کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەرەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی و ئەرکەکانی ئێمە

13:48 - 17 سەرماوەز 2720

ئایا دەکرێ کۆماری ئیسلامی بۆ خۆڕزگارکردن لە چنگ قەیرانە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ڕوو لە سازان لەگەڵ ئەمریکا بکا؟ ئەمە هەرچەند بە هەبوونی عەلی خامنەیی وەک ڕێبەری بێ ئەملاوئەولای داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لەو ڕێژیمەدا و بیری باوەڕمەندانەی بە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکا بە دروست نازاندرێ، بەڵام ئەگەر ئەمجارە ئەمریکا و سەرۆکە نوێیەکەی بە هێزێکی زیاتری دیپلۆماسی و ئابوورییەوە بە پشت‌بەستن بە هاوپەیمانییەکی بەرینی نێودەوڵەتی ئەوجۆرەی لە بەرنامەی کاری‌دا هەیە ڕووبەڕووی ببنەوە، بە دوور نابیندرێ کە بۆ جارێکی دیکە و ڕێبەرێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگارکردنی خەیاڵیی ڕێژیمەکەی لە هەڵدێری نەمان جامی ژەهر بنۆشێ و ڕوو لە سازشی قارەمانانە بکاتەوە، وەک ئەو کاتەی ملی بۆ قبووڵ‌کردنی بەرجام ڕاکێشا. ئەوەی تا ئێستا هەست پێ دەکرێ وێ ناچێ چاوەڕوانی چوار ساڵەی ڕێژیم بۆ کۆتایی‌هاتنی دەسەڵاتی دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی ئەمریکا کە تاکلایەنە و بە ناوی زۆرترین فشار، ڕێژیمی تەنگەتاو کردبوو چاوەڕوانییەکی دڵخۆشکەر بووبێ. هەرچەند ئەگەر سیاسەتی زۆرترین فشار کۆماری ئێسلامیی بەچۆک‌دا نەهێنا، بەڵام تووشی تەنگەژەی وەهای کردوە کە دەربازبوون لێیان ئاسان نیە. ئێستاش ئەوە ڕاستە کە سەرۆکێکی دێموکرات جێگەی تڕامپ پڕ دەکاتەوە و ڕەنگە کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی گۆڕانکارییەک بێ لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ڕێژیمەکەیان، بەڵام لە ئێدارەی موئەسساتی ئەمریکا و بیرکردنەوەی گشتیی سیاسەتوانانی ئەو وڵاتە لەسەر ئێران بە دوور دەبیندرێ دەرگایەکی ڕەحمەت ئەو جۆرەی لە ئێران چاوەڕوانی دەکرێ بە ڕووی دەسەڵاتدارانی تاران‌دا بکرێتەوە. هاوکات ئەگەرچی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەدوور دەبینرێ بەڵام گومان لەوەدا نییە کە فشارەکان لەسەریان زیاتر دەبێ و دەبێتە هۆی زیاتربوونی کێشەکانی دەسەڵات. شاراوە نییە بارودۆخی ئێران بەرەو ئاقارێک ڕۆیشتووە کە ئێستا تەنانەت ئەوە بەرپرسان و کاربەدەستەکانی کۆماری ئیسلامیین کە زیاتر و ڕوونتر لە هەر لایەکی دیکە باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەمیان دەکەن کە بە هۆی تەحریمە ئابوورییەکان قورسایی خستووەتە سەر هەموو بەشە ئیدارییەکانی ئێران. نەبوونی داهات و ئیمکانی دابین‌کردنی بوودجەی ساڵانەی وڵات بەپێی پێویست، جگە لەوەی تا ڕادەیەکی بەرچاو لەسەر گەورەبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەکان لە نێوخۆی وڵات کاریگەری هەبووە و دەمڕاستەکانیان بێبەش بوون لەو سەرچاوە داراییانەی ساڵانێک بوو بە کاریان دێنا، نەک بۆ خزمەتی خەڵک بەڵکوو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان‌دا، تەنانەت بەرنامەکانی دەرەوەی سنووریی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئەوانی لە وڵاتانی ناوچەدا و پشتیوانی ماڵی لە میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی لەو وڵاتانەش پەک خستووە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئیستا ئیتر ئەو دەسەڵاتەیان نەماوە کە بەناوی ناردنە دەرەوەی شۆڕش بیانەوێ لە قووڵایی ستراتێژیی ناوچەدا شەڕی پارێزگاری لە خۆیان لە دەرەوەی سنوورەکان بکەن. ئێستا شەڕ لە بەر دەرگایان‌دایە و ئەو شەڕەش نەک شەڕی ئەمریکا لە دژی ئێرانە کە بە بەردەوامی دەیانەوێ بۆ خۆحەشاردان و فریودانی خەلک کەڵکی لێوەر بگرن، بەڵکوو شەڕی کۆتایی تەمەنیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکجاری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دژی ستەمی دژە مرۆڤانەی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارییان. بە تایبەت کە ئێستا جگە لە قەیرانەکانی پێشوو لە کۆشتنی زانای ناوکیی ئێران (فەخری‌زادە) لە ناوچەیەکی ئەمنییەتی نزیک تاران‌دا، جا چ وەک شەڕی نێوخۆیی دەسەڵات بیبینین یا ئەو جۆرەی دەیڵێن دەستی دەرەکی و ئیسڕائیلی تێدابێ، دەرکەوت کە کەلێنێکی ئەمنییەتی و قەیرانێکی ئەمنیەتییش بەرۆکی گرتوون. لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی کە بۆ ڕۆژێکیش بیری لە ژیان و مافەکانی خەڵک نەکردۆتەوە، بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوت‌کردنی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی داوە. پێ‌بەپێی زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان، ئەم سەرکوتە لە گرتن و ئەشکەنجە و لە داردانەوە گواستراوەتەوە بۆ سەرکوتی خیابانی و کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران‌دا. هەر ساڵی ڕابردوو لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەردا بە هەزاران کەسیان لەسەر شەقامەکانی شارە جیاجیاکانی ئێران خەڵتانی خوێن کرد کە ئەم جنایەتە بەشێک لە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە. ئەو خۆپیشاندانە و ناڕەزایەتییەکانی دواتریش کە چاوەڕوانی سەرهەڵدانەوە و پەرەگرتنیشی دەکرێ، بۆ جارێکی دیکەش ئەو پەیامەی بە ڕوونی بە گوێی هەموو جیهان‌ دادا کە ئەو ڕێژیمە، سیستمی دەسەڵاتداری ئەم سەردەمە نییە و دەبێ کۆتایی بە تەمەنی سەرکوت‌کارانەی لە نێوخۆ و مەترسیدار بۆ ناوچەش بهێنرێ. بێ‌گومان لە هەموو ساڵانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی‌دا، کوردستان کە وەک ناوچەیەکی ئەمنییەتی لەلایەن ئەوانەوە چاو لێ‌کراوە زۆرترین سەرکوتی تەنانەت بە شێوەی کوشتنی بەکۆمەڵی لەسەر بەڕێوە چوە. هەر بۆیە لە هەلومەرجێکی وەهادا کە ئەگەری ڕوودانی هەر پێشهات و ئاڵوگۆرێکی چاوەڕوان نەکراو هەیە و هەر گۆڕانکارییەک دەتوانێ کاریگەری لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی مافخوازانە خەڵکی کوردستان هەبێ، پێویستە زیاتر لە جاران و وردتر بڕوانینە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بە کردەوە و باشتر لە پێشوو بە مەبەستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی کورد کە پشت‌بەستوو بەهێز و ئێرادەی خۆیەتی، و بۆ بەجەماوەری کردنی خەبات و بە پشت‌بەستن بە هەموو هێز و توانای تێکۆشەرانی کورد لە نێوخۆی وڵات هەنگاو هەڵێنینەوە. بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکەش یەکڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کورد مەرجی پێویست و سەرەکییە. لەم هەلومەرجە سیاسییەدا دەبێ هەوڵ بدرێ پەرە بە هاوکاریی نێوان هێزەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بدرێ و ئەم ناوەندە بەرامبەر بە بەرپرسیارییەتییەکانی و ئەو ئەرکە گرینگەی دەکەوێتە سەر شانی بۆ پلاندانان و ڕێبەری بزووتنەوەی کورد لەم قۆناغەدا لەسەر هەست بێ. جگە لەوەش کار بۆ دروست‌کردنی پێوەندییەکی بەهێز و بە کردەوە لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری ئێران لە نێوخۆی وڵات بکرێ کە دەری خستوە دەتوانێ بزووتنەوەیەکی بەهێز و کاریگەر بێ، وەک ئەرکی هەنووکەیی چاو لێ‌بکرێ و بەهێزبوونی ئەو بزووتنەوە وەک یارمەتیدەرێک بۆ بزووتنەوەی کورد ببیندرێ کە لە داهاتوویەکی هاوبەش‌دا، پاڵپشتی وەدیهاتنی هەموو ماف و ئازادییەکانی تێکڕای خەڵکی ئێران و نەتەوەی کورد لە ئێران بێ. هەروەها دەبێ یارمەتیدەر بین بۆ یەک‌خستنی ڕیزەکانی هەموو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە کۆماری ئیسلامی کە هەتا ئێستاش بەداخەوە بە هۆی جیاوازیی بۆچوون بە پرش و بڵاوی ماوەتەوە. بێ‌گومان جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە دەتوانێ بەرەو قۆناغی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی ئازادی و دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانمان ببا.