کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارکردی خەباتی سیاسی

23:01 - 2 بەفرانبار 2720

لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی

(کارکردی خەباتی سیاسی)

  لە هەلومەرجێک‌دا کە خەڵک هەست بە بێ‌هێزی و ترس دەکەن، گرینگە یەکەم هەنگاوەکان بۆ ئەوان مەترسیی کەمتر بێ و هەستی "متمانە بە خۆ"یان تێدا دروست بکا. ئەم شێوە کارانە وەکوو- لە بەر کردنی جلوبەرگ بە شێوەیەکی نائاسایی- دەتوانن پیشاندەری دژایەتی‌کردنێکی گشتی بن و دەرفەتێک بۆ خەڵک بڕەخسێنن تا بە شێوەیەکی مانادار لە هەنگاوەکانی داهاتوودا بەشداری بکەن. لە بابەتی دیکەدا هەندێ شتی غەیرە سیاسی و چکۆلە دەکرێ ببێتە جێی سەرنجی هەمووان. ستراتیژیستەکان دەبێ بابەتێک هەڵبژێرن کە بایەخەکەی بۆ هەمووان دەرکەوتبێ و وەرگرتنی ئاسان بێ. سەرکەوتن لەم جۆرە کارە چکۆلانە لەگەڵ ئەوەی کە کێشەیەکی بچووک چارەسەر دەکا، ئەو باوەڕە لای خەڵک دروست دەکا کە ئەوان خاوەنی هێزێکی کاران. نابێ ئامانجی ستراتیژیستەکان لە خەباتێکی درێژخایەن‌دا ڕووخانی دەسبەجێ و بەتەواویی دیکتاتۆری بێ، بەڵکوو لە جیاتی ئەوە دەبێ وەدووی هەندێ ئامانجی دیاریکراو بن. لە جەریانی خەباتەکەش‌دا پێویست بە بەشداریی هەموو خەڵک ناکا. لە کاتی بیرکردنەوە لە زنجیرە عەمەلیاتێکی تایبەت بۆ بردنەپێشی ستراتژییەکی گەورە، دەبێ ستراتژیستە خەباتکارەکان بە وردی بیر لە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و کۆتایی بکەنەوە.   خەباتی دیاریکراو (هەڵبژێردراو) لە قۆناغەکانی سەرەتای خەبات‌دا، زنجیرە عەمەلیاتێکی دیاریکراو بە ئامانجێکی تایبەت دەتوانن بەکەڵک بن. ئەم جۆرە عەمەلیاتە دیاریکراوانە دەبێ یەک لە دوای یەک جێبەجێ ببن. جاری واشە لەوانەیە چەند دانەیەکیان پێکەوە و هاوکات جێبەجێ بکرێن. لە دانانی پلانی ستراتیژی بۆ خەباتی دیاریکراو گرینگە کە هەندێ بابەت و کێشەی تایبەت کە نیشاندەری زوڵم و زۆری دیکتاتۆرن دیاری بکرێن. ئەم بابەتانە دەتوانن ببنە ئامانجێکی باش بۆ بردنە پێشی خەبات کە لەو ڕێگایەوە دەکرێ دەستمان بە هەندێ ئامانج ڕابگا. ئەم ئامانجە ستراتیژیکە نێونجیانە دەبێ لە توانایی و دەسەڵاتی هێزە دێموکراتەکاندا بێ. ئەگەر لەمەودا سەرکەوتوو بن لە پلانەکانی داهاتووشدا سەرکەوتوو دەبن کە ئەمە بۆ ورەی خەڵک زۆر باش دەبێ و بۆ سەرکەوتن لە داهاتووش‌دا زۆر گرینگە. ستراتیژییە دیاریکراوەکان دەبێ لە سەرەتادا لەسەر هەندێ بابەتی دیاریکراوی سیاسی، ئابووری یان کۆمەڵایەتی چڕ بکرێنەوە. ئەوان دەتوانن هەندێ بەشی تایبەت کە لە کۆنترۆڵی دیکتاتۆردایە بکەنە ئامانج، یان هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی بدەن یان هەوڵ بدەن لەژێر دەستی دیکتاتۆری دەربێنن. هەروا کە پێشتر باس کرا لەم بەشە لە خەبات‌دا دەبێ هێرش بکرێتە سەر هەندێ خاڵی لاوازی دیکتاتۆر و بەم شێوەیە دێموکراتەکان دەتوانن بەپێی توانایی خۆیان گورزێکی کاریگەر لە دیکتاتۆر بوەشێنن. ستراتیژیستەکان پێویستە پلان بۆ خەباتی سەرەتایی دابنێن بەڵام دەبێ ڕوون بێ کە ئامانج لەو پلانە چییە؟ ئەم پلانە سەرەتایی چۆن دەتوانێ یارمەتیدەری ستراتیژییە گەورەکە بێ؟ ئەگەر بکرێ پێویستە لانیکەم هێڵە گشتییەکانی قۆناغی دووهەم و سێهەمیش ئامادە بکرێ و هەموو ئەمانە بخرێنە خزمەتی پێشوەچوونی ستراتیژییە گەورەکە و کاریان بۆ بکرێ.   خەباتی سیمبۆلیک لە دەستپێکی خەبات بە مەبەستی لاوازکردنی دیکتاتۆردا، لەوانەیە لەسەرەتاوە مەیدانەکە بۆ خەباتی سیاسی زۆر ئامادە نەبێ. بۆیە هەنگاوە سەرەتاییەکان دەبێ هەلومەرجەکە و خەڵکەکە هەڵبسەنگێنێ و بۆ هاوکاری‌نەکردن و خەباتی سیاسی بە دژی دیکتاتۆر ئامادەیان بکا. یەکەم هەنگاو لەوانەیە جۆرێک ناڕەزایەتی یا هەنگاوێکی سیمبۆلیک و کاتی بێ. ئەگەر لە سەرەتاوە خەڵکەکە کەم بوون، ئەوکات دەکرێ یەکەم هەنگاو بۆ وێنە دانانی گوڵ لە شوێنێک بێ کە گرینگیەکی سیمبۆلیکی هەیە. ئەگەریش خەڵکێکی زۆر لە سەرەتاوە ئامادەی کار بوون، دەکرێ بۆ وێنە پێنج دەقیقە لە شوێنێک بێدەنگ ڕاوەستن و هیچ کارێک نەکەن. لە کاتێکی دیکەدا دەکرێ هەندێ کەسی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراو و سیمبۆلیک مان لە خواردن بگرن و تا بەیانی بەخەبەر بن. یان بایکۆتی کورتی کلاسەکانی خوێندن بکەن یا لە شوێنێک بە نیشانەی مانگرتن دابنیشن. دیارە لە حکوومەتێکی دیکتاتۆری‌دا ئەم کارانە لەوانەیە بە توندییش سەرکوت بکرێن. هەڵبەت هەندێ کاری دیکەی وەکوو چوونە نێو شوێنەکانی دەوروبەری کۆشکی دیکتاتۆر، یان چوونە نێو دەفتەری پۆلیس لەوانەیە مەترسیی زۆری بەدواوە بێ، بۆیە لە سەرەتاوە ئەم کارانە نەکرێ باشترە. هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ ناڕەزایەتیی سیمبۆلیک جاری وابووە سەرنجی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیشی ڕاکێشاوە، وەکوو خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە شەقامەکانی برێمە لە ساڵی ١٩٨٨، یان مانگرتنی خوێندکاران لە مەیدانی تیانانمنی پێکەن پێتەختی چین لە ساڵی ١٩٨٩. زەرەر و زیان و خەساری زۆری ئەم دوو خۆپیشاندانە شتێکە کە ستراتیژیستەکان دەبێ سەرنجی بدەنێ. بەو زەرە و زیانە گەورەیە لەوە ناچێ کە ئەم هەنگاوانە بە تەنیایی ببێتە هۆی ڕووخانە دیکتاتۆر. چونکە ئەم کارانە هەروا دەمێنێتەوە و هیچ ئاڵوگۆڕێک لە دەسەڵاتی دیکتاتۆردا پێک ناهێنێ. لە سەرەتای خەبات‌دا ناکرێ بە ئاسانی سەرچاوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر لێک جیا بکرێنەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ سەرەتا ئەو خەڵکەی کە تا دوێنێ گوێڕایەڵی دیکتاتۆر بوون، بە دژی ڕێژیم و دواتر بۆ هاوکاری‌نەکردنی بەربڵاو هان بدرێن کە ئەمەش زۆر زەحمەتە و ئاسان نییە، هەر بۆیە چاوەڕوانییەکی وەها بۆ هاوکاری‌نەکردن و خەباتی خێرا، ستراتیژییەکی ناواقیعی و هەڵنەسەنگێنراوە.   دابەش‌کردنی بەرپرسایەتی لە ڕەوتی خەباتی دیاریکراوی سەرەتایی، هەرجارە و باری خەباتەکە لە سەرشانی چەند بەشێکی کۆمەڵگەیە. لە هەنگاوەکانی داهاتوودا و بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی دیکە، دەبێ باری خەباتەکە بگوازرێتەوە بۆ سەرشانی خەڵکانێکی دیکە. بۆ وێنە خوێندکارانی زانکۆ دەتوانن لە سەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە خوێندنەوە دەست بدەنە مانگرتن، و ڕێبەرانی ئایینی و شوێنکەوتوەکانیان لە سەر ئازادییە ئایینیەکان ورد ببنەوە. کرێکارانی ڕێگای ئاسنی قەتار زۆر گیر بدەن و هاتوچۆی قەتارەکە تووشی کێشە بکەن. ڕۆژنامەنووسەکان دەتوانن بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر سانسۆردا هەندێ بەشی ڕۆژنامەکە هیچی تێدا نەنووسن و هەروا سپی چاپی بکەن، یان پۆلیسەکان دەتوانن لە دۆزینەوەی شوێنی دێموکراتەکان و دەسبەسەر کردنیان وا نیشان بدەن کە هەڵەیان کردوە. جیاکردنەوە و هەنگاو بە هەنگاو کردنی خەبات بەپێی بابەت و گرووپە دیاریکراوەکانی کۆمەڵگە، هاوکات لەگەڵ درێژەی خەبات، دەرفەتی پشوودان بە بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەدا. خەباتی دیاریکراو بەتایبەت یارمەتی بە سەربەخۆیی و بوونی گرووپ و ڕێکخراوەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکا کە لە کۆنترۆڵی دیکتاتۆردا نین. ئەم ناوەندانە دەبنە شوێنێک کە خەڵک لەو ڕێگایەوە دەتوانن فشار بخەنە سەر دیکتاتۆر یان لە بەرانبەریدا ڕابوەستن. لە ڕەوتی خەباتدا ئەم ڕێکخراوانە یەکەم شوێن دەبن کە دیکتاتۆر پەلاماریان دەدا.