کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووهەمین کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بەڕێوە چوو

23:56 - 20 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩ هەتاوی، دووهەمین کۆنگرەی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بە دروشمی “خوێندکاری ڕزگاریخواز و پێکهاتەشکێنی کورد، گیانی شۆڕشگێڕی بە خەباتی مەدەنی دەبەخشێ” و بە پاراستنی ڕێوشوێنە تەندروستییەکانی تایبەت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی کڕۆنا بەڕێوە چوو. کۆنگرە، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێ‌کرد. لە جەلەسەی یەکەمدا کە تەرخان کرابوو بۆ کرانەوەی کۆنگرە، هاوڕێ “سۆما حەکیم‌زادە” وێڕای ئاماژە دان بە مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستاندا، ڕێزی لە یاد و ناوی ” تالب بەساتی‌وەند”، شەهیدی خوێندکاری حیزبی دیموکراتی کوردستان گرت و جەختی کردەوە کە هەرچەندە خوێندکاری کورد بەردەوام لە مەیدانی خەباتی خوێندکاریی سەرانسەریدا حوزووری هەبوە، بەڵام هیچ‌کات تایبەتمەندیی خۆی کە هەمان شوناسخوازی و نیشتمانپەروەرییە، لەبیر نەکردوە و لەو پێناوەدا تێچووی قورسی داوە. پاشان بەڕێز “ڕەحمان سەلیمی”، سکرتێری یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد پەیامی کرانەوەی کۆنگرەی دووهەمی یەکیەتیی خوێندکارانی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز سەلیمی وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، ئاماژەیەکی کورتی بە بزووتنەوەی خوێندکاری کوردی و دەسکەوتەکانی کرد و لە بەشێک لە وتەکانی گوتی: لاوی کورد لەو کاتەوە کە دەستی بە زانکۆ گەیشتوە، خەمی گەورەی نیشتمان و نەتەوەی لە خۆیدا هەڵگرتوە و هەر ئەو خەمەی بە پاڕادایمی سەرەکیی زانی بۆ بەشداربوونی خوێندکارانی کورد لە هەر چەشنە بەرەنگاربوونەوەیەکی مەدەنی و شۆڕشگێڕانە لەگەل ستەمی نەتەوایەتی و زوڵمی دیکتاتۆریدا. ڕەحمان سەلیمی بە بژاردنی تایبەتمەندییەکانی تاکی خوێندکار وەک ڕۆحی شۆڕشگێڕی و مافخوازی، گۆڕانکاریی قووڵ بەسەر ڕێژیمی سیاسی، کۆمەڵگا و لە نەهایەتدا نۆڕم و بەهاکانی، بە ئامانجە لەپێشینەکانی خوێندکاران ناو برد. سکرتێری خوێندکاران ئاماژەشی بەوە کرد کە لەو ماوەیەدا “یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد” هەوڵی داوە کە بە وێژمانێکی مەدەنی، ڕادیکال و لە هەمان حاڵدا بە تیمی ناسیۆنالیزمی ئەخلاق‌گەرا، شوێن‌پەنجەی خۆی بە ڕووداوەکانەوە بنێ و لەو بەشەشدا بە سەرکەوتوویی لە قەڵەم دا. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خوێندکارانی کورد وەک خوێندکارانی نەتەوەکانی تر، ئەرکی پیشەیی خۆیان وەک خوێندکار بەجێ هێناوە و لە هەمان کاتدا بەردەوام لە خەمی نیشتمان و نەتەوەی خۆیاندا بوون و ئەرکەکانیشیان لەم پێناوەدا بە باشی بەجێ هێناوە و توانیویانە بەها مرۆییەکان لە کۆمەڵگادا پەرە پێ‌بدەن. دواتر بەڕێز “مستەفا مەولوودی”، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی بەشداربووانی کۆنگرە کرد. بەڕێزیان بە ناو هێنانی شەهید دوکتور قاسملوو وەک تێکۆشەر، لاو، خوێندکار و ڕێبەر، گوتی: خوێندکارانی کورد بۆ سەرکەوتن و وەدیهاتنی ئامانج و دروشمەکانیان دەبێ لە زۆر خاڵ و تایبەتمەندیی شەهید دوکتور قاسملوو ئیلهام وەرگرن. بەڕێز مەولوودی، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دوکتور قاسملووی بە پراگماتیک بوونی ئەو ڕێبەرە ناو برد و ئاماژەی بە تایبەتمەندییەکانی دیکەی وەک ڕەوانبێژی و هەوڵی بێ‌وچان و تێ‌کۆشان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەی کرد. کاک مستەفا جەختی کردەوە کە ئەگەر بمانهەوێ وەک خوێندکارێکی داهێنەر کاریگەریمان لە سەر کۆمەڵگا هەبێ، دەبێ وێڕای هەوڵ و ماندووبوونێکی بێ‌وچان، بە مێتۆدی ڕێبەرانمان بچینە نێو کار و چالاکییەوە. بەڕێز مەولوودی شەهیدان قاسملوو و شەڕەفکەندی وەک ڕێبەرانی کاریزماتیکی خوێندکاران ناو برد و داوای کرد کە خوێندکارانی کورد وێڕای لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندییەکانی ئەو شەهیدانە، بە داهێنان لە کار و چالاکییەکانیاندا لە مەیدانێکی بەربڵاودا دەست بە خەبات و تێ‌کۆشان بکەن. پاشان پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە لایەن کاک “حەسەن شێخانی” ڕێکخەری کاروباری ڕێکخراوە دێموکراتیکەکان پێشکەش کرا. دەفتەری سیاسی وێڕای پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرە، ڕێزی لە هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرانی”یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد” لە گەشاوە ڕاگرتنی مەشخەڵی خوێندکارانی دەروەست، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی حیزبی دێموکرات و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەستێنی خوێندکاریدا گرت. لە بەشێکی دیکەی پەیامی دەفتەری سیاسیدا هاتبوو: ” توێژی بە هۆی لاو بوون و دەسڕاگەیشتن بە زانست و زانیاریی سەردەم، لە توێژە هەرە گرینگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگان. ئەوان کادری بەڕێوەبەریی ئایندەی وڵات و بژاردەی سیاسیی داهاتووی گەلن. بۆیە دەبێ هەم لێزان و تەیار و ئاگا پەروەردە بکرێن، هەم بە بیروباوەڕ و دەروەست و بەرپرسیار بار بێن. ئەو خەون و ئیدەئال و ڕادیکالیزمە کە بە شێوەی سروشتی لە خوێندکارانی وشیار و بەرهەستدا هەیە، وای‌کردوە کە خوێندکاران، لە زۆر شۆڕش و ئاڵوگۆڕە گرینگەکانی وڵاتانی دونیادا نەخشی دیاریان هەبێ.” لە بەشێکی تری پەیامی دەفتەری سیاسیدا ئاماژە بەوە کرابوو کە وێڕای ئەوەی  بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێستادا بەداخەوە زۆر لاوازە و لەنێو پەڕانتێز دایە، بەڵام ڕۆڵی خوێندکاران چ لە سەردەمی خەبات بە دژی دیکتاتۆریی پەهلەوی و چ پاش هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرەڕۆیی و خەبات بۆ ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئێران و خەڵکی کوردستاندا هەمیشە دیار بووە. هەروەها لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، ئاماژە بە بەستێنی خەباتی سینفی وەک گونجاوترین بەستێن بۆ خەبات و تێ‌کۆشان بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان کرابوو و، لە هەمان کاتدا تایبەتمەندییەکانی خوێندکارانی وەک لاو بوون و دەستڕاگەیشتن بە زانستی سەردەم بە بەستێنێکی گونجاو بۆ بوون بە بژاردەی سیاسیی لەقەڵەم دابوو. لە کۆتایی پەیامی دەفتەری سیاسیدا وێڕای ئاماژە کردن بە پشتیوانیی هەمیشەیی حیزب لە خەباتی خوێندکاران، لەسەر دروشمی کۆنگرەی دووهەمی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد واتە، “بەخشینی ڕۆحی شۆڕشگێری بە خەباتی مەدەنی” جەخت کرایەوە و ئەو دروشمە بە باشترین مێتۆدی کار و تێ‌کۆشان وەسف کرا. دوای پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات و لە بڕگەیەکی دیکەدا پەیامی پیرۆزبایی “یەکیەتیی قوتابیانی کوردستان” لە لایەن هاوڕێ “هانا ناسری ” و پەیامی پیرۆزبایی “یەکیەتیی گشتی قوتابیانی کوردستان” لە لایەن هاوڕێ “کاروان مستەفاپوور”ەوە خوێندرایەوە. دوای کۆتایی هاتنی جەلەسەی کرانەوەی کۆنگرە، کورتەیەک لە ڕاپۆرتی دەستەی بەڕێوەبەریی “یەکیەتیی نەتەوەی خوێندکارانی کورد” لە لایەن ڕەحمان سەلیمی سکرتێری ڕێکخراو پێشکەش بە کۆنگرە کرا. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاوڕێکی کورت درابۆوە سەر مێژووی بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و هەروەها جەخت لەسەر ئۆرگانیزەکردنی ئاکسیۆنە خوێندکارییەکان کرابۆوە. لە کۆتاییشدا کۆمەڵێک ئامانجی پێشنیاری بۆ ڕێکخراوەکە خرایە بەردەم نوێنەرانی کۆنگرە. ڕاپۆرتی دەستەی بەڕێوەبەری پاش وەرگرتنی ڕا و سەرنجی کۆنگرە و گونجاندنی کۆمەڵێک لە پێشنیارەکان، لە لایەن کۆنگرەوە پەسند کرا. پێداچوونەوە بە بەرنامەو پێڕەوی “یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد”، بڕگەیەکی تری کۆنگرە بوو، کە لەو بڕگەیەدا گۆڕانکارییە پێشنیارییەکانی بەرنامەو پێڕە و کە لە لایەن هاوڕێ “پژمان قوبادی” بەرپرسی لێژنەی پێداچوونەوە پێشکەش کراو دوای بەشداریی چالاکانەی نوێنەرانی کۆنگرە و وەرگرتنی ڕاو تێبینییەکان، دەنگی بۆ وەرگیراو پەسند کرا. بڕگەی دواتری کۆنگرە، بڕیارنامەی پێشنیاریی دەستەی بەڕێوەبەری بوو کە لە لایەن هاوڕێ “شەهێن بایەزیدپوور” لە کۆمەڵێک خاڵدا خرایە بەردەم کۆنگرە و پاش ڕاگۆڕینەوە و وەرگرتنی پێشنیاری بەشدارانی کۆنگرە، پەسند کرا. بڕگەی کۆتایی کۆنگرە هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی “یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد” بوو، کە دوای کرانەوەی دەرگای خۆ کاندید کردن بۆ بەشداربووان، پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو. لەو بڕگەیەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆنگرە وەک دەستەی بەڕێوەبەریی نوێ هەڵبژێردران. دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا هاوڕێ “پژمان قوبادی” وەک سکرتێری “یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد” هەڵبژارد.