کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی خۆپێشاندانێک بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە بریتانیا

18:16 - 24 پووشپەڕ 2720

بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٣١مین ساڵوەگەری تێرۆری ڕێبەری گەلی کورد، دوکتور قاسملووی نەمر لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لە بریتانیا خۆپیشاندانێکیان بەڕێوە برد. ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی سەدان کەس لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارو شارۆچکەکانی بریتانیاوە لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری لەندەن بۆ وەبیرهێنانەوەی ٣١ ساڵەی تێرۆری شەهید دوکتور عبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی کۆبوونەوە و بۆ جارێکی تر ئەو جینایەتەیان مەحکووم کرد. ئەو خۆپێشاندانە بە خۆێندەوەی سروودی “ئەی ڕەقیب” و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ‌کرد. لە بەشی یەکەمی خۆپیشاندانەکەدا، بەڕێز “ئاوات عەبدۆڵلازادە”، ئەندامی کۆمیتەی بریتانیا و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکان لە بریتانیا، پەیامی دەفتەری سیاسیی پێشکەش کرد. پاشان بەڕێز کاک “ڕەحیم بەندوویی” پەیامی شورای دێموکراسیخوازانی بۆ ئامادە بووان خۆێندەوە. ھەروەھا لە بەشێکی تری خۆپیشاندانەکدا بەڕێز کاک “فەرھاد مارف”، لە لایەن کۆمیتەی حیزبە کوردستانیەکان پەیامێکی لە سەر قاسملووی نەمر و مەحکووم کردنی تێرۆری ئەو ڕێبەرە بلیمەتەی گەلی کورد پێشکەش بە بەشدار بووان کرد. جێی ئاماژەیە لەو خۆپیشاندانەدا بە دەیان دروشمی جۆراجۆر بۆ شەرمەزار کردنی تێرۆریستانی کۆماری ئێسلامی ئێران و ھەروەھا پەخشانێک لە لایەن خاتونێکی نیشتمان پەروەر پێشکەش کرا و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو.