کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی مەرگ

22:53 - 28 رەشەمه 2719

لە دوای بڵاوبوونەوەی بەرچاوی ڤیروسی کڕۆنا لە ئێران‌دا و دوایین پەیامی خامنەیی لەم پێوەندییە کە"پێشنیاری کرد خەڵک بچن دوعای سەحیفەی سەجادی بخوێنن"، قووڵایی چەندین کارەساتی هاوکات، زیاتر بۆ خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی جیهانیی ڕوون بوونەوە. بێ‌باکیی دەسەڵات لە گیانی خەڵک سروشتییە ئەگەر مەلا یان کاربەدەستێکی پایەبەرزی حکوومەت، شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەبواری زانستی پزیشکی نەبێ، بەڵام هەمان مەلا یان کاربەدەست بێ و بە دڵنایی‌یەکی تەواوە باسی پرسێکی پزیشکیی وەک ڤیروسی کڕۆنا بکا و هەم خۆی و هەم کۆمەڵگە بە لاڕێ‌دا ببا، ئیتر ئەمە نەک کارەسات، بەڵکوو بێباکیی ئەم دەسەڵاتەیە بەرامبەر بە گیانی کۆمەڵگەیەک. ڕیشەی ئەم بێ‌باکییە، نەزانی و نەخوێندەواریی یان هەر بابەتیكی تر بێ، بە لایانەوە گرینگ نیە، چوونکە پرسی جەوهەری لای ئەوان، چوارچێوەیەکی دوگمی خیاڵیە، کە پێی وایە نابێ هیچ بابەتێک لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە ڕوو بدا یان لە دەرەوەی بازنە و دەسەڵاتی ئەم چوارچێوەیە بێ. زۆر ئاسایی ڕێوڕەسمی بەتاڵ لە حەشیمەتی 22ی ڕێبەندانیان بەڕێوە برد، هەڵبژاردنی بایکۆت کراوی مەجلیسیان ئەنجام دا. لە کۆتایی‌دا کاتێک زانیایان پەتاکە لە پەنا گوێیان، واتە (حەرەمەکانی خۆیان) جێگیر بوە، ئیتر بێ‌باکیەکەیان، بوو بە جنوونی بێ‌باکی. نە تەنیا شار و حەرەمیان هاوێر نەکرد، بەڵکوو پێشنیاری لێستنەوەی دار و دیوارەکانی حەرەمەکانیان دا. وەبیر ئەم دێرە شێعرەیان هێناینەوە کە دەڵێ: "خود کردە را خود تدبیر نیست". چەواشەکارییەکانی دەسەڵات ئەمە بابەتێکی سروشتی و فەلسەفیشە کە دەڵێ: "کەسێک کە بەردەوام باس لە دروشم و وەهم بکا، خۆشی بە جۆرێک گیرۆدەی وەهمی فکری و دەروونیە". داستانەکە ڕێک بەوجۆرەی لێهات، ویستیان خەڵک بەلاڕیدا ببەن و یاری بە گیانی کۆمەڵگە بکەن، بەڵام بینیان کە ئەم ڤیروسە، لە  مینبەرەکانی خۆیانەوە سەری هەڵداوە. چەندین وڵات لە دونیادا و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێ، لە رێگای هاووڵاتیانی ئێرانەوە، تووشی ڤیروسی کڕۆنا ببوون کەچی دەسەڵاتداران و لە سەرووی هەموویانەوە خامنەیی و ڕوحانی باسیان لە دۆخێکی ئارام و جێگیر لە وڵات‌دا دەکرد. بەتایبەت نوکتە گاڵتەجاڕیەکەی ڕوحانی کە وتی شەممەی داهاتوو هەموو کار و دەوامەکان ئاسایی دەبنەوە، ئەوپەڕێ ڕووی دزێو و چەواشەکارییانەی ئەم ڕێژیمەی دەرخست. ئەم رێژیمە لە بنەڕەت‌دا کێشەی جەوهەریی لەگەڵ ئامار و ژمارەکان هەیە. بیرکارییەکی تایبەت بەخۆیان هەیە. هیچ بۆیان گرینگ نیە ئامار و ژمارەکان هی چ پرس و بابەتیك بن: دابەشکردنی بوودجەی وڵات، دزین و ڕاو ڕووتی سامانی وڵات یان ژمارەی زیندانی، ئێعدام و تیرۆر و جینایەتەکانیان بێ. ڤیروسی کڕۆنا ڕۆژانە لەبەرچاوی خەڵک و میدیاکان، قوربانی دەگرت، کەچی، ئەو ئامارانەی بڵاویان دەکردەوە هیچ ڤیروسێکی تێدا نەبوو. لە ئیستادا کە کۆمەڵگەی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو تووشی ڤیروسی کڕۆنا بوە و ڕۆژانە هەواڵی تووشبوان و قوربانییەکانی ئەم پەتایە بڵاو دەبێتەوە. تەنانەت وێنەی گۆڕی بەکۆمەڵیان لەم پێوەندییەدا لێ ئاشکرا بوە، ئیتر ناتوانین ناوی ئەمە بنێین بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، بەڵکوو ئەمە کارەساتێکی مرۆییە کە چەواشەکارانی مەرگ یان دەسەڵاتی چەواشەکاری مەرگ بەرهەرمهێنەر و بەرپرس و تاوانباری سەرەکییە. بە ئەمنییەتیی کردنی هەموو  پرسەکان نوسخە پێچراوەکانی خامنەیی، پەنا بردنە بەر شوێنە ئاینییەکان، دۆخە ئارامەکەی ڕوحانی، نە تەنیا چارەی دۆخەکەیان نەکرد بەڵکوو بوونە هۆکاری سەهەڵدانی کارەسات. دەستەوەستان هەر ڕۆژە بەرنامە و ئامارێکیان بڵاو دەکردەوە. گرینگتر لە هەمووی هیچکامیان باوەڕیان بە یەکتری نەبوە و نیە. لە تەواوی ئەم ماوەیەدا کە ڤیروسی کڕۆنا لە ئێران‌دا بڵاو بۆتەوە، کابینەی ڕوحانی لە بێ‌دەسەڵاتییەکی پڕ لە چەواشەکاری‌دا بوە. نە دۆخە راستەقینەکەی بۆ خەڵک باس کردوە و نە ویستوویەتی بێ‌بەرنامەیی و بێ‌دەسەڵاتی خۆی و کابینەکەی لەم پێوەندییەدا بۆ ڕای گشتیی باس بکا. وڕێخستنی کاروانەکانی "جیهاد بە دژی کڕۆنا"، "نوحە خوێندن"، "خوێندنی سروودی حەماسی لە شەقامەکان"، "تاوانەکانی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ماهان"، لێدوانەکانی بەرپرسانی سپای پاسداران، هەمووی ئەمانە بەڵگەی شوێن پێی دەستێوەردانی خامنەیی و سپای پاسداران هەر لە سەرەتاوە لەم پرسەدا بوون. بە گوتەی خۆیان: "بەڕێوەبەریی ئەم قەیرانە"یان، لە ئێستادا کردووە بە پرسێکی ئەمنیەتی. هەموو نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانی سەر بە خامنەییەوە کۆنتڕۆڵ کراون، بە هەڕەشە و گرتن، هەموو لێدوانێکی پسپۆرانی ئەم بوارەیان ڕاگرتوە. هەموو یارمەتییە مرۆیی و تەندروستییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییان کۆنتڕۆڵ کردوە. واتە دۆخەکە زیاتر وەک گۆڕەپانێکی شەڕ دەچێ تا چارەسەرکردنی ڤیروسێک. ئەنجامی بەڕیوەبەریی ئەم قەیرانە لەلایەن دارودەستەکانی خامنەییەوە تا ئێستا بریتی بوە لە: یەکەم: دابینکردنی شوێن پاریزراو بە هەموو ئیمکاناتێکەوە بۆخۆیان. دووهەم: پەرەسەندنی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری ئەم ڤیروسە لە ئێران و گرتنی قوربانیی زیاتر. تەنیا دەسەڵاتێکی پڕ لە مەرگ و خۆف دەتوانێ تا ئەم ڕادەیە تووشی داڕمانی بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان بێ. بەڵام داڕمانی بێ‌باوەڕی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەت کۆمەڵگەی خۆبەڕێوەبەر و وشیاری کوردستان بەم ڕێژیمە، بازنەی دەسەڵات و کەسانی جێی متمانەی خۆیانی هێندە بچووک و بەرتەسک کرۆتەوە، کە لە دەسەڵاتێکی سیاسیی زاڵ بەسەر ئێران‌دا، بوونەتە تاقمێک مافیای بچووک کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر جێیان پێ تەنگتر دەکرێ.