کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلف‌وبێی ئابوورییەکی سەقامگیر

14:33 - 2 بەفرانبار 2720

ئەلف‌وبێی ئابوورییەکی سەقامگیر

(بە سەرنجدان بە ئابووریی تێک‌تەپیوی ئیران)

  لە دونیای ئەمرۆدا بە دەیان فاکتەری جۆراوجۆر ڕۆژانە کاریگەریی لەسەر ئابووری وڵاتەکان و بەگشتی جیهان دەکەن. زۆربەی وڵاتەکان بە خوێندنەوەی ئەو فاکتەرانە ئابووریی خۆیان وا ڕێك دەخەن کە زۆرترین قازانج یان کەمترین زیان لەو ڕووداوە ئابورییانە بکەن. هەر جموجۆڵێکی ئابووری لە جیهان‌ بە جۆریک کاریگەریی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک‌دا پێشان دەدەن، بە تایبەتی لەو وڵاتانەی کە ئابووریی نەخۆش و تێک‌تەپیویان هەیە، واتە مکانیزمەکانی ئابووری وەک خۆیان کار ناکەن و زۆر  جار تەنانەت هەواڵێک کە هیچ پێوەندییەکی بە ئابوورییەوە نییە، دەبێتە هۆی  دابەزین و یا بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی کاڵاکان ڕۆژانەی خەڵک و ناسەقامگیر بوونی بازار. بناغەی ئابووریی بەهێز بە گشتی لەسەر سێ بنچینە دامەزراوه: یەکەم بوونی مادە سروشتییەکان وەک نەوت، گاز، زێر، کانگا ژێرزەوییەکان و کشتوکاڵ. دووهەم تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو و سێهەم زانست و پیشەسازیی گەشتیارییە. لە  سەردەمی ئێستادا بوونی هێزی پسپۆڕیش بە یەکیک لە بنەماکانی ئابووریی بەهێز دادەنرێ. بەڵام ئایا هەمیشە سەنعەتی گەشتیاریی پێشکەوتوو، یا هەبوونی نەوت و سەرچاوە سروشتییە ژێرزەوییەکان، یان تێکنۆلۆژیی سەردەم بەتەنیا دەتوانن ببنە هۆی ئابوورییەکی سەقامگیر و ژیانێکی ئاسوودە بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە؟ ئەگەر وابا نەدەبوو ئابووریی ئێران، عێراق، ڤێنێزۆلا، کوبا و زۆر وڵاتی دیکەی بەو تایبەتمەندییانە بەمجۆرە با کە ئێستا دەیبینین.   ئابووریی سەقامگیر و سەرکەوتوو لە دنیای سەردەم‌دا جیا لەو فاکتەرانە حەوجێ بە کۆمەڵێک پێوەری دیکەشە:   هێزی کار و کاربەڕێکەر هێزی پسپۆڕ لە بوارە جۆراوجۆرەکان و هێزی کارڕاپەڕێنی بەرپرس و ئەرک‌وەخۆگر یەکێک لە بنەماکانی پێشکەوتنی ئابووریی هەر وڵاتێکە. دابین‌کردنی ئامرازەکانی کار و لەبەرچاوگرتنی حەق‌دەستی شیاو بۆ هێزی کار، بیمەی دابین‌کردنی کۆمەڵایەتی، بیمەی بێکاری و ئەمنییەتی کار لەو بازنەیەدا دەوری گرینگ دەبینن. ئابووریی ئێران نەیتوانیوە ئەم بەشە بە قازانجی خۆی مودیرییەت بکا و ئەگەرچی ئێران هێزی کار و پسپۆڕی یەکجار باشی هەیە، بەڵام ئەم هێزە کارە یان بێکار و پاسیڤ و تێکەڵاوی دەیان کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتییە؛ یان ئەو هێزە پسپۆڕە لە دەرفەتێک دەگەڕێ بتوانێ وڵات بەجێ بێڵێ.   یاسا هەموارکردنی یاسا لەگەڵ گەشەکردنی ئابووری پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە. بۆ  سەرکەوتنی باری ئابووری پێویستە ئاسانکاری و ئامادەکاریی پێویست لە یاساکانی وڵات‌دا جێگیر کرابن. ئەو یاسایانە هەم دەتوانن هاندەری هاتنی سەرمایەی دەرەکی بن، هەم ببنە کۆسپێک بۆ هاتنی سەرمایەی دەرەکی. یەکێک لە هۆکارەکانی تێک‌تەپینی ئابووریی ئێران لە تەنیشت قۆرغ‌کردنی لەلایەن بازنەی تەسکی دەسەڵاتەوە، نەبوونی ئەو ئاسانکارییانە بۆ وەبەرهێنانی دەرەکین. هەر لەو بەشەدا تۆکمەیی یاساکانی گومرک، کۆنتڕۆڵ و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانیش دەوری گرینگ دەبینن. وەک دەبینین لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەهۆی ئیدۆلۆژی دەسەڵاتی حاکم و سیاسەتی بەستراوەیی ئێران بە هاوردە، ئەویش کاڵای ناستانداردی چین و جەوهەری ئابووریی هێرش‌بەرانەی چین؛ ئێران وەک یەکێک لە کڕیارەکانی ئەم وڵاتە بووەتە زبڵخانەی کاڵای چینی کە بەرهەم‌هێنانی نێوخۆیی وڵاتیشی بەرەو هەرەس‌هێنان برد. لەخۆڕا نییە ئەمریکای سەردەمی تڕامپ بە دانانی یاسای گومرکی سنوورێکی گرینگی بۆ مەزنیخوازیی ئەم وڵاتە کێشا.   مودیرییەت (بەڕێوەبەری) بەڕێوەبەری تێکەڵاوێکە لە زانست و هونەر و ڕۆڵی تەواوکەری هەیە لە سەرکەوتنی هەر پڕۆژە و بابەتێکی زانستی و ئابووری کە ئەو زانستە لە ئێستادا بەردەوام لە ئاکادیمییەکان‌دا نوێ دەکرێتەوە. لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی‌دا ئەم مودیرییەتە لە پاوانی ئیدۆلۆژی و سیاسەتی دەسەڵاتی حاکم‌دایە کە مەودایەکی یەکجار زۆری لەگەڵ ئەو ستانداردە نێودەوڵەتییانە هەیە.   ئامار و داتا بەرنامەدانان بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە لە بواری ئابوورییەوە پێویستیی بە داتا و ئاماری باوەڕپێکراو و بەڕۆژ هەیە. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ڕێکخراو و دامەزراوەی تایبەت هەیە کە زانیارییە ئامارییەکان دەدەنە دەستی ناوەندەکانی بڕیار و پلاندانانی حکوومەت بۆوەی بەرنامەی ئابووریی کورت‌ماوە و درێژماوەی ستراتیژییان لەسەر دابڕێژرێ. بەڵام قەیرانی ئامار لە ئێران کە خۆی بەرهەمی قەیرانی بەڕێوەبەریی وڵاتە، یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم ئانالیزی دروست و واقعبینانە لە دۆخی وڵاتە.   سیاسەت  سیاست و هەر جموجۆڵ و هەڵوێستێکی سیاسی کە کاریگەریی باش یا خەراپی  بۆ وڵاتانی دیکە هەبێ، دەتوانن لە بەرەو پێش‌چوونی ئابووریی وڵاتێک‌دا ڕۆڵی  پۆزێتیڤ یان نگەتیڤی هەبێت. بوونی پێوەندیی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی جیهانی دەتوانێ بزوێنەری پێشکەوتنی ئابووریی هەر وڵاتێک بێت. بەڵام ئەم فاکتەرە لە ئابووریی ئێران‌دا بەهۆی سیاسەتی شەڕەنگێزی، قەیران‌خوڵقێنی، دەستێوەردان و پشتگیریی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاکامی پێچەوانەی بووە.   سەرمایەی دەرەکی ئەمنیەتی گەڕانەوەی سەرمایە، مەعاف کردن لە دانی ماڵیات بۆ ماوەیەکی کاتی و  نەزم‌بوونی حەق‌دەستی کرێکار لەو بابەتانن کە بوونیان دەبێتە هۆی ڕووتێکردنی وەبەرهێنەرانی بیانی. بۆ نموونە زۆر وڵات کارخانەکانی خۆیان دەبنە ئەو وڵاتانەی هێزی کاری هەرزانتریان هەیە. بەڵام لە ئێران وەبەرهێنانی دەرەکی ئەگەر هەشبێ قازانجەکەی بۆ ئابووریی خەڵک و وڵات نییە، بەڵکوو لە خزمەتی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم‌دایە.   سیستمی بانکیی نوێ و هەڵسووڕ بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئێران نەیشاردۆتەوە کە ستانداردی سیستمی بانکیی ئیران لەگەڵ ستانداردی سیستمی بانکیی جیهان نایەتەوە و، ئەوە یەکێک لە هۆیەکانی مایەپووچیی سیستمی بانکیی ئێران ڕوو بە دەرەوەیە. لە دنیای ئەمرۆدا بەبێ بوونی سیستمی بانکیی مودێڕن ئەستەمە باس لە ئابوورییەکی سەرکەوتوو بکەین. بەبێ ئەو سیستمە پێوەندیی ئابووری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرفتی تێ دەکەوێ و سیستمی سەرافی لێ دەکەوێتەوە کە لە نەبوونی نیزامی بانکیی سەردەمیانەدا دروست دەبن. سیستمی سەڕافی هۆیەکن بو ناسەقامگیریی ئابووری لەو وڵاتانە –ئێران بۆ نموونە- و هات‌وچۆی پوڵی ڕەش لە بازارەکان‌دا کە دەبێتە هۆی کزکردنی کەرتی وەبەر‌‌هێنان و بەدوای ئەودا هەموو ئەو گرفتانەی بەهۆی کارانەبوونی کەرتی وەبەر‌‌هێنان لە وڵاتیک‌دا پێک دێن. بەشداریی لە بۆرسەکانی جیهانییش‌دا پێوەندیی ڕاستەخۆی بە بوونی سیستمی بانکی هەیە و کاتیک وڵاتیک ئەو سیستمەی بەڕۆژ نەبێ، ڕۆژانە زیان دەکا و لە هەمان کات‌دا ناردەنە دەرەوەی بەرهەمەکانی نێوخۆیی بو بازاڕەکانی جیهانییەکانیش بە کاناڵی دروستی خۆی‌دا تێپەڕ نابێ. لە بەشی سیاسەتە ئابورییەکانی نێوخۆیی وڵاتیش‌دا بانکی ناوەندی دەتوانی بە ڕێکخستنی نرخی سوودی بانکی و باقی میکانیزمە ماڵییەکان ببێتە هۆی  سەقامیگری و بەرەو پێش‌چوونی ئابووریی وڵات و بە پێچەوانە هەر بانکەکان دەتوانن پێش بە کەرتەکانی پیشەسازی و وەبەرهێنان و هتد بگرن. بۆ نموونە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بانکەکان بە کەم‌کردنەوە لە قازانجی قەرزەکان یارمەتیدەری ئابووریی وڵاتەکەیانن، بەڵام بانکەکان لە ئێران نەک ئەم کارکردەیان نییە، بگرە بە دانانی قازانج لەسەر قەرزی دواکەوتووی وەبەرهێنەران هیندەی دیکەش زیان بە کەرتی وەبەرهێنان و ئابووریی وڵات دەگەیەنن کە ئاکامە مایەپوو هاتنەوە و داخرانی کارگە و کارخانەکان و لەو سۆنگەیەشەوە بێکاریی زیاتر و هەرەس‌هێنانی هێزی کارە.   ئینترنێت، کارەبا و ئاو   یەکێک لە هۆیەکانی بەردەوامی کاری هاوبەشە ئابورییەکان بوون و بەردەوامیی  کارەبا، ئاو و ئینترنێتە، بەڵام ئەو ژێرخانەش لە ئێران تێک‌تەپیوە. بۆ نموونە حکوومەت بەپێی سیاسەتەکانی خۆی ڕێ لە پێدانی ئێنترنێتی خێرا، گشتگیر و هەرزان بە خەڵکی وڵات دەگرێ و ئەمەش وادەکا پشت‌بەستن بەو جۆرە ئینتێرنێتە خاوە کە ڕێ لە کارخوڵقێنی دەگرێ، بە زیانی ئابووریی وڵات بشکێتەوە.   ڕێگەوبان و ئیمکاناتی گواستنەوە سیستمی ڕێگەوبان چ ئاسمانی، دەریایی و عەرزی بەشێکن لە ژێرخانی ئابووریی هەر وڵاتێک و کارتێکەرییان لەسەر ئابووریی سەقامگیری ئەو وڵاتەش هەیە. ژێرخانی ئابووری جیا لە ڕێگەوبان هەموو  ئەو پردانەش دەگرێتەوە کە وڵاتیک بە بە بەشە جۆراوجۆرەکان لە نیوخۆ و بە وڵاتانی دی و هەموو جیهان دەبەستێتەوه. گەشەی ئابووریی هەر وڵاتێک گرێدراوی دۆخی ڕێگەوبان و کەرتی گواستنەوەی وڵاتە کە بوار بۆ وەبەرهێنانی دەرەکییش خۆش دەکا. بەڵام ئەو بەشەش لە ژێرخانی ئابووریی ئێران بەهۆی ناکارامەیی حکوومەت لە سیاسەت و بەڕێوەبەریی وڵات‌دا وێران و داڕماوە.   ئاکام هۆکارەکانی تێک‌تەپین و ئابووری ناسەقامگیری ئێران ڕوونن. قسەکانی خومەینی، بنیاتنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کاتی خۆی هەڵڵایەکیشی نایەوە کە "ئابووری ئی خێڵی کەرانە_ اقتصاد مال خر است". ئەمە کارتێکەریی لەسەر بنیات‌نانەوەی هەموو جومگەکانی ئابووریی ئێرانی دوای شۆڕش ٥٧ هەبوو. شەڕی ئێران و عێڕاق، گرتنەبەری سیاسەتی هیلالی شیعی و لەو سۆنگەیەوە دروست‌کردنی میلشیا و یارمەتیدانی گرووپە ئیسلامییە توندئاژۆکان، قەیران‌خوڵقێنی و سیاسەتی دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێ، سیاسەتی بێ‌جێی زۆرکردنی حەشیمەت بۆ ئامانجی تایبەت، سیستمی ناکارامەی بانکی، قەیرانی ئابووری لە سۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی حکوومەت، پێداگری لەسەر سیاسەتی ئەتومی و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بە تیچوویەکی زۆری مادی، وشکەساڵی، لاوازیی کەرتی کشتوکاڵ لە زۆر ناوچەی وڵات، ڕاکردنی هێزی ئینسانیی پسپۆڕ و دەیان فاکتەری دیکە دەستیان داوەتە دەستی یەکتر بۆ وەی وێنایەکی ڕوون لە ئابوورییەکی ڕووخاو و داڕماوی ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی بکەن. ئابووریی ئێران پێویستیی بە نەشتەرگەرییەکی گەورە هەیە، بە تایبەت کە زۆر هۆکاری سروشتیی وەک وشکەساڵی و ناشروشیی وەک شەڕ و هاوکێشەی ئاو لە داهاتووش‌دا دێنە گۆڕێ کە بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی زۆر زەحمەتە هەنگاوێک بەرو پێش باوێ.