کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەمانی قاسم سولەیمانی و دۆکتورینی مەهدی

13:34 - 16 رێبەندان 2719

کاتێک کە لە شەوی پێنج‌شەممە، ٢ی ژانویە، دیمەشقی بەرەو بەغدا جێهێشت، قاسم سولەیمانی سەری لە فەلەک دەدا. وەک ڕێبەری سەربازی، سەرۆکی ستراتێژیست و ڕوخساری کاریزماتیکی ئەوەی کە ناوبراو وەک ئیمپراتوورییەکی لە حاڵی سەرهەڵدان و مەزنی جیهان سەیری دەکرد، هەموو شتێکی هەبوو: پرێستیژ، دەسەڵات، حزوور. نە تەنیا ئەو فەرماندەی هێزی سەربازیی سەربەخۆی ئیمپراتوورییەکە بوو، بەڵکوو ئەو شتێک کەمتر لە دەنگی ئەڵڵا بۆ ڕێبەرانی ئەو نەتەوانە نەبوو کە بەو زووانە قەرار بوو لەو ئیمپراتوورییەدا بتوێنەوە: عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و سینا. ئەگەرچی هیچ کەس هەرگیز بەو شێوەیە باسی نەکرد، بەڵام ئەو، لە ڕاستیدا شازادە نوێکەی پارس بوو و، ئەو چەکوچۆڵەی کە لەبەر دەستیدا بوون! جگە لە جبەخانەی لە ڕادەبەدەری چەکی ئاسایی، ڕێژەی مووشەکی هەنگێو بەرەو زیادبوون بوو، لەشکرێک هاکەری بێ‌بەزەیی گەلێک لێهاتوو، تەنانەت ژێر دەریایی و بەم زووانە نووکە مووشەکی ئەتۆمیش. لە باکوور و باشووری قیزەوەنترین دستدرێژیکەری دنیا، ئەگەرچی هێندە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات نا، سولەیمانی وردە وردە زەختی دەخستە سەر پێکهاتەی زایۆنی، چەقی سەرنجی ڕەوانی و سەربازی بە دنەدانی جیهادییەکان لەنێو سنوورە فرەخوازانەکەیدا، لە چاوەڕوانیی باشترین هەلدا، بەلاڕێدا دەبرد، تا کاتێک کە هۆشی لەخۆی نەما لە باکوورەوە بە جبەخانەی ١٠٠ هەزار مووشەکی دڵی بکاتە ئامانج. لە کاتی خۆیدا، مووشەکی بێ‌تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو قەڵغانی پارێزەری زایۆنی بەخۆیانەوە مەشغووڵ دەکا. ئەو قەڵغانە پێش بە زۆر لەوان دەگرێ بەڵام هەموویان نا. پاشان، لە کاتی گونجاودا، مووشەکی هەنگێو بەڕێ دەکرێن، کە بۆ هەنگاوتنی پێگە سەرەکییە سەربازییەکان و لە هەمووی باشتر، ناوەندە پڕ حەشیمەتەکان میزان کراون. ڕەنگبێ، تەنیا ڕەنگبێ، ئیشەڵڵا، یەکێک لەو مووشەکانە نووکەکەی ئەتۆمی دەبێ. لە کاتێکدا کە زایۆنیستەکان بە ژانەوە لەنێو هەورە کارگینەکەدا دەمرن، جەهەننەم هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، تەنانەت هەموو دنیاش. ئەوە سەروبن بوونێکی کارەساتبار بەڵام خراپییەکی پێویستە، چونکە هەر وەک پێشبینی کراوە، ڕزگاریدەری چاوەڕوانکراوی جیهان کە زۆر لەمێژە چاوەڕێین، دوای بزربوونێکی چەندین سەدەیی سەر هەڵدەدا. ئیمام مەهدی دەگەڕێتەوە، تا خەلافەتی جیهانیی ئاشتی بێخەوش، هەڵبەت ئاشتی ئیسلامی، دامەزرێنێ. لە ڕۆژی دووهەمی ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا پێی دەڵێن ساڵی نوێ، سولەیمانی تازە لە کۆبوونەوەی بەیرووت، لوبنان، لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵڵا، سەرۆکی بێ‌ڕکابەری حیزبی خودا، حیزبوڵڵا و، یەکێک لە گرینگترین ڕەعیەتەکانی گەڕابۆوە. لەو چاوپێکەوتنەدا، کە بە پێی نەریت وێنەی لێ هەڵگیرا، سولەیمانی، بۆ جارێکی دیکە، میواندارییە خاکەڕاییەکەی “سکرتێری گشتی”ـی قەبووڵ کرد. ئەوە بە هەمان شێوە بۆ ژێنڕاڵی پایەبەرزی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش جێگای دڵخۆشی بوو. فڕینەکە لە دیمەشقەوە تەنیا کاتژمێرێک و پێنج خولەک بوو، بەڵام دوا کەوتبوو. بە گوێرەی ڕاپۆرتی “میدڵ‌ئیست‌ئای”، فڕۆکەکە کاتژمێر ١٢:٣٢ی بەرەبەیانی بە کاتی بەغدا نیشت. ئەو چاوەڕوانی کۆتایی حەوتوویەکی خۆش لەنێو ناوچەی سەوزی بەغدا بوو. سولەیمانی لە لایەن سەرۆکی هێزی میلیشیای عێراقی، ئەبوو مەهدی موهەندیس کە دەگوترێ “هاوپەیمانێکی لەمێژینە و دۆستی نزیکی بووە” پێشوازیی لێکرا. تەنیا زیاتر لە کاتژمێرێک دواتر، دوای تێپەڕینی کەمتر لە دوو کاتژمێر لە سێهەم ڕۆژی ژانویە، سولەیمانی، موهەندیس و هاوڕێکانیان فرۆکەخانەی بەغدایان لە دوو ئۆتۆمبێلدا، هیۆندایەکی ستارەکس و تۆیۆتایەکی چواردەرگای ئاڤالۆن، جێهێشت. کاتێک کە گەیشتنە شەقامی دەرەوەی فڕۆکەخانە، هەردوو ئۆتۆمبێل بەهۆی مووشەکی هاوێژراو لە فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی ئەمریکاییەوە لە جۆری ڕیپەر ، فڕۆکەیەک کە لە ڕێگای دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێ و لەلایەن سپای وڵاتە یەکگرتووەکانەوە وەک “ڕاوچی کوشەندە” باسی لێوە دەکرێ، لەت بە لەت کران. مردنی گشت سەرنشینەکانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە دەستبەجێ بوو. پاشماوەی کەلاکەکان بە شێوەیەک هەنجن هەنجن کرابوون کە کوژرانی سولەیمانی بە پەنجە دەستێک کە هێشتا کاری دەکرد و ئەنگوستیلەیەکی زێو بە نەقیمەیەکی گەورەوە لە قامکێکیدا پشتڕاست کرایەوە. لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییانەوە، ڕووداوەکانی دوای کوژرانی سولەیمانی وەک سیرکێکی هەرزانبایی دەچێ کە هەموو شانۆکارییەکانی تێکچوون. دەیڤید وود، لێکدەرەوەیەکی یووتیووب لە بەرنامەی “با هەموو ئەوانە تێکهەڵکێش بکەین”؛ بەو شێوەیە دەدوێ: “لە ٣ی ژانویە، ژێنڕاڵ قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەواندا کوژرا. لە ٧ی ژانویە، ٥٦ ئێرانی کوژران و پتر لە ٢٠٠ کەسی دیکە بریندار بوون کە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی سولەیمانیدا کەوتنە بەر پێیان. لە ٨ی ژانویە، ڕێبەری ئێران وڵامی کوژرانی سولەیمانی بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر دوو پێگەی ئەمریکا لە عێراق دایەوە، بەڵام ... کەس نەکوژرا. هەروەها ٨ی ژانویە، سپای ئێران فڕۆکەیەکی ئۆکراینی بەردایەوە کە لە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستابوو، کە کوژرانی ١٧٦ کەسی لێکەوتەوە. لە ١١ی ژانویە، دوای سێ ڕۆژ نکۆڵیکردن لە خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە ... ئێران ددانی پێدانا کە فڕۆکەکەی خستۆتەوە خوارەوە.” “کەوابوو، لە وڵامی کوشتنی پیاوێک لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، ئێرانییەکان بە پێشێلکاری و مووشەکی دژە فڕۆکە ١٣٨ ئێرانی و ٩٤ کەسی دیکەیان کوشت، لە کاتێکدا هیچکامیان ئەمریکایی نەبوون. نازانم ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵام من خەریکە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئێرانییەکان لەوانەیە لە شەڕدا باشترین نەبن. “ئای، ئەوان ژێنڕاڵێکیان کوشت. دەبا لە شەقامەکان یەکتر بخەینە ژێر پێ تا یەکتر دەکوژین و بەهەڵکەوت فڕۆکەیەک بەردەینەوە.” وود دەڵێ: “من پێیان ڕادەبوێرم. چونکە کاربەدەستانی ئێرانی هێندە نالایقن، ئومێدی ئەوە هەیە کە خۆپیشاندەران، کە دەیانهەوێ دەسەڵاتداران بڕووخێنن، بتوانن سەرکەون. وێدەچێ سەردەمی ئایەتوڵڵاکان کۆتایی پێبێ.” ئەوەی کە ڕێبەرانی ئێران قەشمەری بێدەدان بن بۆچوونێکی دڵخۆشکەرە بەڵام هەڵەیە. هیچ نەبێ، کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێک مەترسیدارترە. هەر وەک دەستکەوتەکانی سولەیمانی لە دروستکردنی ڕایەڵەیەکی ناوچەیی لە تێرۆریستی بەکرێگیراو دەیسەلمێنێ، بە تێکنۆلۆژیی سووتەمەنی کە بۆ چەکی ئەتۆمی دەبێ، بە سیستمی مووشەکیی پێشکەوتوو و یەکەی شەڕی سایبەری لە ئاستی جیهانیدا، ئێران خاوەنی هەموو ئەوانەیە، کە بە کوژرانی سولەیمانی هیچکامیانی لەکیس نەداوە. ئێران کە بە ئێعدامی سولەیمانی و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان بریندار بووە، هەڕەشەکەی بۆ سەر خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و دنیا نەوەک کەم نەبۆتەوە بەڵکوو زیاتر بووە. بێگومان لە وتەکانی ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری ژێئۆپۆلیتیک جاناتان سپایەر دەردەکەوێ کە دەڵێ: “وا چاوەڕوان دەکرێ کە ئەوان هەر چی لە توانایان‌دایە و بە هەموو شێوەیەک ڕێژیمەکەیان بپارێزن.” بۆچی؟ لەبەر سێ هۆی سەرەکی: مەهدی و سەرهەڵدانە پێویستەکەی، مەهدی و ئێران وەک ڕێخۆشکەری دەرکەوتنەوەی دووبارەی، مەهدی و بێزاریی خۆڕسکی تاران بەرامبەر بە ئیسڕائیل. لەو ڕۆژەدا کە سولەیمانی کوژرا، ڕێبەری گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، لە تویتێکدا نووسی؛ “ئێمە پیرۆزبایی بە مەهدی (عج) و ڕووحی پاکی سولەیمانی دەڵێین و سەرەخۆشی لە نەتەوەی ئێران دەکەین بۆ ئەو شەهادەتە مەزنە.” ئیمام مەهدی کێیە و بۆچی خامنەیی لە ڕۆژی کوژرانی سولەیمانیدا پیرۆزبایی لە ئەو دەکا؟ بەکورتی، ئەو مەسیحی ئیسلامە، ئیمامی دوازدەهەم کە جێگرەوەی محەممەدە. دەڵێن لە ساڵی ٨٧٩ی زایینی لەدایک بووە، لە ڕوانگەی موسڵمانانی شیعەوە ئیمام مەهدی هێشتا زیندووە، بەڵام خۆی لە مرۆڤان شاردۆتەوە، “غەیبەتی کردوە” تا دووبارە لەسەر زەوی دەرکەوێتەوە، تەنیا دەرکەوتنەوەی دووبارەی ئەو دەتوانێ مرۆڤ ڕزگار بکا، لە ڕاستیدا، پارێزەری سەردەمی ئاشتی جیهانییە، ئاشتیی ئیسلامی، واتە ئاشتییەک کە لەوێدا گشت مرۆڤێک ملکەچی خودا و قورئانە. ئەوە بۆ کەسێکی ڕۆژئاوایی وەک شتێکی شێتانە دەچێ، ئەو باوەڕە مەسیحاییە، بە گوێرەی دامەزرێنەرانی، هۆی سەرەکیی بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ئەوە بە هەمان شێوە بناغەی سیاسەتی سەربازی و دەرەوەی تارانە و؛ هەرچەندە پێداگری لەسەر ئەو وەفادارییە خۆڕسکەی ڕێژیمی ئێران بەو باوەڕەوە بکەی کەمە. لە گشت کۆبوونەوەیەکی گشتیدا، سیڤیل بێ یا سەربازی، لە ئیمام مەهدی دەپاڕێنەوە. ئەو سەرچاوەی تاقانەی ئیلهامە بۆ گشت سیاسەتێک، گشت تاکتیکێک، سەرجەم مەئمورییەتێک، بێگومان، ئەو تەنیا هۆی بوونی ڕێژیمە و لەبەر ئەوە، تاقە هاندەری بێ‌ئەملا و ئەولایە بۆ داهاتووەکەی. ئەو ڕاستییانە بۆ ئەو کەسانەی کە پێیان وایە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە نیشانەی ڕووخانی ڕێژیمی مەلاکان بەم زووانەیە، هەواڵی دڵخۆشکەر نین. ماڵپەڕی فەرمیی خامنەیی پڕە لە ئامۆژگاری لەبارەی ئیمام مەهدی، لە نێویاندا ڕێبەری گەورە باسی ئەوە دەکا کە بە باوەڕی وی ئیمام مەهدی بەم زووانە دەردەکەوێ. خامنەیی نووسیویەتی؛ “دەرکەوتنی ئیمام مەهدی “(عج)” زۆر نزیکە، چونکە بیروڕاکە ئامادەیە.” ئەو (عج) لە کەوانەدا کورتکراوەی ئەوەیە “خودا لە سەرژەڵدانەکەیدا خێرا بکا”. خامنەیی شی دەکاتەوە، “هۆشی مرۆڤایەتی ئامادەیە بۆ تێگەیشتن، بۆ فێر بوون، و بۆ ئەوەی کە بزانێ، بێگومان، کە مرۆڤێکی پایەبەرز دێ و ئەوان لەژێر باری ستەم و سەرەڕۆیی ڕزگار دەکا. نەتەوەی ئێران، ئەمڕۆ ئەو شانازییە مەزنەی پێبڕاوە: کەشوهەوای وڵات کەشوهەوای ئیمام مەهدی (عج) ـە.” ئەو درێژە دەدا و دەڵێ: “ زۆر کەس لە زانایانی ئێمە بۆخۆیان ئەو خۆشەویستی دڵانەیان دیتوە، زۆر لەوان وشە دڵگەرم کەرەکانیان بیستوە، زۆر لەوان لەلای ئەوەوە لاوێندراونەوە و زۆری دیکەش میهرەبانی، پێڕاگەیشتن و خۆشەویستیی ئەویان پێ گەیشتوە.” ئەم چۆن ئەمڕۆ لە سیاسەتی دەرەوە و سەربازیی ئێراندا خۆی دەنوێنێ؟ کارەساتی جیهانی پێشمەرجی سەرهەڵدانی مەهدییە. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێران دنیا وەک هێلانە ژەنگەسوورە دەهارووژێنێ تا گەڕانەوەی مەهدی خێراتر بکا، گەڕانەوەیەک کە زۆر نزیکە. ئاجێندای سەرەکیی ڕێژیم ئەوەیە کە ببێتە هۆی بشێویی جیهانی، بەو شێوەیە ئەو دەیباتەوە. ئاژاوە، مەهدی دەگێڕێتەوە تا ئەویش ئاشتیی جیهانی لەگەڵ خۆیدا بێنێ. ئەمە “دوکتورینی مەهدییە.” ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو بڕوایەیە کە “کەشوهەوایەکی” ئەوتۆی خولقاندوە کە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووحی مەهدییە. ڕێبەرە ئایینی، سەربازی و مەدەنییەکانی چاوپێکەوتنی تاکەکەسییان لەگەڵیدا هەبووە. کەوابوو بەکورتی، ئێران منداڵدانێکە کە مەهدی لەوێڕا دووبارە لەدایک دەبێتەوە. بۆیە، ڕێژیم هەموو کارێک دەکا تا خۆی بپارێزێ. بۆیە، ئێمە دەبێ چاوەڕوان بین کە سەرهەڵدانە نێوخۆییەکان، بێ‌بەزەییانە سەرکوت بکرێ. خۆپیشاندەران، بە تایبەتی ڕێکخەرەکان، بێ‌سەروشوێن بکرێن. گشت بەرهەڵستکارییەکی نێوخۆیی و دەرەکیی دژی ڕێژیم مۆرکی شەیتانی‌بوونیان لێدەدرێ. ئیسڕائیل دەبێ لەنێو بچێ. ئامانجی بێ‌ئەملا و ئەولای تاران دروست‌کردنەوەی ئیمپراتوورییەکی کەونارای پارسییە بە شێوەی خەلافەتی ئیسلامی. ئاستەنگی سەرەکی بۆ گەیشتن بەو مەبەستە ئیسڕائیلە، “پێکهاتەی زایۆنی،” ڕوخساری شەیتانە لە دنیای ئەمڕۆدا. جێگای سەرنجە کە تویتەکانی خامەنەیی پڕە لە ڕشانەوەی پڕ لە قین دژی ئیسڕائیل. ئەو لە ڕۆژی دڵاندا لە ٢٠١٦ نووسیویەتی؛ “ ڕێژیمی زایۆنی سەمبولی شەیتانە.” و لە پێنجی فێورییەی ٢٠١٩دا ئەوەی زیاد کردووە؛ “ڕێژیمی ڕەگەزپەرست، داگیرکەر، درۆزن و ئاپارتایدی.” کەوابوو چی بکرێ؟ ئەو لە ٢ی مارسی ٢٠١٥دا شی دەکاتەوە؛ “کاتێک کە خەڵکی ڕۆژئاوا لە گیروگرفتەکانیان کە سەرچاوەکەی دەسەڵاتی زایۆنی بەسەر دەوڵەتەکاندایە تێگەیشتن، جووڵانەوەی مەزنی جەماوەری دبێتە هۆی لەدایکبوونی دنیایەکی نوێ. ڕێژیمی دڕندە، شێوە گورگ و مناڵکوژی ئیسڕائیل، کە خۆ لە هیچ تاوانکارییەک نابوێرێ، لەنێو دەچێ.” وەرگێڕان: کاتێک کە دنیا ئەو کارەی تەواو کرد کە هیتلێر دەستی پێکرد، مەهدی دێ و بەهەشت لەگەڵ خۆیدا دێنێ؛ هەڵبەت بەهەشتی ئیسلامی.” ئێران کە بە هۆی گەمارۆی ئابووری بریندار و بە هۆی خۆپیشاندانە نێوخۆییەکان شەرمەزار بووە، ئەمڕۆ لە هەمووکات مەترسیدارترە. بۆچی خامنەیی لە ڕۆژی مردنی سولەیمانیدا پیرۆزبایی لە مەهدی کرد؟ چونکە شازادە ڕاستەقینەکەی پارس چاوترسێن نەکراوە. ئەو هێشتا بەڕێوەیە و ئێران هەموو شتێک دەکا تا ڕێگای گەڕانەوەی بۆ خۆش بکا. *** * ئورشەلیم پۆست – برایان شراوگەر