کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ بەڕێز دوکتور “سمایل بازیار”

03:32 - 23 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەک‌شەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بەڕێز دوکتور “سمایل بازیار”، تێکۆشەری دێرین و کەسایەتیی دیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان سێمینارێکی بە شێوەی “ئان‌لاین” بۆ کومیتەکانی ئوسترالیا، کانادا و ئەمریکا پێک‌ هێنا. لەم سێمینارەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و کەسایەتیی سیاسیی کورد لە دەرەوەی تەشکیلاتی حیزب تێیدا بەشدار بوون، سەرەتای کۆبوونەوەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەھیدانی کوردستان دەستی پێ‌کرد. دواتر “خەبات ئیبراهیم پوور” بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ئەمریکا بڕگە و بابەتەکانی بەرنامەکەی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد . لە سەرەتادا دوکتور بازیار بە وردی پڕژایە سەر دەور و ڕۆڵی شەهید دوکتور قاسملوو لە جیا کردنەوەی تەشکیلات و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات لە حیزبی توودە، کە چۆن هەوڵی داوە بۆ ھەمیشە حیزبی دێموکرات لەژێر ڕێبەری و کاریگەریی حیزبی توودەدا بێنێتە دەرەوە، لەبەر ئەوەی حیزبی توودە بڕوای بە مافی نەتەوەی کورد نەبوو و زیاتر سیاسەتی ناسیۆنالیزمی زاڵی ئێرانیی پەیڕەو دەکرد. ھەر بۆیەش حیزبی توودە بە پەیڕەوی کردن لە سیاسەتەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت، چارەسەری کێشەی نەتەوەکانی ژێر دەستی ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە چوارچێوەی دێموکراتیزە کردنی کەشی ئێراندا دەبینی و، پێ‌یان وا بوو گشت خەباتێک پێویستە مۆرکی چینایەتیی لێ بدرێ و، ئەمەش لەگەڵ سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتدا لە دژایەتییدا بوو. لە درێژەی قسەکانیدا ناوبراو باسی لەوە کرد کە بە هۆی وردبینیی د. قاسملوو و تێگەیشتنی لە کێشەی نەتەوەیی بە ھاوکاریی هاوڕێیانی لە حیزبی دێموکراتدا بە یەک‌جاری ئەو پێوەندییەی لە چەند قۆناغدا لەگەڵ حیزبی توودە کۆتایی پێ ‌ھێنا. لە پێوەندی لەگەڵ پرسی نەتەوەیی لە حیزبی دێموکرتدا دوکتور بازیار باسی لەوە کرد کە د. قاسملوو پاش خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ و بە دوای ئەو قەیرانانەی لە حیزبدا پەیدا ببوون، ھاتە سەر ئەو بڕوایە کە پێویستە حیزب بایەخی بنەڕەتی بە خەباتی نەتەوەیی بدا و ئەم بەشە لە خەباتەکەی بە سەرەکی بکرێ، ھەر بۆیەش بەرنامە و پێڕەوی حیزبی ئامادە کرد کە لە کۆنگرەی سێدا پەسەند و مافی دەستەبەر کردنی چارەنووس بۆ گەلی کوردی تێدا ڕەچاو کرا، کە ئەوە ئاڵوگۆڕێکی ئەساسی بوو لە بیر کردنەوەی د. قاسملوودا. لە بەشی کۆتایی باسەکەیەدا دوکتور سمایل بازیار بە وردی باسی لە سۆسیالیزمی دێموکراتیک کرد کە د. قاسملوو ھێنایە گۆڕێ و لە کۆنگرەی شەشی حیزبدا بە پەسەند گەیشت و، لە دوای ئەوە بە یەک‌جاری سنووربەندییەکی لە نێوان حیزبی دێموکرات و بیرۆکەی چەپی سوننەتییدا پێک هێنا و، پرسی نەتەوەیی و دێموکراسی لە بۆچوونەکانیدا پڕ ڕەنگ‌تر دەرکەوتن. کۆتایی سێمینارەکە تایبەت کرا بە پرسیار و بۆچوونی ئامادە بووان؛ کە لە لایەن دوکتور بازیارەوە وڵام درانەوە.