کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گڕی سەرماوەز و ئاڵای شەکاوە

15:21 - 1 بەفرانبار 2720

هەموو ساڵێک لە ٢٦ی مانگی سەرماوەزدا بەرەوپیلی جێژنێک دەچین کە پنچکی لە کانیاوی دوو هەڵکەوتی مێژوویی‌دا داکوتاوە و ئەو دوو هەڵکەوتەش بریتین لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی پێشمەرگە. سەرەتا حەز دەکەم تاوێ بپڕژێمە سەر باسی پێشمەرگە و دواتر کڕنۆش بۆ ئاڵا بەرم.   پێشمەرگە ناوێکی دیاریکراوە بۆ چەکداری ڕزگاریخوازی کورد. کەسێکە وەپێش مەرگ دەکەوێ. وەپێش مەرگ‌کەوتن بە باوەڕی من دوو واتا لە خۆدەگرێ. یەکەمیان ئەو کەسەیە کە خاوەن بوێرییەکی بێ‌سنوور و لەڕادەبەدەرە و بەربەرەکانی لەگەڵ مەرگ دەکا و بێ‌ئەوەی لێی‌بترسێ، وەکوو حەریف بانگی گۆڕەپانی ململانێی دەکا و دەخوازێ سامی مەرگ بشکێنێ و بیبەزێنێ و پێی بسەلمێنێ کە لێی ناترسێ. بە واتایەک پاڵەوانی بەزاندنی دێوەزمەی مەرگە. لەلایەکی ‌تریشەوە ئەگەر پاڵەوانی ململانێی ئەو گۆڕەپانەیە، پێویستە بزانین ئامانجی لە بەزاندنی ئەو دێوەزمەیە چییە؟ بەدڵنیاییەوە دەبێ خواستێکی پیرۆز لەگۆڕی‌دا بێ کە ئەو مرۆڤە بوێرە گیانی بۆ لە مەترسی دەخا. "شەڕ دژی کۆیلەتی تا قۆناخی ڕزگاری". کەواتە سڕینەوەی چەوسانەوە لەهەر قالبێک‌دا، ئامانجی پێشمەرگەیە. جا چەوسانەوەی نەتەوایەتی، چینایەتی، ڕەگەزیی یا هەرجۆری‌تر بێ. بە واتایەک، پێشمەرگە لێرەدا بەڵاگەردانە، بەڵاگێڕەوەیە، پارێزەرە. ئەو خۆی دەکاتە سندووقی سەری مرۆڤەکانی کۆمەڵگە و دەسەر سەریان دەگەڕێ. لە هەمووی گرینگتر، ئەگەر ئازادی داوای خوێن بکا، ئەو خێرا دەبێتە قۆچی قوربانی. کەوابوو فیدایی‌یەکە و پیش بە نەهامەتییەکان دەگرێ و دژی زۆرملییەکان دەوەستێتەوە. هەڵبەت لە قامووسی یەک سەدەی داهاتوودا، هەردەم وەکوو ڕزگاریخواز چووەتە نێو دڵی وتار و شێعر و بیرۆکەی خەباتی سیاسی و مافخوازیی کوردانی ڕاپەڕیو. هەندێ‌جار وشەگەلێک دێنە گۆڕێ کە لە زاتی خۆیان‌دا نێگاتیڤن، بەڵام لە کردەوەدا بەرەبەرە واتای پۆزێتیڤ دەستەبەر ‌دەکەن. وشەی مەرگ جوان نییە کە ئینسان وەپێشی بکەوێ یا بەدوای‌دا بڕوا، خۆشترە مرۆڤ لەجیات ئەوەی وەپێش مەرگ بکەوێ، یا لە پێش مەرگ بێ، پێشقەرەوڵیی عەشق و خۆشەویستی بکا. ئەو دیاردەیە هەر لە زمانی کوردیدا نییە و لە زمانی دیکەش‌دا باوە. بۆ وێنە لە زمانی یۆنانی‌دا "ئاندارسی‌یا " واتای ئاژاوەگێڕی دەدا، بەڵام پارتیزانەکانیان یا باشترە بڵێم پێشمەرگە ڕزگاریخوازەکانیان ناوی "ئاندارتیس"یان لەسەر بووە و مانای چریک یا پارتیزانی داوە. ناوی پێشمەرگە بۆ چەکداری کورد لەجیات سەرباز، عەسکەر، نیزامی، فیدایی، گریلا، پارتیزان، کۆماندۆ، گیانفیدا، جەنگاوەر، چریک، چەکدار، شەڕڤان، وڵاتپارێز، تفەنگچی و میلیشیا و هتد هاتووە؛ لە ئەدەبیاتی کوردیدا بەعام وەکوو کەسی جوامێری کورد کە لە مەرگ ناترسی و بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی هەوڵ دەدا و ڕزگاریخوازە مانا کراوە.   ئەو ناوە چۆن دیاریکراوە؟ ئەوەی زۆرتر هاتووەتە بەرباس، کۆبوونەوەیەکە لە سەردەمی کۆماردا، کە لەودا جەنابی پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و زمانزان و ئەدیب بەدوای ناوێک‌دا دەگەڕێن کە بۆ چەکداری کورد گونجاو‌ بێ. بە هیچ ئاکامێک ناگەن. ڕاست لەو کاتەدا مام ئەحمەد دەسماڵ کە خەریکی خزمەت‌کردن دەبێ و چا لەپێش میوانان دادەنێ، دەڵێ: "لە کۆنەوە بە پیاوی ئازا و بوێریان گوتووە پێشمەرگە، ئێوەش هەر ئەو ناوەی لێ‌بنێن!" بۆچوونی مام ئەحمەد لەجێی‌ خۆیدا، چونکە بەڵگە و سەرچاوە هەن کە دەردەخەن بەرلە دامەزرانی کۆماری کوردستانیش وشەی پێشمەرگە لە ئەدەبیاتی کوردی‌دا کەڵکی لێ وەرگیراوە. بۆ وێنە: حوسێن حوزنی موکریانی لە ژمارە ٦ی گۆڤاری زاری کرمانجی ساڵی ١٩٢٦دا ئەو ناوەی هێناوە. ناوبراو جارێکی‌ تریش ساڵی ١٩٣١ لە هەمان گۆڤاردا، لە ژمارە ١٦دا ئەو ناوەی دووپات‌ کردووەتەوە. نووسراوەکان بەو شێوەیەن: ١_ حوسێن قوڵیخانی هەوشاریی کردە خاتمی ورمێ و سولەیمان‌خانی نیزاموددەولەی بە لەشکرەوە کردە پێشمەرگە. ٢_ لە ژمارە ١٦دا دەڵێ: پێشمەرگە لەشکرێکی زلی شکاند و ... هەروەها لە کۆمەڵە بەڵگەیەکی دیکەش‌دا هاتووە، بۆ وێنە: ٣_ لە شۆڕشی ئیلام‌دا باس‌ دەکرێ: ڕەنۆ (ناوێکە) ساڵی ١٩٢٩ بە شا محەممەدی دەڵێ من پێشمەرگەتانم. ٤_ لە دیوانی میسباح ئەلدیوان (ئەدەب) ساڵی ١٩٣٩، لاپەڕەی ١٢٩دا هاتووە: تکامان وایە لاوانی نیشتمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵ‌ بدەن .... ئێمە خۆمان کرد بە پێشمەرگ. ٥_ یا میرزا محەممەدی نووری (عەتریی گڵۆڵانی) پێش کۆمار و ساڵی ١٩٤١ دەڵێ سینگەکەم قەڵغانی تۆیە ئەی وەتەن، پێشمەرگەمە.   کەی و بۆچی ڕۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری کراوە؟ لە سەردەمی کۆمار و تەنانەت دواتریش، هیچ ڕۆژێکی تایبەت بۆ ئەو ناو و کەسایەتییە لەگۆڕێ‌دا نەبووە. یەکەمجار، بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی، حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە پلینۆمی خۆی‌دا ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی "پێشمەرگەی کوردستان" دیاری ‌کرد. دوو ڕووداو بوونەتە هۆکاری دەستنیشان‌کردنی ئەو ڕۆژە. یەکەم ئەوە کە لەو ڕۆژەدا وەک باس دەکرێ دوایین بنکەی داگیرکەریی ڕەزا شای پەهلەوی، کە دەبێ هەمان بنکەی پۆلیسی شاری مەهاباد بێ، دەستی بەسەردا دەگیرێ. ڕووداوی دووهەم و گەلێک گرینگی‌تر ئەوەیە کە ڕاست لەو ڕۆژەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر بەرزترین بینای ئەو سەردەمی مەهاباد هەڵ‌دەدرێ. بە واتایەک ڕۆژی پێشمەرگە، ڕۆژی ئاڵای کوردستانیشە. دووانەیەکن و پیرۆزایەتیی خۆیان هەیە. پێشمەرگە گیان بۆ شەکاوەی ئاڵا بەخت‌ دەکا و ئاڵاش بوونی کیان و نیشتمانی پێشمەرگە بەیان ‌دەکا.   ڕێبازی فیکریی پێشمەرگە هێزە کوردستانییەکان بە چەپ و ڕاستەوە، لە ڕۆژهەڵات و باشوور ئەو ناوەیان بۆ چەکدارە شۆڕشگێڕەکانی خۆیان هەڵبژاردووە. ئەوان جیا لە باوەڕی حیزبی کە لە قالبی ڕێبازی فکرییان‌دا خۆی دەنوێنێ، ئەرکی پێشمەرگەیان وەکوو ڕزگاریدەر و پارێزەر پەسند کردووە و تەنیا باسکی بەهێزیانە و پشتیان پێ‌ ئەسپاردووە. ئەگەر هێزەکە لە باری ئیدیۆلۆژییەوە لە بەرەی چەپ‌دا بێ، ئەوە پێشمەرگە بە ڕزگاریدەری چینی کرێکار دەزانێ و لە خەباتی چینایەتی‌دا ئەرکی بۆ دیاری ‌دەکا. ئەگەریش هێزێکی نیشتمانی بێ، گرفتی ڕزگاریی خاک و سەروەری نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی بۆ دەکاتە ئامانج. کەوابوو ئامانجی پێشمەرگە بەستراوەتەوە بەو هێزەی تێیدا پەروەردە بووە. گرتنەبەری ڕێگای تێکۆشان و لەبەرکردنی بەرگی پێشمەرگایەتیی کەسەکان لە باری ڕوحی و کەسایەتییەوە دەگۆڕێ. گەنجی کورد لە کاتی پێشمەرگایەتی‌دا، ئیتر ئەو لاوەی پێشوو نییە کە تەنیا بیر لە مادییات و ژیانی ڕۆژانە بکاتەوە. ئامانجی ڕزگاری، ئاڵوگۆڕێکی فیکریی وەهای بۆ پێک دێنێ، دەبێ بڵێم بەزەحمەت خۆی دەناسێتەوە. ڕەنگە هەندێ جار لەبەر خۆیەوە بۆی ببێ بە پرسیار، ئاخۆ ئەو هەمان گەنجەکەی پێشوویە، کە ئێستا دەتوانی بەرگەی هەموو دژوارییەکان بگرێ!   جلوبەرگی پێشمەرگە وەک لە بەڵگە مێژووییەکان و وێنە کۆنەکاندا دەردەکەوێ، پێشمەرگە خاوەن بەرگێک یا یۆنیفۆرمێکی تایبەت نەبووە. هەرکەسە چی جلکی هەیبووە، لەبەر خۆی کردووە. لەوانەی سەردەمی کۆمار، تەنیا هێزەکانی بارزانی خاوەن جلکێکی تەقریبەن هاوشێوە بوونە، کە ئەویش دەگەڕاوە بۆ کولتووری ئەو ناوچەیەی لێیەوە هاتبوون. واتە ڕانک و چۆغەی تایبەت بە دەڤەری خۆیان، جەمەدانی سوور و پشتێندی گرێچن. باقی پێشمەرگەکانی کۆمار، پتر پێچ و کڵاو و ئاغابانوو و شەدەیان لەسەر بووە و کەوا و پانتۆڵی دەڤەری موکریانیان بە ڕەنگ و شێوازی جۆراوجۆر لەبەردا بووە. تا سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولیش ڕەنگ و جلوبەرگی تایبەت و یەکڕەنگ لەگۆڕێ‌دا نەبووە. لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە سەرەتاکان‌دا، شێوازی پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە بووە، کە پێشمەرگە چی هەیبووە لەبەر خۆی کردووە. بۆیە بە پڕانی کەوا و پانتۆڵی ڕەنگاوڕەنگ، دۆڵاغی درێژ تا سەر ئەژنۆ، پێچی پێرلۆن و ژۆرژێت و ئاغابانووی ڕەش و شین و سەوز و کڵاوی ئارخچن لە سەرەتادا و دواتر کڵاوی قووتی ڕەنگین و دەستچن کە ئەغڵەب وشەی پێشمەرگە، کوردستان یا ناوی شەهیدانی لەسەر دەنووسرا، لەنێو پێشمەرگەدا باوبووە. ئەگەر بڵێم شێوازی پۆشینی جلوبەرگی پێشمەرگانە لە هەشتاکان‌دا دەرخەری باری فکریی کەسەکە بووە و پێناسەی ڕێکخراوەکەی کردووە، ڕەنگە هەڵەم نەکردبێ. بە شەدەی ڕەشی سەری کەسەکە، خەیاڵ بەرەو دەڤەری هەورامان دەچوو. بە ئاغابانووی تەواو ڕەشی بێ‌خەت و کڵاوی قووت و شێوازی قسەکردن پیاو دەیزانی ئەو پێشمەرگەیە سەر بە ڕێکخراوێکی چەپە. بە پانتۆڵی نێفەک شۆڕ دەر دەکەوت باشوورییە. پانتۆڵی لوولەتفەنگی پێمانی ‌دەگوت پێشمەرگەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. دواتر، لە نێوەڕاستی هەشتاکانی زایینی‌دا، لەنێو پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات‌دا یەکڕەنگی بەدی ‌دەکرێ. کەوا و پانتۆڵی ڕەنگ خاکی و یەک مۆدێل، پشتێندی درێژ کە تا سەر سینگ دەهات، ئاغابانووی ڕەش و کڵاوی دەستچنی قووت و پێڵاوی ئادیداس. لەسەر ڕەخت و فیشەک‌دان وێنەی شەهیدان و ئاڕمی حیزب بەرچاو بووە و دۆڵاغەکانیش زۆرتر تا بستێک خوارووی ئەژنۆ دەهاتن. ئەو شێوازی جلک‌پۆشینە دەکرێ بڵێین نەختێکیش خۆی لە ڕوحییەتی مۆددا دەدیتەوە، ئاخر زۆربەی فەرماندە هێزەکان کاپشێن (قەمسەلەی) ڕەنگ سەوزی خەلەبانییان دەبەر خۆیان دەکرد. دەمانچەکانی کەلەکێ، لەجیات پورسەعید و شاکوژ و بڕنۆی سەردەمی کۆمار، ببوون بە کۆڵت و نێرگان و چواردەخۆری بێلژیکی. دواتر، باشووری کوردستان نیوە سەربەخۆ دەبێ و هێزی پێشمەرگەکەی دەبێتە خاوەن یۆنیفۆڕمی سەربازی بە ئاڵای سێ‌ڕەنگی کوردستان لەسەر قۆڵی و پلەی بەرپرسیارییەتی لەسەر شانی.   چەکی پێشمەرگە پێشمەرگە هەر هاوشێوەی ئەو چەکانەی پێ بووە کە بەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شۆڕشەکانی باشوور و باکوور کەڵکیان لێ وەرگیراوە. دەوڵەتانی خاوەن چەک و حازر لە ناوچەکە، پتر ئاڵمان و ئینگلیس و فەڕانسە بوون. هەر بۆیەش پتر چەکی ئەو وڵاتانە لە بازاڕەکان‌دا ئاڵووێریان پێ کراوە. لە وێنەکان‌دا دەر دەکەوێ بڕنۆ (قوڵە / وەسەت/ درێژ)، ڕەشاشی بڕنۆ، تفەنگی ئاڵمانی، تفەنگی ئینگلیزی، ئینگلیزیی قووت، ماوزێر، سێ‌تیر، جان‌بێزار، ئێم یەک و گوێ‌ورچ و زۆر جۆری‌تر. دابین‌کردنی چەک هەردەم خاوەن یەک ڕێسا بووە. سەرەتا لە بازاڕ پێویست‌ بووە بیکڕی و پاشان بەو چەکانە، بنکەکانی دوژمن بدەیە بەر پەلامار و چەکەکانیان وەدەست‌ خەی و پێشمەرگەی پێ تەیار کەی. با ئەوەش فەرامۆش نەکەین کە گەشەسەندنی شۆڕش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەژمار و جۆری چەکەکان هەیە. دۆخی ناوچە و جێگۆڕکێی هێزەکان و باری دارایی شۆڕش و پشتیوانی دەرەکی جۆری چەکی دەستی پێشمەرگە دیاری‌دەکەن.   ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە ڕۆژی ئاڵا و ڕۆژی پێشمەرگە بەسەر یەکەوە، دەتوانێ خاوەن واتا و پەیامی تایبەت بە خۆی هەبێ. پێشتر گوتمان دووانەن و پیرۆزایەتی بە یەکتر دەبەخشن. ئەوە کە خەڵکێکی پێشمەرگە و پێشمەرگەپەروەر بە دەستی خۆیان ئاڵای کوردستان لە چوارچرای مەهاباد لەسەر بەرزترین بینا هەڵ‌دەدەن، دەمخاتەوە بیری ئەو شێعرە پڕواتایەی شاعیری یونانی، تاسۆس لیڤادیتیس. ناوبرا لە باسی ئاڵادا دەڵێ:   " ئاڵا " شەو دادەنیشتین و لەسەر کراسی خوێناویی شەهیدان، تابڵۆی بەختەوەریی داهاتووی جیهانمان دەکێشایەوە، ئا بەو چەشنە ئاڵاکان لەدایک بوون.   کەوابوو ئاڵای ئێمەش مافی خۆیەتی دوای ئەو گشتە خوێنە خاوەن پیرۆزایەتی بێ. ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای ئێستای کوردستان دوو بنەمای هاوبەشیان هەیە و پاراستوویانە. ڕەنگەکان کە سوور و سپی و سەوزن، لەگەڵ خۆری درەوشاوە. لە زۆربەی وڵاتانی سەربەخۆ، ئەگەر سەیری ڕەوتی مێژوویی ئاڵاکانیان بکەین، دەبینین چۆن ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە، لە هەمان کاتیش‌دا چەند ڕەنگ و نەخش لەواندا وەکوو سیمبول پارێزراون. با ئەوەش بڵێین کە بەدرێژایی زەمەن، پتر و پتر سادە کراونەوە. ئاڵای کوردستان سادەیە. جێی خۆی لەنێو دڵی خەڵکی کورددا کردووەتەوە و تەنانەت لە دەرەوەش بە فەرمی ناسراوە. ئەگەر لە باشوور دیزاینی دووبارە کراوە و پارلەمانی ئەوێ دەنگی پێداوە، ئەمڕۆ دەبینین کە توانیویەتی بچێتە نێو زۆر کۆشک و تەلاری سەرکردەی وڵاتان یا لەسەر شانی وەرزشکار و خوێندەواری تاراوگە بێ و، ڕێپێوان و بۆنەکانیش بڕازێنێتەوە. لەوەش گرینگتر، ئیتر مناڵانی کورد لە تاراوگە چیتر هەست بە بێ‌ئاڵایی ناکەن و لە هەموو نێوەندە پەوەردەییەکان بەدەستی بچکۆلانەی زارۆکی کورد دەنەخشێندرێ و پاشان وێڕای ئاڵای وڵاتانی‌تر دەچێتە سەر دیواری ژوورەکانیان. ئەرکی ئێمە لەو نێوەدا، پاراستنی ئەو دەسکەوتەیە و پێویستە بە مەبەستی یەک‌گرتن لە دەوری ئەو کۆبینەوە. هەروەها ئەو دوو چرکەساتە مێژوویەش نابێ فەرامۆش‌ بکەین، ئەوە کە ئاڵا لە چوارچرای مەهاباد بەبۆنەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان لە سەردەمی کۆماردا هەڵدەدرێ، دووهەمیشیان بەزاندنی داعشە داگیرکەرەکان و فڕێدانی ئاڵای ڕەشیان و دووبارە چەقاندنەوەی ئاڵای کوردستانە. هەر ڕاست لەو کاتەدا دیتمان پێشمەرگەی کورد چۆن دەکەوتە بەر دەستڕێژی قەناس‌هاوێژی داعش و لەژێر ئەو ئاڵایەدا شەهید دەبوو و بە خوێنی خۆی پیرۆزیی بەو سیمبولە نەتەوەییە دەبەخشی.   ئەرک و سیمای پێشمەرگە ئەرک و سیمای پێشمەرگە دوایین بەشی ئەو باسەیە و دەبێ بڵێم پێشمەرگە قارەمانێکە و لە کێبەرکێ و ململانێ‌دا ئاڵای کوردستانی بەدەستەوەیە و بەرەو لووتکە هەنگاو دەنێ. ئەوە لەبەر ئەوەی ڕاسپاردە و سەفیری پەیامی شۆڕشێکە و دەبێ هاوکات، هەم ڕزگاریخواز و هەمیش پارێزەر بێ. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەش کادرێک بێ بۆ ناساندنی ئایدیای خۆی و ڕێکخراوەکەی لەنێو کۆمەڵگەدا. ئەو پێویستە تۆوی هومێد، بوێری، دیسیپلین، کۆمەڵایەتی‌بوون و متمانە بچێنێ. پێشمەرگە گەشتیارێکی سیاسی و شەڕکەرێکی بوێرە. لەنێو خەڵکیشدا "تەنیا میوانی ناوەخت و خۆشەویستە". شەو و نیوەشەو لە درگای خەڵکی داوە و بەڕێزەوە بەخێرهاتن کراوە. کۆتا قسە دەڵێم: بەختەوەرین کە خاوەنی پێشمەرگە و ئاڵاین.