. بودجەی ساڵی 1399 خۆی ئاوێنەی هەموو ڕاستییەکانە. بودجەیەک کە هەر لە ئێستاڕا تەنانەت ئابووریناسانی سەر بە حکوومەت پێشبێنی دەکەن سەدان هەزار میلیارد تمەن کورتی بێنێ و دەوڵەت بۆ قەرەبووکردنەوەی ناچارە قەرز بکا، یان مڵک و داراییەکانی بفرۆشێ بۆوەی بتوانێ مووچەی کارمەند و خانەنشینکراوەکان بدا و، دواجار باج و ماڵیات لەسەر خەڵک و کەرتی وەبەرهێنان زیاد بکا کە دوائاکامی هەموو ئەوانە هەرەسهێنانی زیاتری ئابووریی وڵات و لەو سۆنگەیەشەوە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و ڕادیکالیزەبوونی ویست و داواکانیانە. سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیمیش ئاهی بەبەرەوە نەماوە. ئەوەی لە سووریە و عێڕاق ڕوو دەدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسیی ڕێژیمە. پاشگەزبوونەوەی ئێران لە دەروەستییەکانی «بەرجام»یش دواجار هاوبەشە ئورووپاییەکانی ڕێژیم ناچار دەکا سیاسەت و ڕوانگەیان بەنیسبەت ڕێژیم بگۆڕن و بیانەوێ و نەیانەوێ بە لای ئەمریکادا بشکێنەوە. ئەگەرچی بریتانیا، فەڕانسە و ئەڵمان ڕایانگەیاندوە کە نایانەوێ لە ئێستادا پەروەندەی ئێران بنێرنە شووڕای ئەمنییەت _کە لەگەڵ ناردنی بێ سێ‌ودوو گەمارۆکانی دژی ئێران دێنەوە جێی خۆیان_، بەڵام خۆی چالاک کردنی میکانیزمی پەلاپیتکە، واتا میکانیزمی چارەسەری ناکۆکییەکان وا دەکا ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم نەتوانێ چاودێریی بەسەر بەرنامە ئەتومییەکانی ئێراندا بمێنێ؛ هەروەها بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە دژی ئێران لە ماوەی سێ مانگدا دێنەوە جێی خۆیان. بەوەش قۆناغێکی دی لە گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێدەکاتەوە. چوار دەیە ئەزموونی کۆماری ئیسلامی و لێکەوتەی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لەسەر ئەمنیەت و سەقامگیریی نێوخۆی وڵات و وڵاتانی ناوچە، چوار دەیە سپۆنسەری کردنی تێرۆریزمی دەوڵەتی، هەناردەی شۆڕشی شیعەگەری و قەیرانخوڵقێنی لە وڵاتانی دراوسێ، چوار دەیە سەرکوتی هەرچەشنە ماف و ئازادییە بەرحەق و ڕەواکانی خەڵکی ئێران پێمان دەڵێن هەڵکردنی کۆمەڵگەی جیهانی، بەتایبەت وڵاتانی زلهێز و خاوەن‌بڕیاری جیهان لەگەڵ ئەم ڕێژیمە بەتەمای گۆڕانی ڕەفتارەکانی بێ‌کەلکە و کات بەفیڕۆدانە. پێمان دەڵێن سیاسەتی دیالۆگی ڕەخنەگرانە و مماشاتی کۆمەڵگەی جیهانی چ لە ڕەهەندی سیاسەتدا و چ لە بواری بازرگانی و ئابووریدا قازانجەکەی هەر ڕێژیم بردوویەتی و تەنانەت لە هیندێک بڕگە و قۆناغی مێژووییدا بووەتە هۆی خۆگرتنەوە و هێزمەندبوونی ئەم ڕێژیمە لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکاری و ڕووداوانەی لە نێوخۆی وڵات بەدژی ڕێژیم بەڕێوە بوون. پێمان دەڵێن کە وڵاتانی دنیای ئازاد کاتیەتی لە بری ڕێژیم و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕەفتاری ئەم ڕێژیمە کە ناگۆڕدرێ خەڵک هەڵبژێرن، دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک ببیستن و بەهێندی وەربگرن و؛ لەجیاتی دەرفەتدانەوە بە ڕێژیم لەژێر ناوی گەڕانەوە بۆ دانوستان و لەڕاستیدا بۆ خۆبەهێزکردنەوەی لەڕووی ئابووری بۆ بەردەوامییان لە سیاسەت و ئایدۆلۆژییە ناسەردەمیانەکانیان پشتی خەڵک بگرن. یان تەنانەت ئەگەر لە گۆڕینی ئەم ڕێژیمەدا لەگەڵیان نین، لەم کات و ساتە چارەنووسسازەشدا دەرفەتی هێزمەند بوونەوە بۆ ڕێژیم نەڕەخسێنن. وردبوونەوە لە قسەکانی خامنەیی لە نوێژی هەینیی ئەم حەوتوویەشدا پێمان دەڵێن تەمای گۆڕان لە کۆماری ئیسلامیدا چەند دوور لە چاوەڕوانییە. خامنەیی لە کاتێدا چووە پشتی تریبوونی نویژی هەینی کە ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە وڵات بەردەوام لە پەرەسەندندان، زیاتر لە 1500 کەس لە ڕەوتی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەردا کوژراون، کارەساتی بەردانەوەی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە خەڵکی تازیەبار کردوە، سەرباری قەیرانی ئابووری کە هەموو وڵاتی داگرتوە لافاو و بوومەلەرزەش دەردی سەر باری دەردان بۆ خەڵکی چەند ناوچەیەکی وڵات بووە؛ بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی ئاوڕێک لە ویست و داواکانی خەڵک بداتەوە، هاوخەمییەک لەگەڵ خەڵکی لافاولێدراوی خوزستان و سیستان و بەلوچستان و قوربانییانی ڕووداوەکەی فڕۆکە ئۆکڕاینییە بکا، باس لە گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی خەڵک لە بەرنامەکانی حکوومەتەکەیدا بکا؛ دیسان قەوانە کۆنەکەی لێ دایەوە. لە ڕوانگەی ڕێبەری ڕێژیمەوە ئەوانەی دێنە سەر شەقام و داوای مافەکانیان دەکەن و بە سەدان کەسیان لێ دەکوژن و بە هەزاران کەسیان بەند دەکەن خەڵک نین، فریوخواردووی دوژمنانن! ئەوانەی وێنەکانی قاسم سولەیمانی دادەگرن و لەگەڵ هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکڕاینییەکە داوای وەڵامدانەوەی لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەن خەڵک نین، شوێنکەوتووی نەیاران و میدیا بیانییەکانی دژبەری ڕێژیمن!  ڕێبەری ڕێژیم جارێکی دیکەش بێ ئەوەی هەست بە هیچ بەرپرسایەتییەک لە بەرامبەر بارودۆخی کارەساتباری وڵات و بەشمەینەتیی خەڵک بکا کە بەرهەمی سیاسەتی چەوتەکانی خۆیانە، پەنای بردە بەر دەقە پیرۆزەکان و خۆی لە جێی حەزەرەتی مووسا دانا و گوتی خەڵک دەبێ بەسەبر و شوکرانەبژێر بن! هاوکات لە ڕوانگەی ئەوەوە باشترین بژێرە بۆ ئەم بارودۆخە ئەوەیە کە ئەوان دەبێ بەهێزتر بن، بەو مانایە کە سەرچاوە و سامانی گشتیی وڵات پتر بخرێتە خزمەتی پڕۆژە نیزامییەکانی ڕێژیم و؛ بودجەی زیاتر بۆ هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و گرووپ و میلیشیاکانی سەر بەوان تەرخان بکرێ کە لە وڵاتانی ناوچەدا شەڕی نیابەتییان بۆ دەکەن! لەمڕۆدا چاوەڕوانیی بەجێی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە وڵاتانی ئورووپایی دەست لەو ڕێژیمە بشۆنەوە و چیدی دەرفەت بە ڕێژیم نەدەن لە ناکۆکیی نێوان ئورووپا و ئەمریکا بژیو وەربگرێ. کاتێک خامنەیی بە پێشخزمەت و نۆکەری ئەمریکایان دادەنێ و تەنانەت بە دەستەواژەی وڵاتانی «حەقیر» سووک و چرووکیان دەکا؛ فۆڕجەدان بەوە ڕێژمە لەژێر ناوی دیپلۆماسی و وتووێژ بە مانای دەرفەتدانە بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئەتککردنی هەموو ئەو بەها و بایەخانەی کە دنیای ئازادی دەرەوە جاڕی دەدەن. کۆمەڵگەی جیهانی کاتیەتی دەنگی خەڵکی ئێران ببیستێ و بێتە پشتی. کاتێک کە ناڕەزایەتییەکان لە ماوەی زەمەنیی 10 ساڵ جارێکەوە بۆ چەند مانگ جارێک وەڕێ دەخرێن و کاتێک دروشمەکان جار بە جار ڕادیکاڵتر و بەئاراستەی ڕووخان و نەمانی ئەم ڕێژیمە دەدرێن، کاتێک پێ‌بەپێی سەرکوتی توند خەڵک و خۆپیشاندەران بوێرتر و شۆڕشگێرتر دێنەوە پێشێ، ڕوونە کە داهاتوو بۆ کێیە