کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و تراویلکەی بایدەن

15:40 - 2 بەفرانبار 2720

حەسەن ڕوحانی، سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەم حەوتوویەی هەیئەتی دەوڵەت‌دا نەیشاردەوە کە هیندەی دنیا و ئاسمان بە ڕۆیشتنی ترامپ دڵخۆشن. ئەم خۆشی لەدڵ‌گەڕانە بۆ ڕێژیم سروشتییە، چونکی ئەو زەبرە گورچکبڕەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە دەست سیاسەتەکانی تڕامپ خواردوویانە مەگەر هەر بە نەمانی ئەو بیانەوێ بە مێژووی بسپێرن. تڕامپ بە سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت و سزا قورسەکانی ئابووریی ئێرانی تێک تەپاند، جەنگاوەری ئەفسانەیی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم (قاسم سولەیمانی)ـی کوشت، بە گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچە ڕێژیمی ئێرانی لە بەرامبەر ئیسڕائیل‌دا داماو و زەبوون کرد، میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە وڵاتانی دراوسێی‌دا پەڕپووت و لاواز کرد، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئایا هاتنی بایدەن بە مانای کۆتایی ئەو وەرزە سەختە دەبێ بۆ کۆماری ئیسلامی؟ ئایا بارودۆخی نێوخۆی وڵات ئەو ئاسوودەییان دەداتێ کە بەمجۆرە بکەونە شایی و لۆغانەوە؟ ئەم دڵخۆشییانەی جەنابی ڕوحانی لە حاڵێک‌دایە کە قورسایی سزا ئابوورییەکان نەک لەسەر ئێران سووک نەبوون، بەڵکوو ڕەوتی سەپاندنی سزای نوێ بەدژی ڕێژیم هەروا درێژەی هەیە. فاکتەرەکانی دیکەی پێوەندیدار بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ بەرجامیش بە قازانجی ئێران نین. لەلایەک وڵاتانی ئورووپایی هاوبەشی ڕێژیم لە بەرجام ڕەخنەی زۆر توندیان سەبارەت بە پێشێل‌کاری و لادانەکانی کۆماری ئیسلامیی هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتومییش ڕایگەیاندوە ئێران ئەوەندەی لە بەرجام لا داوە کە ئیدی گەڕانەوە بۆی سەخت و ئەستەمە. ئاژانس پێی وایە خاڵی دەسپێک ئیدی مانای نییە و ژیاندنەوەی بەرجام لە دەوڵەتی جۆ بایدەن‌دا –ئەگەریش بکرێ- پێویستیی بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی ئێران لە لادان و پێمل‌کردنی بە مەرجی نوێیە. بە تایبەت کە پرسی بەرنامە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوەردانەکانی لە ناوچەش کە خامنەیی دەڵێ بە هیچ جۆرێک ئامادە نین لەسەریان بکەونە دانوستانەوە، یەکێکی دی لەو بابەتانەیە کاربەدەستانی ئورووپا و وڵاتانی ناوچە پێی هەستیار بوون و پێیان وایە حەوجێ بە ڕێککەوتنێکی سەرووتر لە بەرجامە بۆوەی ئەم بەشەش لە نیگەرانییەکان بڕەوێتەوە. کۆبوونەوەی دوو ڕۆژی دیکەی شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش -کە ڕۆژی سێ‌شەممە، ٢ی بەفرانبار بۆ تاوتوێی ڕاپۆرتی ئانتۆنیۆ گوترێش لەسەر چالاکییە ئەتومییەکانی ئێران کۆ دەبیتەوە- ئێرانی بە تەواوی تەنگەتاو کردووە. لەوە بەولاتر پرسی هەوڵە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا و ڕفاندن و بارمتەگیرییەکانی ڕێژیم بەتایبەت دوای ڕفاندن و ئێعدامی بەپەلەی ڕوحوڵلا زەم جارێکی دیکەش سەرنجەکانی لەسەر جەوهەری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی و نەحاواوەبوونی ئەم ڕێژیمە لەگەڵ پڕەنسیپە جیهان‌داگرەکان کۆ کردەوە. کۆماری ئیسلامی پێشتریش بە ئێعدام‌کردنی نەوید ئەفکاری سەرەڕای داوا و گوشاری وڵاتان بۆ ڕاگرتنی ئەم حوکمە سەلماندبووی لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتی زەبروزەنگی خۆی پێملی هیچ یاسا و پڕەنسیپێکی نێودەوڵەتی نەبووە و ناشبێ. لە بەستێنەکانی دیکە‌ یەک لەوان مافی مرۆڤیش‌دا بەرگژەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن. وەک لە ماوەی دوو ڕۆژدا (٢٦ و ٢٧ی سەرماوەز) هەم کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم پاڕلمانی ئورووپا کۆماری ئیسلامیی ئێران‌یان سەبارەت بە پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بە توندی مەحکووم کرد. پاش ئەوەش کە ڕاوێژکاری ئەمنیەتی میللیی هەڵبژێردراوی جۆ بایدەن کاردانەوەی توندی بەنیسبەت ئێعدامی ڕوحوڵڵا زەم هەبوو، لای زۆر لە کارناسانی سیاسی ئەم ڕایە دروست بوو کە بە ئەگەری زۆر پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران یەک لە فاکتەرەکانی پێوەندیدار بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بەرجام دەبێ. قەیرانی ئابووری، بێکاری، گرانی، هەڵاواسانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتریش لە سایە گەندەڵی و ناکارامەیی و دەستەوەستانیی حکوومەت‌دا هەروا لەجێی خۆیەتی. کارناسانی سەربەخۆی ئابووری دەڵێن هیڵی هەژاری لە ئێران ئێستا ١٠ میلیۆن تمەنە و لە کۆمەڵگەی ئێران‌دا کە بەپێی داهاتیان بەسەر دە "دەهەک"دا دابەش دەبن، حەوت "دەهەک"یان کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. ناڕەزایەتییەکان بە دۆخی کارەساتباری ئابوورییش کە لە سۆنگەی کۆرۆناوە لەکزیی داوە، وەک عەمباری باڕووت چاوەڕوانی پریشکەیەکە. لەو بارودۆخەدا چاوی هیوای ڕێژیمی ئێران لە گواستنەوەی هەرچی زووتری دەسەڵاتە لە کۆشکی سپی. ئەم خۆش‌خەیاڵییەی ڕێژیم زیاتر لە هەموو شتێک بە لایحەی بودجەی ساڵی داهاتووەوە دیارە، کاتێک سەرەڕای بەردەوامیی گەمارۆکان و ئابووریی تێک‌تەپیوی وڵات، پێشبینیی کردوە ڕۆژانە نیزیک بە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بۆشکە نەوت هەناردە بکا و داهاتەکەی دوو هیندە زیاد بکا. دەوڵەتی ڕوحانی بۆ ئەم ساڵ هەناردەی یەک میلیۆن بۆشکە نەوت ئەویش بە نرخی ٥٠ دۆلاری بەربێژی کردبوو، بەڵام بەپێی ئاماری توێژینەوەکانی مەجلیس هەناردەی نەوت قەت لە ٣٠٠ هەزار بۆشکە، ئەویش بە نرخی کەمتر لە ٤٠ دۆلار تێ نەپەڕی. هەروەها لە ٨ مانگی سەرەتای ئەمساڵ‌دا تەنیا سەتا ١٨ی ئامانجەکانی بودجە وەدی هاتوون. بەو پێیە ئەگەر لەگەڵ هاتنە سەر کاری جۆ بایدەنیش هەر هەموو سزا ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵگیرێن هێشتا ئەم وڵاتە ناتوانێ ئەو بڕە نەوتە دیاریکراوە بفرۆشێ و ئەوەندە داهاتەی هەبێ، بۆیە لە ئێستاوە ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس پێشبینیی ئەوەی کردوە کە کورتی‌هێنانی بودجەی ئێران بۆ ساڵی داهاتوو لانیکەم ٣٢٠ تریلیۆن تمەن دەبێ. بێ‌گومان گۆڕینی ئەم دۆخە و کرانەوەی سیاسی بە ڕووی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا پێویستیی بە وازهێنانی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتە شەڕانخێوییەکانی هەیە. ئەزموونی سزا ئابوورییەکانیش دەری خست هەتا ئەم ڕێژیمە زەختی قورسی لێ نەکرێ، وەڵامدەر نابێ و کشانەوەی بۆ نییە. ئێستاش کە لەو هەلومەرجەدا و لە نێوخۆی حاکمییەت‌‌دا باس لە وتووێژ و دانوستان دەکرێ، هۆکارەکەی هەر ئەم گوشارانەیە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنی ئاکامی بنەڕەتی پێویستە لەسەریان بەردەوام بێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لێبڕاوی و ئیرادەی هاوبەشی هەموو جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگەی ئێران و پشتیوانیی وڵاتانی خاوەن‌هێز و کۆمەڵگەی جیهانی لە خەڵکی ئێران دەتوانێ بەچۆکی دابێنێ. وەک چۆن چوار دەیە لەوە پێش و لە کۆبوونەوەی "گوادلوپ"دا کە بە بەشداریی ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژاوا بەڕێوە چوو، و هاوڕایی ڕێبەرانی ئەمریکا، ئەڵمان، فەڕانسە و بریتانیا بۆ چۆڵ‌کردنی پشتی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی لەسەر چارەنووسی ناڕەزایەتییەکانی ئێران شوێنی بنەڕەتیی دانا. بۆیە ئەوەی لەو نێوەدا نابێ لەبیر بکرێ و نەخوێندرێتەوە، دیسانەکەش خەڵکی ئێرانن کە داینەمۆی سەرەکیی هەر گۆڕانکارییەک لەم وڵاتەن. شکی تێدا نییە ئەگەر وڵاتانی خاوەن‌بڕیار لە تەنیشت بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان سیلەی چاوێکیان لە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و داخوازییە ڕەوا و مرۆییەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە بێت، هەم زاڵبوون بەسەر کۆماری ئیسلامیدا ئاسانە و هەم ناوچە و جیهانیش لەکۆڵ تەوەری شەڕەنگێزی و قەیران‌خوڵقێنی دەبێتەوە.