کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆقاندنی کۆمەڵگە

15:02 - 2 بەفرانبار 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا

تۆقاندنی کۆمەڵگە

  "پێوەند‌ییەک کە لەسەر بنەمای توندوتیژی بنیات نرابێ، کار لە سەر جەستە ‌و لەسەر هەموو شت دەکا : زۆر دەکا، دادەهێنێ، دەشکێنێ، وێران دەکا؛ هەموو ئەگەرەکان دادەخا؛ کە وابوو جگە لە ناچالاک‌بوونی پەیوەندییەکە هیچیتر ناهێڵێتەوە، ئەگەر ڕووبەڕووی بەرگرییش بوویەوە، هیچ بژاردەیەکی جگە لە دامرکاندنەوەی لەبەر دەست‌دا نییە."

میشێل فوکۆ

  میشێل فوکۆ پێی وایە، "هیچ دەسەڵاتێک بێ بەرگری نییە". ئەگەر بەرگری هەیە، نیشانەی ئەوەیە کە سووژەکانی دەسەڵات، گوێڕایەڵی لە دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە. سیاسەت ‌و ئامرازە زۆرەملێیەکانی دەوڵەت، هەمیشە لەلایەن تەواوی کۆمەڵگەوە پەسند ناکرێن. یەکێک لە فاکتەرەکانی پێناسەی دەوڵەتی مۆدێڕن، بەکارهێنانی هێزە کە دەوڵەت بە تەنیا لەدەست خۆی ناوە. بەڵام دەوڵەتێکی تۆتالیتەر، ئەو هێزە ڕەوایە بە شێوەیەکی نادروست بەکار دێنێ‌ و بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵکی لێ وەردەگرێ. لە حکوومەتێکی تۆتالیتەردا، هیچ چەشنە کۆنتڕۆڵێک بۆ سنووردارکردنی هێزەکانی پۆلیس‌ و ئاسایش بوونی نییە ‌و بۆ دانپێدانان ‌و وەدەستهێنانی زانیاری لە گیراوان، کەڵک لە ئەشکەنجە وەردەگیرێ. لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان‌دا، تاکەکان بەبێ ئەوەی تاوانباربوونیان سەلمێندرابێ، دەستگیر دەکرێن ‌و بە شێوەی تاک یان گرووپ، بەبێ دادگایی کردن یان بە شێوەی دادگایی‌کردنێکی خێرا لە شوێنی دەستگیر کرانیان ‌و بەبێ هەبوونی هەلی بەرگری‌کردن لە خۆیان، لە سێدارە دەدرێن. سزاکان بە شێوەی نابەجێ ‌و بە گوێرەی کردەوەی تۆمەتبارانن. بۆ هانا ئارێنت، "تۆتالیتاریزم، شێوەیەکە لە حکوومەت کە لەودا تۆقاندن بنەچە ‌و پڕەنسیپی کار ‌و هەروەها کاراکتەری لۆژیکیی بیری ئایدۆلۆژییە". تۆقاندن لە ترساندن جیاوازە، چونکە ترساندن شتێکی کاتییە ‌و زوو تەواو دەبێ، بەڵام تۆقاندن بە ترساندنێکی بەردەوام دەگوتری کە کۆتاییەکەی دیار نییە‌ و مرۆڤ لە بازنەیەکی ترس‌دا زیندانی دەکا‌ و بەردەوام لەگەڵی‌دایە. لە سیستەمێکی تۆتالیتەردا، سزاکان ڕێک‌خراون ‌و بەشێوەی سیستەماتیک، بە پێوەری گەورە‌ و بەبێ پڕۆسەی دادوەری جێبەجێ دەکرێن. توقاندن لە ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان‌دا کە بە ناوەندێتی ئایدۆلۆژی ئەنجام دەدرێ، بەردەوام لە لایەن حکوومەت‌ و لایەنگرەکانیەوە پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە. دەزگای دادوەری لەجیاتی کردەوەی تاکەکان، مەبەستی تاکەکان سزا دەدا، واتا تاکەکان بۆ کردەوەیەک سزا دەدرێن کە هێشتا ئەنجامیان نەداوە، چونکە حکوومەتی تۆتالیتەر، لە جیاتی ئەوەی سەرنج بداتە کار‌ و کردەوەی تاکەکان، سەرنج دەداتە بنەچەی کۆمەڵایەتیی تاکەکان. لەو سیستەمانەدا، دادگا ئاساییەکان سەربەخۆ نین‌ و لە لایەن ڕێژیمەوە بەسیاسی کراون (واگنێر ١٩٨٦)، بەڵام بە پێچەوانە، لە سیستەمە ئۆتۆریتەرەکان‌دا، سەربەخۆیی نەریتیی دادگاکان وەکوو خۆی دەمێنێتەوە، هەرچەندە لەوانیش‌دا پەروەندە سیاسییەکان دەبرێنە دادگا نیزامییەکان. ژوان لەنز پێی وایە، لە سیستەمێکی تۆتالیتەردا، ١٠ تایبەتمەندیی زۆرەملێ هەن: ١) ئاستێکی لە ڕادەبەدەر لە زۆرلێ‌کردن. ٢) بەکارهێنانی زۆرلێ‌کردن لە دژی چین ‌و توێژەکانی کۆمەڵگە بە شێوەی گشتی، بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندی. ٣) بێ‌نرخ بوونی پرۆسە یاساییەکان، ڕواڵەتی پڕۆسەکە ‌و ئیمکانی بەرگری لە خۆ کردن لەو کاتەدا کە سزایەک دەسەپێندرێ. ٤) ئەخلاقی ڕیاکارانە‌ و ئەو پڕوپاگەندایەی کە دەوری دەدا. ٥) پەرەسەندنی تۆقاندن بۆ سەر ئێلیتەکانیش. ٦) پەرەسەندنی بۆ ئەندامانی بنەماڵەی تۆمەتبار، تەنانەت ئەگەر دەستیشیان لە تاوانەکەدا نەبێ. ٧) سەرنجدان بە مەبەست ‌و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی تۆمەتبار، لە جیاتی سەرنجدان بە کردەوەکانی. ٨) بەکارهێنانی دامەزراوە دەوڵەتی/ یا حیزبییەکان لە جیاتی ئەوانەی بە ڕواڵەت کۆنتڕۆڵ ناکرێن ‌(وەکوو هێزی نیزامی)‌و هەروەها قەبارە‌ و ئاڵۆزیی ئەو دامەزراوانە. ٩) ڕاودوونان یان بەرزبوونەوەی تۆقاندن دوای جێگیر بوون ‌و بەهێزبوونی ڕێژیم. ١٠) بێبەش‌نەکردنی سەرۆکایەتیی هێزە نیزامییەکان لە سیاسەتی سەرکوت.   ژوان لەنز لە پێناسەکردنی تۆتالیتاریزم‌دا، تۆقاندن وەکوو تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ئەژمار ناکا، بە تایبەت لە ڕێژیمە جێگیرەکان‌دا، بەڵام پێی وایە لە هەندێک ڕێژیم‌دا، تۆقاندن یەکێکە لە تایبەتمەندییە گرنگەکان. پێناسەی تۆقاندن بۆ ئەلکساندر دالین ‌و جۆرج دەبڵیو بڕەسلۆوێر، بریتییە لە "زۆرلێکردنی لە ڕادەبەدەر، لە لایەن ئۆرگانێکی دەسەڵاتی گشتییەوە لە دژی تاک‌ و گرووپەکانی کۆمەڵگە و هەڕەشەکردن ‌و لەنێوبردنی خۆسەرانەی ئەم یان ئەو تاک ‌و گرووپە   ئـ. لە سێدارە دان، چەکی تۆقاندن بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لەسەر ژمارەی لەسێدارە دراوانی جیهان کە بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئامادە کراوە، ئێران دوای وڵاتی چین، بە دووهەم وڵات دێ کە زۆرترین کەس تێیدا لە لایەن حکوومەتەوە لە سێدارە دراوە. بەڵام بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، ئێران یەکەم وڵاتە، چونکە ڕێژەی دانیشتووانی وڵاتی چین لە یەک میلیارد و ٣٨٦ میلیۆن کەس پێک‌هاتووە، کەچی ڕێژەی دانیشتووانی ئێران نزیکەی٨٠ میلیۆن کەسە. بەپێی هەندێک سەرچاوەی نافەرمی، ژمارەی ئەو کەسانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە‌ و لە چاوەڕوانی جێبەجێ‌کردنی سزاکەدان، ٤٥٠٠ کەسە، کە بەشێکیان مێر منداڵن. تەنیا جیاوازی لە نێوان پێگەیشتووان ‌و مێرمنداڵان بە نیسبەت سزای لەسێدارەدان ئەوەیە کە مێرمنداڵان دەبێ تا تەمەنی ١٨ ساڵی لە بەندیخانەدا چاوەڕێ بکەن، واتە کەسێکی تەمەن ١٥ ساڵان ئەگەر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، دەبێ لە ١٨ ساڵیدا لە سێدارە بدرێ، بۆیە سێ ساڵ دەبێ لە بەندیخانە چاوەڕێی مردن بێ (لە ئێران، تەمەنی بەرپرسیارەتی بۆ سزادان بۆ کچان لە ٩ ساڵییەوە دەست پێ‌دەکا‌ و لە ١٣ ساڵی جێگیر دەبێ، بۆ کوڕانیش بەبێ دەست‌پێکردن لە ١٥ جێگیر دەبێ). بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، کۆمیتەی بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوەکانی دیکەی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٧٩-١٩٨٠ دا لانی کەم ٤٣٨ کەس لەسێدارە دراون. لە ساڵی ١٩٨١ دا ٦٢٤ کەس و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٢ هەتا ١٩٨٥ دا ١٤٧٩٤ ئێعدام کراون کە کە بەشی زۆری ئەو کەسانە لە ساڵی ١٩٨٢دا لەسێدارە دراون. ژمارەی ئێعدام‌کراوەکان لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٥-١٩٩٩ هەر نەبێ ١٢٢٨٠ کەس بووە و لە ساڵانی ١٩٩٩-٢٠١٩ـشدا ١٠١٦٠ کەس ئێعدام کراون. هەر بەپێی ئاماری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی وەکوو کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (Human Rights Watch)‌و یەکیەتیی ئەورووپا، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە تاکوو ئێستا، ٩١ مێرمنداڵ لە ئێران لە سێدارە دراون. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوشاری نێونەتەوەیی لە سەر حکوومەتی ئێران بۆ وەستاندنی لەسێدارەدانی مێرمنداڵان لەئارادایە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، ئێران هێشتا یەکێک لەو چوار وڵاتانەیە کە سزای لەسێدارەدانی مێرمنداڵان تێیان‌دا جێبەجێ دەکرێ ‌و، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە سزای لەسێدارەدانی مێر منداڵان لە ئێران زیادی کردووە. تا ئێستا، ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی لەسێدارە دراوان لە ئێران لە بەردەست‌دا نییە، بە تایبەت ژمارەی لەسێدارەدراوانی سیاسی، چونکە زۆرینەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون، لە شوێنێکی نەزاندراودا نێژراون و بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییان نە چاویان بە تەرمی ڕۆڵەکەیان دەکەوێ و نە بە شوێنی ناشتنی دەزانن. هەندێک ڕێکخراو ‌و دامەزراوەی ناحکوومی وەکوو کۆمیتەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، بە یارمەتیی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام لە هەوڵی وەدەست خستنی زانیاری لە سەر قوربانییانی لەسێدارە دراوانن لە ئێران. هەندێک سەرچاوە، ژمارەی لەسێدارە دراوانی ئێرانیان لە نێوان ٦٠ هەزار بۆ ٨٠ هەزار کەس بەراوردە کردووە، بەڵام بەپێی بەراوردکردن‌ و کۆکردنەوەی هەندێک ژمارەی پڕش‌وبڵاو، ژمارەی لەسێدارە دراوانی ئێران بە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس بەراورد دەکرێ کە ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەشی لەگەڵدا بێ کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ‌و هێشتا لە سێدارە نەدراون، ژمارەکە لە ٥٥ هەزار کەس تێ‌دەپەڕێ. ئەگەر ژمارەی لە سێدارەدراوانی ئێران لە ماوەی چل ساڵدا، بە سەر دوو ماوەی بیست ساڵی‌دا دابەش بکەین، (بڕوانە خشتە و گڕافیکەکان)دەردەکەوێ کە لە ١٣٥٧ـەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکاری ‌و کەم‌بوونەوەیەکی ئەوتۆ لە ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێران ڕووی نەداوە.