کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ لە ئێران لە دەیەی هەشتەمی پەسندکرانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ‌دا

13:44 - 17 سەرماوەز 2720

دەگەل ئەوەدا کە ڕەنگە پێناسە و دەست‌نیشان‌کردنی مافی مرۆڤ لە لایەن شارەزایانەوە جیاواز بێ، بەڵام هەموو بە گشتی لەسەر ئەوە کۆکن کە ماڤی مرۆڤ/مافەکانی مرۆڤ بریتین لە هیندێک ماف کە لە گەل لەدایک بوونی مرۆڤ هەیەتی و تا کاتی کۆتایی ژیانیشی خاوەنێتی. ئەم مافانە ڕیشەیەکی قول و هاوکات گرێدراوی بە مرۆڤەکانەوە هەیە بەبێ لە بەرچاو گرتنی ڕەگەز، ڕەچەلەک، شوێنی نیشتەجێ بوون، زمان و ئایین. مافەکانی مرۆڤ پێدراوێکی سروشتییە و لە ڕێگای یاسای وڵاتان و پەیمانە نێودەوڵەتییەکان چاوەدێری دەکرێن و بەڕێوە دەچن بۆ ئەوەی تاکی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا لە دەستەبەرکردنی مافەکانی خۆی بەهرەمەند بێت. مێژووی مافەکانی مرۆڤ چەندین قۆناغی خۆی تێپەراندوە و بە تایبەتی لە بواری ئابووری و سیاسی گۆرانی بەسەردا هاتووە. لە هەر قوناغێکدا بەپێی هەلومەرجی جیاواز، گەشەی کردووە، لە زۆر شوێن جێبەجی کراون، لە هیندێک شوێن پێشێل کراون. مێژووی مافەکانی مرۆڤ دەکرێ بە شیوەی گشتی بە سەر پێنچ قۆناغ‌دا پۆلێن بکەین: یونانی کۆن، کتێب و ئایینە ئاسمانییەکان، سەربەخۆیی ئامریکا لە (١٧٧٦)، ڕاگەیاندنی ماڤی مرۆڤی هاونیشتمانیانی فەرانسە (١٧٨٩) و جارنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨؛ کە دیارە دەکرێ جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ بە خالێکی  بەهێز و نوختە وەرچەرخانی مێژوویی مرۆڤایەتی دابنێین. لەم نووسینەدا بە بیانووی ١٠ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی پەسندکرانی مافی مرۆڤ لە دەیەی هەشتەمی خۆی‌دا ئاوڕێک لە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوردستان‌دا بدەینەوە. ئەگەر تەنیا مافە بنەڕەتییەکان و مافە نابنەڕەتییەکان بە گشتی و بە کورتی لە ئاست بەڕێوبردنی لە وڵاتی ئێران‌دا چاو لێ‌بکەین، دەبینین لە هیچ کام لەم بەشەدا ئێران بەپێی واژۆکردنەکەی خۆی وەڵامدەر نەبووە. دانیشتووانی ئێران بەپێی باکگراوندی مێژوویی، شوێنی نیشتەجێ بوون، ئایینی و ئێتنیکی و زمان وڵاتێکی فرەنەتەوە پێک دێنن. ئەگەرچی ئێران هەر بە هۆی ئەم فرە نەتەوەیی بوونەوە لە ئەگەری سیستمێکی دێموکراتیک‌دا دەتواندرا ببێتە وڵاتێکی نموونە، بەڵام ڕێژیمە ناوەندگەراکانی ئێران لە دوو نیزامی سیاسیی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی‌دا و لە ٧ دەیەی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک دژی مافە بنەڕەتییەکانی خەڵکی ئێران وەستاونەتەوە. بۆ نموونە ڕۆژ نییە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ مەحکووم نەکەن کە ئەم پێشێل‌کردنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەند قات زیاترە. سەرکوتی مافەکانی خەڵکی کوردستان چەند قات لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاترە. لە حاشاکردن لە هەرچەشنە مافێکی سیاسی و نەتەوەیی، لە ژمارەی زۆری‌ ئیعدام و شاڵاوی‌ گرتن و به‌ندكردنی‌ چالاكانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كولتووری. لە سه‌ركوتی‌ توندوتیژانه‌ی‌ بزاوته‌ مه‌دەنییه‌كان، لە ڕێگری لە خوێندن بە زمانی دایکی لە پەروەردە و بارهێنان‌دا، لە بەشداری پێنەکردنی کورد لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی ناوچەکانی خۆیان، هەروەها لە پەراوێزداڕاگرتنی کوردستان لە ڕەوتی گەشە و ئاوەدانی و زۆر ڕەهەندی دی لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌دا. نێوەرۆکی ئەم بەیاننامانە دەری‌دەخەن کە ئێران پابەند بە بەڕێوبرنی هیچ کام لەو کۆنڤانسیۆن و ڕێککەوتننامەیانە نییە کە بەڕەسمی ئیمزای کردوون، هەڵبەت چاونووقاندن و بەرژەوەندخوازیی هیندێک لە وڵاتانیش ئەم ئاسان‌کارییانەی بۆ ڕێژیم کردوە کە بێ‌پەروا درێژە بە سیاسەتەکانی خۆی لەمەڕ پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ بدا. لێکەوتەکانی ئەم شێوە مامەڵە ئەم ئاکام‌گیرییە دەدا بە دەستەوە کە ئەگەر وڵاتی ئێران ڕاستەوخۆ تاوانباری سەرەکیی پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤە لە ئێران، ئەوە وڵاتانی دێموکرات و خاوەن شوێن لە دنیاش لەوە پشکێکیان پێ دەبڕێ؛ چونکی بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەوان بە ڕژدی بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی ببانەوە و تێچووی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامییان لەسەر زۆر کردبا، ڕێژیم ئاوا بە ئاسانی بۆی نەدەلوا گاڵتە بە هەموو پەسندکراوەکانی جیهان‌داگری مافی مرۆڤ بکا. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە ڕەچاوکرانی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران تەنیا لە گرەوی پشتیوانیی دەرەکی و قورسایی وڵاتە بەهێز و دەسەڵاتدارەکان‌دا بێ، بەڵکوو گوشاری سەرەکی دەبێ لە نێوخۆی وڵات دروست ببێ. چونکی سات و سەودای ئاشکرا و ژێربەژێری وڵاتان لەگەڵ ئێران و بێ‌دەنگە لێکردن لە پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە هەتا ئێستاش یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەگ‌داکوتانی توندوتیژی لە ئێران و بەردەوامیی زەوت‌کرانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەن. بەپێی ڕەواڵی کاری شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵێ دوو ڕاپۆرت لەسەر ئێران ئامادە دەکرێ و ڕێپۆرتنێری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران (لە ئێستادا جاوید ڕەحمان) بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە لەم وڵاتەدا دەکەن. لە تازەترین ڕاپۆرتیش‌دا ئاماژە بە بەشی هەرەزۆری ئەم خاڵانە کرا کە وەک بەڵگەنامەیەکی بەهێز دەکرێ پشتی پێ ببەسترێ و هەر لە چوارچێوەی پەسندکراوە جیهانییەکان‌دا سزا بدرێ. بۆ نموونە کۆڵبەرکوژی، ڕەشبگیر و گرتنە سەرەڕۆیەکان، ئێعدامەکان، نەبوونی ئازادیی بیروڕا دەربرین، حیجابی زۆرەملێی ژنان، تەقینەوەی مین و کەمتەرخەمیی ڕێژیم لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان،چارە نەکردنی خۆکوژییە بەردەوامەکان، پارێزراو نەبوونی ئەمنیەتی ژیانی خەڵک لە شوێنی کار و.... سروشتییە ئەگەر دنیای دەرەوە ئەوانە نادیدە بگرێ کە تا ئیستا بەداخەوە لە تەنیشتیان تێ‌پەڕیوە و هەموو کێشە و پرسی ئێرانی لە چالاکیی ئەتومیی ئەم ڕێژیمەدا و ڕێگا چارەکەشی تەنیا لە "بەرجام"دا دۆزیوەتەوە، ئاساییە کە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە شێوەی ڕەفتار و کردەوکانی ئێستای بەردەوام بێت. کۆماری ئیسلامی نیزیک بە ٢٠ ساڵە ڕێگەی نەداوە هیچ کۆمیسێر و ڕێپۆرتێرێکی کۆمیسیۆن و شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەم وڵاتە بکا و لە نیزیکەوە و ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بکەن. لە دوای "گالیندۆپۆل" کە لە ساڵی ١٣٧٠‌دا توانیی سەردانی ئێران بکا، لەو کاتەوە ڕێژیم ڕێگەی بە هیچ چاودێرێک و نێردراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە پێ بنێنە خاکی ئەم وڵاتەوە. لەو کاتەوەش ڕاپۆرتی ڕێپۆرتنێرە تایبەتەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە پشت‌بەستن بە ئامار و داتا و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە بێ‌لایەنەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات ئامادە دەکرێ و، هەموو جارێکیش ئێران ئەنگی سیاسی‌بوون دەداتە ئەم ڕاپۆرتانە. هاوکات بوونی سۆسیال میدیا یارمەتیدەر بووە کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ وەک پێشوو جینایەت و پێشل‌کارییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ‌دا بشارێتەوە. ئاندرێس ئاگوئیلاری یەکەم ڕێپۆرتنیر بوو کە لەلایەن کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤەوە لە ساڵانی (١٩٨٤-١٩٨٦) بۆ ئەم کارە دیاری کرا. زۆری پێ نەچوو ئێران بیانووی پێ گرت و ناوبراو بۆ ناڕەزایەتی‌دەربڕین بە ڕەفتارەکانی ئێران وازی لە بەرپرسایەتییەکەی هێنا. ڕینالدو گالیندۆپۆل (١٩٨٦-١٩٩٥) کە دواتر ئەو ئەرکەی پێ سپێردرا، بەختی ئەوەی هەبوو سێ جار سەردانی ئێران بکا، بەڵام دواجار ئەویش لەوە زیاتر ڕێگەی پێ نەدرا. بە دوای ئەودا موریس دنبی کاپیتورن ( ١٩٩٥-٢٠٠٢ ) وەک سێهەم ڕێپۆرتنێر درێژەی بەم ئەرکە دا، بەڵام ماوەی مەئموورییەتی ناوبراو درێژ نەکرایەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ هیچ ڕێپۆرتنەرێک بۆ ئێران دیاری نەکرا. ئەم قۆناغە کە خاتەمی و ڕێفۆڕم‌خوازەکان لە دەسەڵات‌دا بوون، ئێران کڵاوێکی گەورەی لە هەموو بوارەکان‌دا خستە سەر دنیا، لە کاتێک‌دا هەر لەو کاتدا زۆرترین پێشێل‌کاریی مافی مرۆڤ لە ئێران (ئێعدامی زیندانییە سیاسییەکان، قەتڵە زنجیرەییەکان، داخستنی ڕۆژنامە و بڵاڤۆکان و ...) کرا. دوایەش کە بەهۆی زەق‌بوونەوەی ڕەفتاری دژە مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی شوڕای مافی مرۆڤ بڕیاری دیاری‌کردنی ڕێپۆرتنیر بۆ ئێرانی دەرکرد، لە ماوەی کاری سێ ڕێپۆرتنیری ئەم دواییانەدا ئەحمەد شەهید (٢٠١١-٢٠١٦) ئاسمە جەهانگیر (٢٠١٦-٢٠١٨) و ئیستاش جاوید ڕەحمان (٢٠١٨-) ئێران ئیزنی سەردان بۆ ئەم وڵاتەی پێ‌نەداون. لەژێر ڕۆشنایی ئەم باسەدا دەردەکەوێ کە ئەگەر ئێران حسێبی پاکە و مافەکانی مرۆڤ پیشێل ناکا، لەبەرچی سەفەری ئەم نوێنەرانە بۆ ئێران قەدەغە دەکا. یان مادام دنیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بڕیاردەر -کە بانگەشەی پاراستنی بەهاکانی مافی مرۆڤ دەکەن- بە پێشێل‌کارییەکانی کۆماری ئیسلامی و جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە دەزانن؛ چۆنە لە ڕێگەی زەبروزۆر و سەپاندنی سزای قورسەوە تێچووی ئەم ڕەفتارانەی کۆماری ئیسلامییان لەسەر زۆر ناکەن؟ بێ‌گومان مافی مرۆڤ ئەرزشێک و بایەخێکی نێونەتەوەییە و وڵاتان کەم و زۆر، بەند بە چەندی و چۆنیی دێموکراتیک بوونیان لەبەرچاوی دەگرن. لە زۆر وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکاش‌دا ڕێکخراو و لۆبیی چالاک هەیە کە کار لەسەر هەڵوێستی دەوڵەتەکانیان دەکەن و ئەو بابەتانەیان بۆ گرینگە. دیارە حاشا لەوەش ناکرێ کە لە هەر حاڵ‌دا و لە گشتییەتی خۆی‌دا «مافی مرۆڤ»، تابعێکە لە بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتان جا لە ڕووی ئابوورییەوە بێ یان ئەمنیەتی، بەڵام ناکرێ بیروڕای گشتیش لەبەرچاو نەگیرێ کەو بەو بابەتە حەسساسە و شوێنکاری لەسەر ئاراستەی سیاسی و هەڵوێستەکانی وڵاتان هەیە. بۆیه‌ ده‌کرێ حه‌سساس‌کردنی بیروڕای گشتیی ڕۆژاوا به‌ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، وه‌ک به‌ستێنێکی باش بۆ فشارهێنان بۆ ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا چاوی لێ بکرێ.