کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسکەوتی ترامپ لە پێوەندیی لەگەڵ ئێران‌دا

14:29 - 1 بەفرانبار 2720

لە نێو پڕ شانازییترین دەسکەوتەکانی دۆنالد ترامپ وەک سەرۆک کۆمار، کشاندنەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بەرجام واتە ڕێک‌کەوتنی سەرۆک کۆماری پێشوو لەگەڵ ئێران لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە بوو. بوێرانەترین هەنگاوی ماوەی سەرۆک‌کۆمارییەکەشی، بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سپای قودس، هێزی تایبەتیی دەرەوەی وڵات، لقی تێرۆریستیی سپای پاسداران، لە فڕۆکەخانەی بەغدا بوو. سەرۆک کۆمار ترامپ دەیەویست عێراق جێ‌ بهێڵێ و، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی تۆڵە ئەستاندنەوە و ئەرک‌وەئەستۆگرتنی زیاتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی بە کوشتنی ژەنڕاڵێک قبووڵ کرد کە لەوانەیە دوای ئوسامە بین لادن، نەخشەداڕێژی کوژرانی زۆرترین ژمارەی ئەمریکاییەکان بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، بە کەڵک وەرگرتن لە پێوانەی خودی ترامپ بۆ سەرکەوتن، سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بەرانبەر ئێران، واتە زیادکردنی زەختی ئابووری تا تاران ملکەچی ڕێک‌کەوتنێکی باشتر دەبێ، شکستی هێنا. ئەوە لە پێشدا دیار بوو کە هەر وا دەبێ: هیچ ڕێک‌کەوتنێکی "باش" لە گەڵ دەوڵەتێکی شۆڕشگێری ئیسلامیی ناکرێ و نابێ. هەر جۆرە سازانێکی نوێ، یان ڕێک‌کەوتنێکی دوای ئەوی پێشوو، وەک بەرجامی لێ دێ. کۆتاییەکەی ئەوە دەبێ کە تاران ویلایەتە یەکگرتووەکان ناچار دەکا لە ڕێگای سووک‌کردنی ئابلۆقەکانەوە چەند میلیارد دۆلار سوودی پێ بگەیەنێ، کە حکوومەتە ئایینییەکە و ئیمپریالیزمەکەی پێ پتەو بکا، لە کاتێک‌دا کە دەست‌ڕاگەیشتنی ڕێژیم بە چەک‌وچۆڵی ناوکی کەمێک وەدوا دەکەوێ. ئەوە بۆیە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما خۆی لە زیادکردنی بەرنامەی کۆنترۆڵی مووشەکی بالیستیک بە بەرجامەوە بوارد: ڕێبەری گەورەی ئێران، عەلی خامنەیی، و سپای پاسداران هەرگیز ئەوەیان قبووڵ نەدەکرد. بە هەمان شێوە هەر جۆرە سیستەمێکی لێکۆڵینەوە کە لەوێ‌دا پشکێنەرانی خۆرئاوایی بتوانن بۆخۆیان بە کردەوە سەردان بکەن، چ بگا بە پشکنینی بنکەکانی سپای پاسداران کە لەوێ ئاشکرا بووە یان گومان دەکرێ توێژینەوەی ناوکی یان مووشەکیی بالیستیک بەڕێوە دەچێ. گەشەپێدانی مووشەکی دوورمەودا و خاوەن توانایی هەڵگرتنی کڵاوی ناوکی، کە زیاتر لە دوو دەیەیە لە لایەن سپای پاسدارانەوە پێشترێتی پێ دەدرێ، ئامرازی پێویست دەداتە دەسەڵاتدارانی ئێران تا ڕکەبەرەکانیان لە ناوچە و ئەولاتریش کۆنترۆڵ بکەن، هەڕەشەیان لێ بکەن و بیانترسێنن. ئەوە شتێکە کە ئێران دەستی لێ هەڵناگرێ. سیاسەتی ترامپ بەرانبەر بە ئێران بژارکراو و ناڕێکوپێک بووە و ئەوە ئاشکرا دەکا کە ناچارکردنی ئابووری لە پێش کۆنتڕۆڵ‌کردنەوە بووە. کۆنتڕۆڵ‌کردن ستراتێژییەکی پشوودرێژی گۆڕینی ڕێژیمە. زەختی لێبڕاوانە و پاشەکشە پێکردن، قەیرانی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی، کە زۆر جار بۆتە ناڕەزایەتیی بەربڵاو، چڕتر دەکا و ئەگەری تێکشکانی سیستەمەکە زیاتر دەبێ. بێگومان ترامپ هیچ ئارێشەیەکی ئەخلاقیی لەبارەی جێبەجێ کردنی ئەوەدا نەبووە؛ بەڵام ئەو نایهەوێ ئەو بەرپرسیارییانە بگرێتە ئەستۆ کە بێ ئەملاوئەولا کۆنترۆڵ‌کردن دەیخوازێ. (واتە دروست کردنی هاوڕاییەکی نێونەتەوەیی و نێوخۆیی بۆ گۆڕینی ڕێژیم). لە جیاتان، ئەو هاوپەیمانیی عەڕەبی سوننی دژی ئێرانی شیعەی برەو پێ دا، ستراتێژییەک کە لە سێپتەمبەری ٢٠١٩، کاتێک عەڕەبستانی سعودی و ئیماراتی یەک‌گرتووی عەڕەبی سەرەڕای باڵادەستیی هێزی ئاسمانی، لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ڕێژیمی مەلایان بۆ سەر پاپۆڕی نەوت‌هەڵگر و دامەزراوەی پاڵاوتنی نەوتی ئەوان، شکستی هێنا. ترامپ یەکەکانی هێزی ئاسمانی و دەریایی لە کەنداو نەکشاندەوە، و بە شێوەی کاتیی هێزی پیادەی لە ناوچەکەدا زیاد کرد، ڕێگای بە مەلاکان دا عەڕەبەکانی کەنداو ئەزیەت بکەن بەڵام باشووری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە لە بواری نەوتەوە گەلێک دەوڵەمەندە نەشێوێنن. تاران ئێستا نزیکەی ٥٠٠٠ پاوند ئورانیۆمی کەم پیتێندراوی هەیە کە گەلێک لەو ڕێژەیە زیاترە کە بە گوێرەی بەرجام ڕێگای پێدراوە و یەک لەسەر پێنجی ئەو ڕێژەیەیە کە ڕێژیم پێش ڕێک‌کەوتنەکە گوتبووی هەیەتی. لە ڕاستی‌دا ڕێژیمی مەلایان کێبەرکێی نەبووە تا ڕێژەیەکی زۆر کۆ بکاتەوە. (بە لەبەر چاو گرتنی ئاسانیی وەگە خستنەوەی سانتریفیوژان، ئەوان دەیانتوانی ئەو کارە بکەن.) ترامپ بە دڵەڕاوکێ زیادکردنی ئەو ڕێژەیەی خستۆتە ژێر چاودێریی. بەگوێرەی هێندێک ڕاپۆرت، ئەو لەو دواییانەدا بیری لە هێرشی سەربازی بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ئێران کردۆتەوە بەڵام ڕاوێژکارەکانی ناوبراویان لەو کارە پەژیوان کردۆتەوە. گریمانەی ئەوە دەکرێ کە ئێران دوای کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتنە ناوکییەکە بە هەموو هێزەوە ئورانیۆمی نەپیتاندووە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ترسی ئێران لە ترامپ. سەرەڕای دەستێوەردانەکانی ئێران و زیادکردنی پیتاندنی ئۆرانیۆم، دەسکەوتەکانی سەرۆک کۆمار لە پێوەندیی لەگەڵ ئێران ڕاستەقینەن و وێدەچێ بەردەوام بن. یەکێک لە ئاسەوارەکان، کە وێدەچێ گەڕانەوەی بۆ نەبێ و، بێ‌گومان سەرکەوتنێک بوو کە بە ئانقەست نەبوو، لاواز کردنی سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕوحانی و ئاڵقەی "تێکنۆکراتەکانی پراگماتیستی" ناوبراو بوو. ماوەیەکی دوورودرێژ ڕوحانی، لە دامەزرێنەرانی حکومەتی پۆلیسی و ئایینی ئەو پێشنیارەی برەو پێدابوو کە کۆماری ئیسلامیی دەتوانێ کەڵک لە وەبەرهێنان و بازرگانیی خۆرئاوا بۆ تێپەڕاندنی گیروگرفتەکانی وەرگرێ. مەلاکە دەیەویست شێوەیەک لە مودێلی چینی ئیسلامیی هاوردە بکا، واتە دیکتاتۆرییەکی بناخەداڕێژراو لەسەر کاپیتالیزم کە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە پتەوتر بێ. لە ٢٠١٣، خامنەیی ڕوانگەی ڕوحانیی پەسەند کرد. ئێران دەیتوانی بە مەرجەکانی ئۆباما بە هەموو شتێک بگا: ئابوورییەکی بەهێزتر (سووک‌کردنی ئابلۆقەکان و پێوەندیی بازرگانی کە دەیتوانی بە شێوەیەکی کاریگەر پێش بە ویلایەتە یەکگرتووەکان بگرێ تا جارێکی دیکە بتوانێ سزای ئابووری بەسەر ئێراندا بسەپێنێ)، هێزێکی سەربازیی بەهێزتر و، ناوچەی ژێر دەسەڵات کە کەس نەتوانێ دەستی بۆ ببا، سەقامگیریی نێوخۆیی زۆرتر و بەرنامەیەکی ناوکیی باشتر بە ژمارەیەک سانتریفیوژی پێشکەوتووتر کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی نەیدەتوانی پێشی پێ بگرێ، لە بەرانبەر کەمێک دواکەوتنی ژێرخانی پیشەسازیی ناوکیی. لە چەند ڕێگای گرینگەوە، ڕێککەوتنە ناوکییەکە بەکردەوە کاری ڕێژیمی مەلایانی بەرەو بۆمبی هاسانتر دەکرد. ڕوحانی وێدەچێ دوایین مەلا بێ کە بتوانێ ڕێژیمی ئایینی لە خۆی نەجات دا و کارێک بکا کە خۆرئاوا تێچووە ئابوورییەکەی بدا. لەوانەیە جۆ بایدن بۆ ڕازی کردنی خامنەیی بۆ گەڕانەوە بۆ بەرجام،  پێش کۆتایی ماوەی سەرۆک کۆماریی ڕوحانی لە هاوینی ساڵی داهاتوو، چەند میلیارد دۆڵار پێشکەشی مەلایان بکا. بەڵام، کات کەمە و ڕێبەری گەورە زۆر چاک دەزانێ ناکرێ متمانە بە هیچ "مامەڵەیەک" لەگەڵ واشینگتۆن بکا. کۆماری ئیسلامی ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی بلیمەتی پێشکەوتوو و دنیادیتووی نین. لەوانەیە عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پارلمان و بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کە بەتەمایە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی بەربژێر بکا، بتوانێ خۆ لە قەرەی لێهاتوویی ڕوحانی لە نێوخۆ و دەرەوە بدا. بەڵام ئەوە زێدەڕۆییە. لاریجانی نیشانی داوە کە لایەنگری ڕوانگە سەرەڕۆیانەکانی ڕێبەری گەورەیە؛ ئەو و براکانی، هەموویان ئیسلامیستی بەجۆشن بە ڕەوشتی سنووردار، بۆیان دژوارترە جێی خۆیان لە دڵی خۆرئاواییان‌دا بکەنەوە. و ئێستا وێدەچێ لاریجانی پێوەندی سارد و سڕتری لەگەڵ ڕێبەری گەورە هەبێ، کە بڕیار دەدا کێ خۆی بۆ سەرکۆماری بەربژێر بکا و کێ بیباتەوە. دوای هەڵبژێرانی ڕوحانی لە ٢٠١٣ هەلێک بۆ بەرجام هەڵکەوت، بەڵام ترامپ ئەو ڕێککەوتنەی فڕێ دا و پیاوی کەم‌زانتر و کەمتر دنیادیتووی هێشتەوە تا خۆلیاکانی ڕێژیم جێبەجێ بکەن. ئەو پیاوانە دەبێ لەگەڵ دەسکەوتێکی دیکەی ترامپ هەڵسوکەوت بکەن: ئەو پێوەندیی نێوان ڕێژیمی مەلایان و هەژارانی پچڕاندووە. ئەوەی سەرکوتی جووڵانەوەی سەوز لە ١٣٨٨ بە زانستگە دیتووانی چینی مامناوەندی تارانی کرد، ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ١٣٩٦ و بە تایبەتی ١٣٩٨ (ئەوی دواتر بە تووندترین شێوە سەرکوت کرا) لەو دواییانەدا خراپتری بە چینەکانی خوارتر کرد، کە سەردەمێک وەک تیغەرەی پشتی حکومەتی ئایینی سەیر دەکران. ئابلۆقەکانی ئەمریکا تیشکی خستە سەر لیستەی دوور و درێژی سکاڵاکانی خۆپیشاندەران دژی ڕێژیم. ئەوە جێگای سەرسوڕمانە کە چەندە کەم ڕەخنەیان لە ترامپ گرتووە، چونکە ڕێکارەکانی ناوبراو بێگومان هەژاریی ئەوانی زیاتر کردووە. هەستی لایەنگریی لە ئەمریکا لە نێو خۆپیشاندەران‌دا شتێکی ئاسایی بوو. ئەو نەخدینەیەی کە بەو زووانە بایدەن پێشکەشی تارانی دەکا دەتوانێ زەختی نێوخۆیی زیاتر بکا. بەڵام سیاسەتە نێوخۆییەکان و پێشوەچوونەکانی ناوچەیی بە قازانجی تاران ناچنە پێش. ئیسڕائیل  سپای پاسداران و بەکرێگیراوەکانی لە سووریە لەغاو کردووە؛ مەلاکان بە ئاشکرا نیشانیان داوە کە زات ناکەن لەگەڵ دەوڵەتی جوولەکە دەست بکەنەوە. لە عێراق، هەستی دژی ئێرانی لەنێو شیعەکاندا بەردەوام لە زیاد بوونە؛ کوژرانی سولەیمانی و یاریدەدەرەکەی لە عێراق، ئەبو مەهدی مەهەندیس، پێگەی تارانی لەو وڵاتەدا بە جیددی لاواز کرد، هێزەکانی لایەنگری ئێران و ڕێژیمی مەلایان هێشتا لە جێگرەوەکانیان دەگەڕێن و لوبنان وەها تێکچووە کە وێناچێ حیزبوڵڵا، بەکرێگراوە عەڕەبە دڵخوازەکەی ئێران، بتوانێ سوودی لێ ببنێ. ئەگەرچی ترامپ نەیتوانی بیرۆکەی کۆنتڕۆڵی چەک‌وچۆڵ وەک نیگەرانیی سەرەکیی وەلا نێ، ئەو بێگومان ترس و هەست بە تاوانبار بوون، کە بڕیاردەری بەشێکی زۆری سیاسەتی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە تاران لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامیی بەولاوە دیاری کردبوو، وەلا نا و کردارەکانی هێشتا لەوانەیە بتوانێ ئێمە لە هەڕەشەی بەربڵاوی ناوکیی بە دەست پیاوانێکەوە بپارێزێ کە بە کەم‌بوونەوەی دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان کەیف‌خۆش دەبن. ئەو داوا "قەرەبوو کردنەوە" ئابوورییانەی خامنەیی و مەلاکان باسی دەکەن لەوانەیە تەنانەت تیمی بایدنیش زراویان لێی بچێ. لەوانەیە تاران خوازیاری سنووردارتر کردنی پێشوەچوونەکانی سانتریفیوژەکانیان نەبن، کە بەگوێرەی بەرجام تەنیا چەند ساڵێکیان ماوە بە ئاشکرا مەکینەی پێشکەوتوو دروست بکەن. ئەگەر کردەوەکانی ترامپ لە کۆتاییدا ئێمە لە دانی چەند میلیارد بە دژە ئەمریکاترین، دابینکەری دارایی بۆ تێرۆریزم، شەڕانشۆترین و خونڕێژترین ڕێژیمی خۆهەڵاتی نێوەڕاست ڕزگار بکا، ئەو دەیسەلمێنێ کە گرینگترین و کاریگەرترین سەرۆک کۆمار لە هەڵسوکەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی کە ڕوحوڵڵا خومەینی جیمی کارتەری وەلانا، بووە.