کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەی ژن لە مەیدانی خەباتی ماف‌ویستی و شوناس‌خوازی‌دا

21:13 - 1 بەفرانبار 2720

پێشمەرگە مرۆڤێکی وشیار، بە پرێنسیپ و بە بیروباوەڕە. هێزێکی چەکدارە کە لە پێناو ئازادی و دەستەبەرکردنی ئازادی‌دا تێ‌دەکۆشێ و بەرەنگاری هەر جۆرە ناحەقی و زوڵم و چەوساندنەوەیەک دەبێتەوە، چەکدارێکە وڵات و نیشتمان دەپارێزێ و بەستێن بۆ ڕاحەت‌ژیان خۆش دەکا. لە ڕاستیدا پێشمەرگە، ئەو مەیدانەی هەڵ‌نەبژاردوە بۆ مردن، بەڵکوو بە پێچەوانە بۆ ژیان هەوڵ دەدا. پێشمەرگە وەک کاراکتێرێکی سەرەکیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد بۆتە سیمبول و ڕەمزی نەتەوەیی و گەورەیی و خۆشەویستیی پێشمەرگە بۆتە بەشێک لە فەرهەنگی گەلی کورد. پرسیار ئەوەیە پێشمەرگە کێیە؟ ئایا هەر وەک ڕابردوو کاتێک ناوی پێشمەرگە دەبیسین قەڵافەت و هێمای پێاوێکی چەک لە شان کە بۆ ئازادی و سەربەستی گەلەکەی هەوڵ دەدا دێتە بەرچاو؟ ئایا رۆڵی پێشمەرگە بۆ سەرخستنی بزووتنەوەیەک هەر دەبێ بە پیاو بێ؟ ئایا ژن ناتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ؟ ئایا ڕۆڵ و بەشداریی ژن وەک پێشمەرگە چەندە شوێندانەرە لە بزووتنەوەیەک یا لە شەڕی چەکداری‌دا؟ کوردستان لە گەرمەی شەڕدا بوو، خومەینی فتوای جیهادی دژ بە کورد ڕاگەیاندبوو، کوردستان یەکپارچە ببوو بە ئاور و ئاسن. بەو فتوایە ڕێڕەوی خەبات و بزووتنەوە گۆڕا، چونکی شەڕێکی نەخوازراو بەسەر کورد داسەپا و ئەرکێکی تایبەتیش کەوتە سەر شانی پیاوان و ژنانی ئازادیخواز. ئەمە یەکەمجار نەبوو کە ژنان دەبوا شانیان دابایە بەر بەرپرسایەتی. ژنان لە پاشخانی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازیی کورددا جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان هەبوو و زۆر کەسیان لەو مەیدانەدا شەهید ببوون. بۆ نموونە "ئەختەر" کە ساڵی ١٩٣٠ لە خۆپێشاندانەکەی بەر دەرگای سەرای شاری سلێمانی کەوتە بەر دەستڕێژ و شەهید بوو،یان مارگرێت، پێشمەرگەی بەجەرگ کە لە شۆڕشی ئەیلول‌دا شەهید بوو، یا گوڵی ڕێحانی خەڵکی مەهاباد کە دەکرێ بە یەکەم ژنی زیندانیی سیاسیی کورد دابندرێ کە ساڵی ١٣٣٤ کەوتە بەندیخانەوە، یا فاتە خانی گەلواخی، خەڵکی دیواندەرە شان بەشانی میرەکان شەری کردوە. لەیلا قاسم یەکەم ژنی کورد بووە سەری چۆتە سەر دار و ساڵی ١٩٧١ ئێعدام کراوە، زێنەبە ڕەش قارەمانی نێو سەنگەر لە زۆربەی شەڕە داسەپاوەکان‌دا لە ناوچەی مەهاباد چالاکانە لە شەڕدا بەشداریی کردوە، یا زۆر ژنی دیکەی کۆمەڵی کوردەواری کاتی خۆی لە مەیدان‌دا بوون و ناویان لە میژوودا تۆمار کراوە؛ کە وایە ژن دەتوانێ لە هەموو ئەرکێک‌دا ڕۆڵی شوێنداری هەبێ بەو مەرجەی ئیزنی پێ بدرێ، بەڵام پیاو هەمیشە پێشەنگ بووە و جڵەوی بزووتنەوەی بە دەستەوە بووە. مێژووی سەرهەڵدان و بزووتنەوە سیاسییە ڕێکخراوەکان لە کوردستان بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەوە پێش دەگەڕێتەوە، بەڵام دەبینین کە هێشتا بە ئاکام نەگەیشتوون. یەکێک لە هۆیەکانی ئەم ناکامییانە کە قەت ئاماژەی پێ ناکرێ، ئەوەیە کە بەشێک یا نێوەی هێزی ئینسانیی کۆمەڵ کە ژن بن، ئیزنیان پێ نەدراوە لە بزووتنەوەکەدا ڕۆڵیان هەبێ و لە فکر و تواناکانیان کەڵک وەرگیرێ. دیارە بەشدار نەبوونی ژن زۆر هۆی سەرەکیی هەبووە کە بەشێکیان بریتی بوون لە: ١) پێشتر وەک بوونەوەرێکی لاواز و دەستەوەستان چاو لە ژن دەکرا و، تواناکانی بە هەند وەرنەگیراوە. ٢) داب‌ونەریت ڕێگر بووە ژن وەک پیاو بێتە مەیدان و لە دابەش‌کردنی ئەرک و بەرپرسایەتی‌دا کاری نێوماڵ و پێڕاگەیشتنی منداڵی پێ ئەسپێردراوە. ٣) ئایین و مەزهەب و نەریتی‌بوونی بنەماڵە ڕێگر بووە لە هاتنە مەیدانی ژنان. ٤) بوونی کۆمەڵگەیەکی پیاوسەردار و نەخوێندەوار و نەبوونی باوەڕ بە هێزی ژن لە کۆمەڵگەدا.   ئێستا سەرنج دەخەینە سەر ڕۆڵی  پێشمەرگەی ژن لە شەڕی چەکداری لە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تیشک دەخەینە سەر چەندی و چۆنیی ڕۆڵی پێشمەرگەی ژن لە بزووتنەوەدا؟ ئەوە حەقیقەتێکە ئەگەر لە سەرەتاکان‌دا بوونی پێشمەرگەی ژن لە بزووتنەوەدا کەم و دەگمەن بووە، بەڵام هەر ئەو دەگمەنە ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. لە گەرمەی شەڕی چەکداریی داسەپاودا، ژن لە سەنگەرە جۆراوجۆرەکان‌دا نەخشی باش و شوێندانەری هەبووە کە مخابن قەت بە تەسویر نەکێشراوە و باسی ئەو کۆسپ و ئازارانە نەکراوە کە لەو سۆنگەیەوە چێشتوویانە. لای ئێمە ڕۆڵ و نەخشی ئەو ژنە پێشەنگانەی سەردەمی شەڕی چەکداری کەم باسی کراوە و ئێش و ئازار و بێبەش‌بوونی ئەو تەوارە چەک لەشانانەی نێو سەنگەر کەمتر هەست پێ کراوە. پێشمەرگەی ژن لە تیمارکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی مەیدانی شەڕدا ئەرک و زەحمەتی زۆری لەسەرشان بووە، پێشمەرگەی ژنمان هەبووە سەنگەر بە سەنگەر لەگەڵ پێشمەرگەکان‌دا بووە و برینی بریندارەکانی ساڕێژ کردوە و تەنانەت لەو ڕێگایەدا گیانیشی داناوە، یا گیراوە و ئێعدام کراوە، یا لە نەخۆشخانەکانی شۆڕش لە کاتی خۆیدا بە دەیان ژن لە پەنا زامدارەکانی شەڕی داسەپاو شەو و شەونخونییان چێشتوە، زۆر لە پێشمەرگە زامدارەکانی ئەو کات باش دەزانن ئەو ژنانە چەندە فیداکاری و لە خۆبوردووییان لە خۆیان نیشان داوە، کار و ڕۆڵی بەردەوام و قورس و پیرۆزی ئەو سپی‌پۆشە پێشمەرگانە لە سەنگەری ئینسانی‌دا قەت لە بیرناچێتەوە. یا لە گەرمەی شەڕی داسەپاوی چەکداری‌دا سەنگەری بە هێزی فێرکردن و بارهێنان، واتە خوێندن، کە سەنگەرێکی لەشکاننەهاتوو بوو، لەو بوارەدا ڕێژیمی لەگەڵ ناکامی بەرەوڕوو کرد کە پێی وابوو منداڵانی پێشمەرگە و پێشمەرگەی بێسەواد، نەخوێندەوار دەمێننەوە، بەڵام پێشمەرگەی ژن شان بە شانی هاوڕێ پێشمەرگەکانی پیاو قۆڵیان هەڵماڵی و ئەو سەنگەرەیان بەهێز کردبوو، لەبن هەر دار و دەوەن و ژێر چادر و زۆر شوێنی دیکە بێ‌ترس لەژێر ڕەهێڵەی تۆپ و خۆمپارە و کاتیۆشاباران، منداڵانی پێشمەرگەیان فێری وانەی نیشتمان‌خۆشەویستی و زمانی پاراوی کوردی و زانست و زانیاریی سەردەم دەکرد. لە سۆنگەی ئەم فیداکاری و ئەرک‌وەخۆگرییەوە سەدان پیشمەرگەی نەخوێندەوار، بە وانەی زمانی کوردی خوێندەوار کراون و بە سەدان کچ و کوڕی بنەماڵەی پێشمەرگە لە دەرەوە و لە کوردستان بە پلەکانی دوکتۆر، لیسانس، کارناسی باڵا و دۆکتۆرا گەیشتوون، ئەوانە بەرهەمی گەرمەی شەڕی چەکدارین و خوێندوویانە و پێگەیشتوون و ئێستاکە بوونەتە جێگای شانازی بنەماڵە و گەلەکەیان. ئەو کەسانە قەرزداری مامۆستاکانی ئەو سەردەمن. یا ژمارەیەک پێشمەرگەی ژن لە سەنگەری ڕاگەیاندن، لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان، رۆژنامەی کوردستان و بەشەکانی دیکە بێ‌ترس و دڵەخورپێ ساڵانێک لە شاخ و کێو و چۆلگەکانی کوردستان بەبێ چاوەڕوانی لەژێر ڕەهێلەی ئاور و ئاسن، ماندوویی‌نەناسانە تەمەنیان دانا. یا دەتوانین ئاماژە بە ژنانی شار و دێ و ژنی پێشمەرگە بکەین کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەبات لە پشت بەرەی شەڕی داسەپاودا ورەیان دەدا بە پێشمەرگە و بە دابین‌کردنی خواردن و پۆشاک و شوێنی حەسانەوەیان و گەیاندنی هەواڵ و زانیاری یار و یاوەری پێشمەرگە بوون، ئەو ژنانە یا پێشمەرگەی ژن، یا ژنە پێشمەرگە، و یا ژنانی ئاسایی کوردستان بوون. بێجگە لەو سەنگەرانەی لە جەنگەی شەڕی چەکداریدا ئاماژەیان پێ کرا کە ژنان بەگوێرەی توانا ئاوەدانیان کردبوونەوە، ژمارەیەک ژن چەک لە شان بەکردەوە لە سەنگەری شەڕی داسەپاودا بوون کە تەنانەت بەشێک لەوان شەهید بوون. ئەم ڕەوتە هەروا بەردەوام بووە و ئێستاش بە دەیان پێشمەرگەی کچ و ژنی بە بیروباوەڕمان هەیە کە لە هەموو ئۆرگانەکانی حیزب‌دا ئەرک و بەرپرسایەتییان وەئەستۆ گرتووە. ئێستاش ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە ئاخۆ بوونی ژن یا ڕۆڵی پێشمەرگەی ژن لە بزووتنەوەدا چەندە شوێندانەر بووە، یا شوێن دادەنێ؟ لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستاش فەرهەنگ و کولتووری پیاومەزنی کەم و زۆر لە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورددا هەیە، بەڵام هاتنە مەیدانی بە کردەوەی ژن و خۆسەلماندنی، تا ڕادەیەکی زۆر جێگە و پێگەی شایانی ژنی بەوان بەخشیوە. ئەمن بۆخۆم لە سەر ئەو بڕوایەم: ١) ڕۆڵی ژن لە بزووتنەوەدا وای کردوە کە جیهانبینیی پیاومەزنی  سەبارەت بە پێشمەرگەی ژن تا ڕادەیەکی زۆر کاڵ بووبێتەوە و لەسەر پیاوە پێگەیشتووەکان کاریگەریی هەبێ و ڕوانگەی ئەوان بگۆڕێ. ٢) ڕۆڵی پۆزتیڤی پێشمەرگەی ژن لەو مەیدانەدا بەرانبەرخوازی و یەکسانیخوازیی فێر دەکا و لە سەر ئەو بڕوایەیە جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە و ئەوە بۆتە باوەڕ کە بەڵی "ژن" دەتوانێ. نموونەش ژنانی پێشمەرگەی خۆمان و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکانی شەڕ و شۆڕش، یا نموونەیەکی تر وەک شەڕی کۆبانێ و عەفرینی ڕۆژئاوا کە زۆر بە ڕوونی سەلماندی ژن چەندە بەتوانایە. ٣) بوونی بەردەوامی ژنان نەفس‌بەرزی و هەستی باوەڕ بەخۆبوونی لە ڕیزەکانی بزووتنەوەدا هەم لەلای ژنان و هەم لەلای پیاوان دروست کردوە؛ کە ئەگەر ئیرادە هەبێ و باوەڕ هەبێ ژن دەتوانێ. ٤) لەو مەیدانە بەرینەدا ژنان سەلماندوویانە پێشمەرگەی پیاو و پیشمەرگەی ژن دەبێ هەبێ و هاوتەریبی یەک بڕۆنە پێشێ. ئەوان تەواوکەری یەکترین و دەبێ باوەڕیان بە یەکتر هەبێ و پشتی یەک بگرن دەنا لە سەرکەوتن دوور دەکەوینەوە. بە کورتی ژنی بە ورە و بیروباوەڕ هێز دەدا بە بزووتنەوە. هێزی زۆری خاوەن بەرنامە و پرۆژەی سازمان‌دراویش کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر بزووتنەوە و شێوەکانی دیکەی خەبات لە هەر بوارێکدا هەیە. هەر بزووتنەوەیەک ئەگەر بیهەوێ بەرنامەکانی زووتر بە ئاکام بگا، دەبێ وەک هێزێکی جیددی لە بزووتنەوەدا سەیری ژن بکا. دەبێ ئەو هەستە دروست بکرێ کە ژن ئەرك‌وەخۆگرە و ئەو مەیدانە دروست ببێ کە ژنان بە هەست بە بەرپرسیارەتی کردنەوە ئەرکەکانیان بەجێ بێنن. دیارە ئەو ڕاستییەش ناشاردرێتەوە کە حزووری ژمارەی ژنان لە مەیدانی سیاسی‌دا کەمە و ژنی کورد هێشتا نەبۆتە هێزی سیاسی کارا و، نەبۆتە ئەهرۆمی فشار بۆ سەر ژن‌نەویستان یا کوردنەویستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئیرادە و ویستی ژنان هەردەم ڕوو لە هەڵکشانە و دەتوانم بڵێم کە ئیدی ژنان ڕێگا و ڕێبازی خۆیان دیتۆتەوە.