کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرینی کوڵک و پۆی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژە خۆشەکەیدا

00:20 - 30 رێبەندان 2719

کۆماری ئیسلامی هەر لە پەلکوتانی سەرەتایەوە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات، هەوڵی داوە چەواشەکاریی هەموو ڕووداو و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و جیهان و تەنانەت مرۆڤایەتیش بکا و، کەلک لە داخراوەیی میدیایی و سنووری هاتوچۆ و ڕوانین و بیرکردنەوەی خەڵک و هەروەها هەموو ئیمکانات و کەرەستەی ڕاگەیاندن و پەروەردە وبە گشتی دامودەزگا حکوومەتییەکان وەربگرێ و؛ تاڕاددەیەکی زۆریش لە بەلاڕێدا بردنی ڕوانین و بیرکردنەوەکان بە تایبەت لە دەرەوەی سنوورەکان سەرکەوتوو بووە. یەک لەو ڕۆژ و بۆنەگەلەی کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان بەردەوام بۆ ڕەوایی دان بە دەسەڵاتی خۆیان و بۆ نیشان دانی بنەمای پتەوی خۆشەویستیی خەڵک بۆ دەسەڵات و تێکەڵبوون و بەشداریی خەڵک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کەلکیان لێوەرگرتوە و توانیویانە ڕاستییەکانی پێ بشارنەوە، ڕۆژی دەنگدان و ڕاکێشانی زۆرەملیی خەڵک بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بووە، کە بەردەوام لەو ڕۆژەدا توانیویە بە شێوازی سیستماتیک و بەرنامە بۆ داڕێژراو سەرنجی خەڵکانێک ڕابکێشن لە پێناو مەرامە سیاسییەکانی خۆیان. هەرچەند لە بنەمادا ئەم جۆرە ڕێژیم و دەسەڵاتگەلە هیچ بڕوایەکیان بە هەڵبژاردن و دێموکراسی نییە و، ناهێڵن ئازادی بچووکترین چەکەرەیەک بکا، بەڵام بۆ چەواشەکردنی بیروڕای گشتیی خەڵکی سنووری داخراوی ئەو وڵاتەی کە بەسەریدا زاڵن و هەروەها بۆ دەمبەستی وڵاتانی دێموکرات و ئەو ڕێکخراو و دەستە و گرووپانەی کە لە سۆنگەی مافی مرۆڤ و دێموکراسییەوە، دەڕواننە وڵاتان بۆ چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵیان ناچارن شانۆگەرییەک بە ناوی دەنگدان ڕێک بخەن و لە نێوان تاقمێکی دیاریکراودا جێگۆڕکێیەکی سنوورداری دەسەڵاتێک کە یەکلاکەرەوە نییە بکەن. سەرەتا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە دێموکراسی لە وڵاتێکدا واتای هەیە کە بنەمای دێموکراسی تێدا بێ و، دێموکراتیزە کرابێ و هەموو حیزب و ڕێکخراوێک بەبێ هیچ بەربەست و کێشەیەک و بە هەر بیر و باوەڕێکەوە مافی چالاکی و خۆپاڵاوتن و پرۆپاگەندەی یەکسان و بەرابەریان هەبێ و، خەڵکی ئەو وڵاتەش بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ ئازاد بن لەوەی‌کە کامە لایەن و کەسایەتی هەڵبژێرن، یان هەر بەشداری نەکەن و هیچ زەختێکیش لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسییان نەبێ و ئەوە خەڵکی ئەو وڵاتە بن کە دیاریی بکەن کێ دەسەڵات بەدەستەوە بگرێ؛ گەلۆ لە ئێرانی بن‌دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دێموکراسی و مافی ڕادەربڕین هەر بۆنیشی دێ؟ ئەگەر سەرنجمان بخەینەسەر کۆماری ئیسلامی و دەسەڵات و یاسا بنەڕەتییەکەی و سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵات و بازنەی دیاریکراوی مەزهەبی و سیاسیی ئەو ڕێژیمە، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە بە هیچ شێوەیەک نە بواری ڕا دەربڕین و چالاکیی بیرودەنگی جیاوازی تێدا بەدی دەکرێ، نە تەنانەت لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا تۆزقاڵێک بەرەو ئاراستەی کراوەبوون و بچووکترین گۆڕانکارییەکی سیاسی هەنگاو نراوە؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە گۆڕەپانی ململانێ و بازنەی دەسەڵات تەنگتر و چکۆلەتر بۆتەوە و تەنانەت زۆر جار دەرگاکان لە خێڵ و تاقمی خانەخوێی دەسەڵاتیش داخراوە. دەنگدان لەژێر دەسەلاتی کۆماری ئیسلامیدا هیچ واتایەکی نییە و بنەمای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە پێکدێ لە یاسایەکی بنەڕەتیی مەزهەبیی شێعە و، بە پێی سیستمی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهـ بەڕێوە دەچێ؛ هێز و دەسەڵات تەنیا لە دەستی یەک کەسدایە و ئەو کەسە کە لە لایەن خەڵکیشەوە هەڵنابژێردرێ، واتە وەلیی فەقیهـ لە لایەن چەند کەسێکی مەزهەبیی دیکەوە هەڵدەبژێردرێ کە ئەو کەسانەش دیسان لە لایەن خودی وەلیی فەقیهـەوە هەڵدەبژێردرێن. بە واتایەکی تر گاڵتەجاڕییەکی هەڵخەڵەتێنەر و بێواتا و  لە چەند نموونەی هەڵبژاردنەکانی شۆڕای گوند و شارەوە بگرە تا نوێنەرایەتیی مەجلیسی ئاخوندی و، سەرۆک کۆماری و شانۆگەرییەکانی دیکەش لەبەر ئەوەی‌کە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی هیچ حیزب و ڕێکخراوێک بۆی نییە، لەو دەنگدانەدا بەشدار بێ و نوێنەری خۆی دیاری بکا و، تەنانەت ئەوانەش کە بەربژێر دەبن دەبێ لە چەند فیلتێرێکەوە پاڵفتە بکرێن و کەس و کەسانێکیان هەڵدەبژێردرێن کە ویلایەتی فەقیهـ بە گەورە و بڕیاردەری خۆیان و وڵات بزانن و لە یەک ڕستەدا؛ خودایی بێ ئەملاولای ئەو ویلایەتە قبوول بکەن. لە لایەکی دیکەوە بە پێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە مەزهەبی شێعە هیچ مەزهەب و ئایین و ئایینزایەک ناتوانێ بەرپرسایەتیی شوێنە هەستیارەکان لە پارێزگارەوە بگرە تاکوو سەرۆک کۆماری وەئەستۆ بگرێ؛ لە حاڵێکدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران شێعە نین و ناتوانن لەم خاڵانەدا کە باس کرا بەشداری بکەن. دوای ٤١ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەنانەت ئەوانەش وا پێیان وابوو لەم دەسەڵاتەدا دەکرێ کرانەوەیەکیش ڕوو بە دێموکراسی و بچووکترین مافەکان هەبێ، بە تەواوەتی بێهیوا بوونە و ئەم جارە زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆی ئێران و دەرەوەش، بایکۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامییان کردوە و داوایان لە خەڵکی ئەم وڵاتە کردوە کە بەشداری لەو دەنگدانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نەکەن و، پێیان وایە بەشداریکردن واتە ڕەوایی دان بەو هەموو چەوسانەوە و سەرکوت و کوشتن و زوڵم و زۆرە دەیان ساڵەی کۆماری ئیسلامی و یارمەتی دانە بە مانەوەی ئەو ڕێژیمە لەسەر دەسەڵاتی نگریسی خۆی. ڕووداوەکانی ئەم دواییانە و بیرکردنەوەی خەڵکی ئێران لە هەمبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و نوێترین هەوڵی کۆماری ئیسلامی واتە ٢٢ی ڕێبەندان و بەشدارینەکردنی خەڵک، سەرەڕای هەموو گوشارەکانی ڕێژیم لەو ڕێپێوانەدا تەنیا دەرخەری یەک شتە؛ ئەویش ماوەی تەمەنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بەسەر چووە و لە یەک ڕستەدا کوڵک و پۆی ئاخوندەکان و کۆماری ئیسلامی وەریوە.