کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١فێوریە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

17:17 - 2 رەشەمه 2719

رۆژی ٢١ی فێورییە، دووی ڕەشەمە، رۆژی جیهانی زمانی دایکە. لەوەها ڕۆژێکدا لە سالی ١٩٥٢ پۆلیسی پاکستانی ڕۆژهەڵاتی ئەوکات، کە پاشان بوو بە بەنگلادێش، تەقەی لە خوێندکارانی زانکۆی "داکا" کرد کە خوازیاری خوێندن بە زمانی بەنگاڵی بوون و ژمارەیەکی لیکوشتن. بەو بۆنەیەوە ڕێکخراوی زانستی، فەرهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان"یونسکۆ" بۆ ڕێزگرتن لە زمانی دایکی و هەروەها وەبیرهێنانەوەی خوێندکارە کوژراوەکان، لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو ڕۆژەی بەفەرمی کردە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، یان ڕۆژی زمانی زگماکی. هەرئێستا لەجیهاندا سەدان زمان و نەتەوەی زیندوو هەیە و ڕەنگە لەوە زیاتریش زمان و نەتەوەی جیاواز بووبن کە بەداخەوە ئاسەواریان نەماوە و لەنێو زمان و نەتەوەباڵادەستەکاندا ئاسێمیلە بوون و تواونەتەوە. زمانی هەرنەتەوەیەک تەنیا میراتی ئەو نەتەوەنییە کە پێیدەدوێ، بەڵکوو میراتی مرۆڤایەتییە و پاراستنی لەفەوتان، پاراستنی فەرهەنگ و کەرامەتی کۆمەڵگای جیهانییە. لەوسۆنگەیەوە دەسەڵاتەداگیرکەرەکان و ئەو ڕێژیم و نەتەوباڵادەستانەی هەوڵی سرینەوەی زمان و شوناسی نەتەوەژێردەستەکان دەدەن، لەڕاستیدا بەگژ مرۆڤایەتی لەتەواویەتی خویدا دەچنەوە و تەنیا ستەم لە نەتەوەیەک لە زمانێک ناکەن. نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە سەڕەڕای ژێردەستەیی و دابەشبوونی خاک و سەرزەمینەکەی لەلایەن داگیرکەرانەوە و دابەشبوونی بەسەر چوار وڵاتدا، توانیویەتی هەرچۆنێک بێ، زمان و شوناسی نەتەوەیی خوی بپارێزێ و ئێستا زمانی کوردی، یەکێک لە گەورەترین زمانە زیندووەکانی جیهانە. ئەوە لەحالێکدایە داگیرکەران بەدڕێژایی مێژووی کۆن و سەردەم هەوڵی کوشتن و ‌قڕکردنی نەتەوەی کورد و بێ بایخکردنی زمانەکەی و لەئەنجامدا لەناوبردنی شوناسیی نەتەوەیی کوردیان داوە. داگیرکەران تێکۆشاون کورد بتوێننەوە و هەموویان لە چواربەشی کوردستان سەرەڕای ناکۆکیی و کێشەو تەنانەت شەڕو پێکدادانیان، لەسەر سەرکوتی نەتەوەی کورد و تواندنەوەی بەهەرچەشنێک بێ کۆک بوون و لەو سۆنگەیەوە تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون. بۆ وێنە لەتورکییە، ڕێژەی کوردی بەتورک کراو لەو کوردانەی بە زمانی کوردی دەدوێن زۆر کەمتر نییە. بەپێی "دی‌ئە‌ئێی" زمانی تەنیا لەسەدا دەی خەڵکی تورکییە، تورکی ڕەسەنن و لەسەدا نەوەدەکەی لە کورد و لاز و چەرکێس و ئەرمەن و ... پێکهاتوون و ئێستا جگە لە کورد، ئەوانی دیکە زمانیان تواوەتەوە و بە تورکی دەدوێن و شوناسی نەتەوەییان نەماوە. لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتی کورد و لەنێو بردنی شوناسی نەتەوەییەکەی، دەبینین لە ئێران بە کوردیان دەگوت سنوورپارێزانی چاونەترس" مرزبانان غیور" و لە تورکییە هەتا ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو حاشایان لەبوونی کورد دەکرد و  بە کوردیان دەگوت" تورکی شاخی". لە عێراق و سووریەش چ نەما بەسەر نەتەوەی کوردی نەهێنن و ئێستاش ئاسەواری ئەنفال و کیمیاباران و تعریب بە جەستەی ئەو دووبەشە لە نیشتمانی کوردەوە دیارە. بەوحاڵەش کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرینگی نەتەوەیی و سیاسیی دەوری خۆی دەبینێ و کەس ناتوانێ نکوولی لێبکات. هەر ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی زمانی کوردی بەفەرمی هیچ دەورێکی لە خوێندندا نییە، بەڵام بە هیممەتی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی، زمانی کوردی لەگەشەکردن دایە و شوناسی نەتەوەیی لە هەموو ناوچەکانی، لەماکۆوەرا هەتا خوارەوەی سنوورەکانی کوردستان بەرز بووەتەوە. لە باشووری کوردستان زمانی کوردی و نەتەوەی کورد داهاتوویەکی ڕوونی لەبەردەمە و ئەوە بۆ زیاتر لە چارەگەسەدەیەک دەچێ کە کورد دەسەڵاتی خۆی بەدەستەوەیە. لەبەشەکانی دیکەی کوردستانیش دۆخەکە هەرچەند بەدڵی کورد بەتەواوی نییە، بەلام مەترسی ئاسێمیلاسیۆن و توانەوەی کورد ڕەویوەتەوە. بەوحاڵەش نابێ لەبیرمان بچێ ئێستا کە دوژمنان دەزانن ناتوانن زمانی کوردی بفەوتێنن، بەتەمای شێواندنی ئەو زمانەن و لەهەموو ڕێگایەکەوە هەوڵ دەدەن لەبەرچاوی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بێ‌بایخی بکەن و بڵێن زمانی کوردی زمانێکی لاوەکی و ناوچەییە تەنیا بۆ ئاخاوتن لە ماڵەکان بەکەڵک دێ. بۆیە دەبێ بەوریایی و وشیارییەوە بڕوانینە پیلان و فرت و فێڵەکانی نەیارانی زمان و نەتەوە کەمان. لە کۆتاییدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی، یان زمانی دایکی، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە ڕۆڵەکانی بەوەفای نەتەوەی کورد دەکەین و هیوادارین، هەمیشە پارێزەری زمانی شێرینی کوردی بین.