کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوان لە سێبەری دیپلۆماسی‌دا

13:50 - 17 سەرماوەز 2720

كۆماری ئیسلامی لە ماوەی دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی خۆی‌دا بەردەوام بە ئامانجی بردنە پێشی سیاسەتی هه‌نارده‌ كردنی شۆڕش و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیرۆکەی ویلایه‌تی فه‌قیهـ و هەروەها رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و سڕینەوەی دژبه‌رانی، ڕێسای پارێزراویی دیپۆماتیکی به‌كارهێناوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ زێدەخوازییەکانی له‌دوای شۆرشی ٥٧ەوە. دیپلۆماتکارانی ڕێژیم دەیان کردەوەی تیرۆر و تەقینەوەیان لە سەرتاسەری جیهان ئەنجام داوە و لە زۆربەشیان‌دا بە پشت‌بەستن بە پارێزراویی دیپلۆماتیک قوتار بوون. لە ڕۆژانی ڕابردوودا بڵاوبوونەوەی هەواڵی دادگایی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپڵۆماتی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی بێلژیک بە تاوانی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دژی کۆبوونەوەی موجاهیدینی خەڵق لە شاری پاریس، بۆ جارێکی دیکە دەزگای دیپڵۆماسیی تیرۆری ڕێژیمی ئێرانی لە ناوەند و کۆبوونەوە جیهانییەکان خستەوە ڕۆژەڤ. ئەوە یەکەم جار نییە تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی پارێزراویی دیپلۆماسی بۆ ئامانجەکانیان بەکار دێنن. دەسەڵاتدارێتیی سەرەڕۆی ئێران لە سەرەتای هاتنە سەر کارییەوە پێشێلکاریی زۆری چ لە ئاستی نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە ئەنجام داوە و وەک سیستەمێکی نابەرپرس بەرامبەر خەڵکی نێوخۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوەی جۆراوجۆری ئەنجام داوە. چالاکییە نایاسایی و دژە نەریتییەکانی ڕێژیم لە وڵاتانی جۆراوجۆر چ لە ئورووپا و چ لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەنانەت ئەمریکاش سیمایەکی ناوەڵامدەری لە حاکمییەتی ئێران خستۆتە ڕوو. بە جۆرێک کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە دەیان جار ڕێککەوتننامە و پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردوە. کاتێک خوێندکارانی ناسرا و بە لایەنگری خەتی ئیمام لە دیوارەکانی باڵوێزخانەی ئەمریکا چوونە سەرێ و ٥٢ دیپلۆماتی ئەمریکاییان دەستبەسەر کرد، جیهان باوەڕی نەدەکرد دەوڵەتی نوێی ئێران ئەو ڕێچکە سیاسییە بگرێتە پێش کە تەنانەت بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی خۆی پشتگوێ بخا. ئەو ڕووداوە سەرەتای دەرکەوتنی نەشازییەکی نێودەوڵەتی بوو کە قوربانییە سەرەکییەکەی، گەلانی ئێران بوون. دامەزران و بەهێزبوونی سوپای پاسداران و بەدەستەوە گرتنی دەزگای دیپلۆماسی و ناردنی ئەندامانی سوپای پاسداران وەک باڵوێز بۆ وڵاتان لە پێناو ئامانجە سەرەکییە ڕاگەیەنراوەکەی ڕێژیم واتە هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی وڵات، بوو بە بنەمای سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی. بە جۆرێک کە باڵوێزخانەکانی ئێران لە سەراسەری جیهان بوونە بنکەی جاسووسی و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان و تیرۆری جیابیران و نەیارانی ڕێژیم و تەنانەت سپی‌کردنەوەی پووڵ بۆ بەدەست‌هێنانی پاڵپشتی دارایی بۆ کردەوەکانیان. دادگایەکی ئاڕژانتین باڵوێزی ئێرانی لە تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەی ئامیا لە شاری بوینۆس ئایرێسی ئەو وڵاتەی بە تاوانبار ناساند. بەپێی حوکمی ئەو دادگایە، سولەیمانپوور لە پلانداڕێژەرانی ئەو تەقینەوەیە بووە لە ساڵی ١٣٧٣ کە تێیدا ٨٥ کەس کوژران و زیاتر لە ٢٠٠ کەس بریندار بوون. هەرچەند ناوبراو ساڵی ١٣٨٣ لە بریتانیا بەو تۆمەتە دەسبەسەر و دادگایی کرا، بەڵام سەرەڕای پێداگریی دەوڵەتی ئاڕژانتین لە ڕادەست‌کردنی بۆ ئەو وڵاتە، لە ئەنجامی ساتوسەودای کاربەدەستانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی بریتانیا، نێردرایەوە ئێران. تێرۆری دوکتور قاسملوو لە ڤییەن لە لایەن دیپلۆماتەکانی ئێران و ڕادەست‌کردنەوەی تاوانباران لە لایەن دەوڵەتی ئوتریشەوە نموونەیەکی دیکەی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر پۆششی دیپلۆماسی دابوو. دەتوانین دادگای میکۆنووس بە گرینگترین سەنەدی ریسوایی کۆماری ئیسلامی و تیرۆری حکوومەتی لە ماوەی حوکمداریی ڕێژیم دابنێین. بکوژانی دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی کە لە نێردراوانی تاران و ئەندامانی حیزبوڵڵای سر بە ئێران بوون، لەو داگایەدا بە تاوانبار ناسران و سزا دران. دادگا هەروەها لە حوکمەکەی‌دا ڕێبەرانی باڵای ئێرانی بە بڕیاردەرانی ئەو تیرۆرە ناساند. ئەو حوکمەی دادگای بێرلین کە لە کاتی خۆی‌دا و تا ئێستاش بێ‌وێنە بووە، ئاڵۆزییەکی گەورەی لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئورووپایی‌دا دروست کرد. ئەو کەیسانەی ئاماژەمان پێکردن چەند نموونەیەک بوون لە کردەوەکانی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران کە لە بەرامبەر هەموو پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان‌دا وەستاوەتەوەو بێ باکانە سیاسەتی سڕینەوەو دەستێوەردان دەباتە پێش. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە تاوانباران لە پەنای جەغزێکی ئەمن بە ناوی پارێزراویی دیپلۆماتیک‌دا خۆیان حەشار دەدەن و زۆربەی ئەو وڵاتانەی تاوانەکانیان تێدا ئەنجام دراوە، پرسی مافی مرۆڤ دەکەنە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. پارێزراویی دیپلۆماتیک وەک پڕەنسیپێکی نێودەوڵەتی یارمەتیی دیپلۆماتکارانی ئێرانی داوە تا بتوانن ئامانجەکانیان بپێکن و لە هەمان کات‌دا بەرامبەر دادگا و یاسای وڵاتان پارێزراو بن. بەپێی کۆنڤانسیۆنی ڤییەن کە ساڵی ١٩٦١ پەسند کراوە، باڵوێز و نێردراوانی دیپلۆماسی پارێزراویی دادوەرییان هەیە لەو تاوانانەی ئەنجامی دەدەن لەو وڵاتانەی کاری دیپلۆماسی تێدا دەکەن. واتە سیستەمی داوەریی وڵاتان بۆیان نییە دیپلۆماتکارانی ولاتانی بیانی ڕاکێشی دادگای وڵاتەکەیان بکەن، مەگەر لە کەیسی مەدەنی و بازرگانی‌دا. لە سیستەمی یاسایی نێودەوڵەتی‌دا کۆمەڵێک پڕەنسیپ هەیە کە لە بەرامبەر پارێزراویی دیپلۆماتیک‌دا قەرار دەگرن. بۆ نموونە لە گرینگترین ئەو ڕێسا نێودەوڵەتیانەدا دەتوانین ئاماژە بە پڕەنسیپی سەروەریی وڵاتان، پاراستنی ئاشتی و ئارامیی نێودەوڵەتی و هەروەها پڕەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان بکەین. لە بنەڕەتدا پێدانی مافی پارێزراویی دیپلۆماتیک بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان و هەروەها پتەو کردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانە نەک تێکدانیان. هەر بۆیە دادگای بێلژیک وڵامی ئەو بانگەشەیەی ئەسەدوڵڵای ئەسەدی نەدایەوە کە ڕایگەیاندوە پارێزراویی دیپلۆماتیکی هەیە و دادگا سەڵاحیەتی ئەوەی نییە ناوبراو دادگایی بکا. داواکاری گشتیی بێلژیک دەڵێ بە هۆی ئەوەی شوێنی کاری ئەسەدی وڵاتی ئوتریشە، بەڵام ناوبراو لە ئاڵمان دەستبەسەر کراوە، هەر بۆیە ناتوانێ لە مافی پارێزراویی دیپلۆماتیک کەڵک وەرگرێ. کۆنڤانسیۆنی ڤییەن سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکان مافی پارێزراوی دەداتە نێردراوە دیپلۆماتیکەکان تەنیا لەو وڵاتانەی ئەرک بەڕێوە دەبەن و لە لایەکی دیکەشەوە ماددەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە نابێ دژایەتیی ڕێساکانی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان بن کە بە ڕوونی تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی مەحکووم دەکا. ئەوە لە کاتێک دایە بەڵگەی بەهێز لەسەر پەیوەندیی ناوبراو بەو ڕووداوەوە هەیە و تەنانەت دادگای بێلژیک سوورە لە سەر ئەوەی ناوبراو رێکخەری سەرەکیی کردەوە تیرۆریستییەکە بووە. ئەوە یەکەم جارە دیپلۆماتێکی ئێران لەو ئاستەدا بە تاوانی تیرۆر دەسبەسەر و دادگایی دەکرێ. نەبوونی هەڵوێستێکی جیددی و پێشگیرانە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆکاری سەرەکیی بەردەوام بوونی تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامییە کە هەم گەلانی ئێرانی کردۆتە قوربانی و هەم ئاسایشی نێودەوڵەتیی خستۆتە مەترسییەوە.