کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چۆنیەتیی دەستکاری‌کردنی سیستەمی دراویی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ پشتگیریی دارایی لە شەڕە ناڕاستەوخۆکان

01:29 - 17 بەفرانبار 2720

لە کاتێک‌دا کە چەند ساڵە ئابلۆقە و هەڵمەتی "ئەوپەڕی زەخت" لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ بە سەر ئێران‌دا سەپێنراوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتان ڕێژیمی ئێران و باسکی سەربازیی ئەو، واتە سوپای پاسداران، لەوانەیە بە کەڵک‌وەرگرتن لە بۆشایی یاسایی لە سیستەمی داراییەکەی‌دا ئیزنی دەست‌ڕاگەیشتن بە میلیۆنان دۆلار پارەیان پێ درابێ. بەگوێرەی لێدوانێکی عەبدولناسر هیممەتی، بەرپرسی بانکی ناوەندی لە مانگی مارچ بەولاوە تاران توانیویەتی نیزیکەی ١٥ میلیارد دۆلار پارەی بیانی دەستەبەر بکا؛ پاشان ئەو پارەیە بەهۆی هەڵاوسانی نرخ بە شێوەی دەست‌کرد بەرز کراوەتەوە و لە لایەن بانکی ناوەندییەوە فرۆشراوەتەوە. هەرچۆنێک بێ، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی تەلەڤیزیۆنی "ایران انترناشنال" کە لە لەندەنەوە بەرنامەکانی بڵاو دەکاتەوە، سوپای پاسداران سیستەمی خۆی بۆ پەردەپۆش‌کردنی کاریگەر لەژێر ناوی پارە بە قەرزدان هەیە کە بەو شێوە دۆلار و یورۆی وەدەست‌هاتوو لە ڕێگای هەناردەکردنی کاڵا لە بازاڕی ڕەش دەکڕێتەوە. "شاهید عەلەوی"، سەرنووسەرێکی ئیران ئینتەرنەیشنال بە "فاکس"ی گوت: "دەوڵەتی ئێران هەموو ڕۆژێک بە میلیۆنان دۆلار دەخاتە نێو بازاڕەوە تا پێش بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ بگرێ. ئەو دۆلارانە دەبێ بدرێنە هاوردەکارانی کاڵا و بخرێتە نێو بازاڕەوە، بەڵام بە کردەوە، سوپای قودس بەشی زۆری ئەو دۆلارانە بە نرخی کەم، لە بنکەکانی پارە گۆڕینەوەی سەر بە خوی و بە یارمەتیی بانکی ناوەندیی دەکڕێ. ئەو پارەیە لە کۆتایی‌دا دەگاتە دەست تاقمە بەکریگیراوەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە." پرۆسەکە ناوی 'نیما'یە، سیستەمێکی سەرهێڵە کە لە ئاپریلی ٢٠١٨ لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، کە چاوەڕوانیی کشانەوەی دۆنالد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکای لە بەرجام دەکرد،  شتێک کە مانگی دواتر قەوما، دامەزرا. ئەو سیستەمە ڕێگا بە هەناردەکارانی ئێرانی دەدا دراوی بیانی بە ڕێژەیەکی زۆر بفرۆشن، کە زۆر جار لە نێوان نرخی فەرمیی ٤٢٠٠٠ ڕیاڵ بۆ یەک دۆلار و نرخی نافەرمیی کە پتر لە ٢٦٠٠٠٠ ڕیاڵە دەفرۆشرێ. نیما تەنیا لە سیستەمی بانکیی ئیسلامی بە ناوی حەواڵە کار دەکا، کە بە شێوەی بەربڵاو بۆ گواستنەوەی پارە لە دەرەوەی دامەزراوە بیرۆکراتییەکەی بانکییەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ و لەسەر متمانە دامەزراوە. ئامانجەکە ئەوە بوو کە کۆمپانیا ئێرانییەکان کە کەلوپەلی بنەڕەتی هاوردە دەکەن کە لە نێوخۆی وڵات گیر ناکەون، لە نێویان‌دا دەرمان، کەلوپەلی ئێلێکترۆنی و گەنم، دەستیان بە دراوی سوبسیدکراو ڕابگا. لە هەمان کات‌دا، هەناردەکاران دەبێ بەشی بەرچاوی پارەی بیانی وەدەست‌هاتوو لە دەرەوەی وڵات ڕابگەیەنن و لە پلاتفۆرمی نیمای بانکی ناوەندیی‌دا بیفرۆشنەوە. سەعید قاسمی‌نژاد، ڕاوێژکارێکی پلەبەرزی پرسی ئێران و ئابووری دراو لە دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسییان (FDD) شی کردەوە کە، "نیما پلاتفۆرمێکە کە لە کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئێران دایە و هاوردە- و هەناردەکاران دراوی بیانی لەگەڵ یەکتر دەگۆڕنەوە. لە ئێران، دراوی بیانی کە لە ڕێگای هەناردەکردنەوە وەدەست دێ دەبێ لەژێر چاودێڕیی بانکی ناوەندییەوە بە هاوردەکردنی کەلوپەل و پارە، بێتەوە نێو سیستەمی دارایی وڵات. نەگەڕاندنەوەی پارە بۆ نێو سیستەمی دارایی وڵات دژی یاسایە. جگە لەوە، بۆ خەریک‌بوون بە هەناردە و هاوردەوە دەبێ ئیزنی دەوڵەتت هەبێ. ئامانجی ئەو کارە ئەوەیە کە دەوڵەت کۆنترۆڵی سەرمایە و دراوی بیانیی بەدەستەوە بێ. قاسمی نژاد گوتی: خاڵی هەستیاری نیما ئەوەیە کە دراوی بیانی لەو پلاتفۆرمەدا پارەی کاغەز نییە و، زۆر جار، پێشتر هاتۆتە نێو سیستەمی دارایی نێونەتەوەییەوە. ئەو شیی کردەوە، "بۆ وێنە، هەناردەکارێکی ئێرانی کە لە کارەکەی‌دا لە بانکێکی تورکیە یورۆی گیر دەکەوێ، ئەو پارەیە بە هاوردەکارێک دەفرۆشێتەوە کە پێویستی بە یۆرۆیە. ئەو پارەیە پێویست ناکا بگاتە سیستەمی دارایی ئێران. ئەوە بۆ کۆمپانیایەکی سەر بە سوپای پاسداران زۆر باشە، کە دەتوانن ئەو پارەیە وەرگرن و، بۆ وێنە، بینێرنە کۆمپانیایەک لە لوبنان کە کار بۆ حیزبوڵڵا دەکا. هەڵبەت ئەوە پێویستیی بە ئیزنی بانکی ناوەندیی ئێرانە، چونکە بەبێ ئەو ئیزنە، کۆمپانیای سەر بە سوپای پاسداران لەبەر نەگەڕاندنەوەی کەلوپەل یاخود پارەی بیانی، دەکەوێتە ژێر لێکۆڵینەوەی یاسایی." گوایە بانکی ناوەندیی بەتەواوی ئاگاداری ئەو ساختەکارییەی سوپای پاسدارانە، کە ژمارەیەک بنکەی ئاڵووێری پارەی بیانیی دامەزراندوون تا بتوانێ ئەو مامەڵانە جێبەجێ بکا. بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە، سوپا کەڵک لە کاسبکاری خاوەن ئیجازەنامەی فەرمی وەردەگرێ. بۆیە ناوی سوپای پاسداران لە بەڵگەنامە فەرمییەکان‌دا نانووسرێ. ئاکامەکەی، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی ئیران ئینتەرنەیشنال ئەوەیە کە، پارەی وەدەست‌هاتوو پێشدا لە لایەن دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە ئاسانکاریی بۆ دەکرێ تا مەئمورییەتەکانی سوپای پاسداران لە دەروەی سنوورەکان، کە لە لایەن یەکە بەدناوەکەی سوپای قودسەوە لە عێراق ، سووریە، یەمەن یان لوبنان بەڕێوە دەچن، بەهێز بکا. جگە لەوە، دەڵێن ئەوە بۆتە هۆی کەم‌بوونەوەی پارە بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی هەستیار وەک ئامێری پزیشکی و دەوا و دەرمان. عەلەوی ئاماژەی بەوە کرد کە بەو پارەیە، سوپای قودس مووچەی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم، کڕینی چەکوچۆڵ و کەرەستەی پێویست بۆ ئەوان و، پارەی پێویست بۆ جێبەجێ‌کردنی سابۆتاژ دابین دەکرێ. ئەو لە درێژەدا گوتی، "دابین‌کردنی دارایی بە یارمەتیی بانکی ناوەندی و کەڵکی خراپ وەرگرتن لە مێکانیزمی خستنی دۆلار بۆ نێو بازاڕەوە شتێکە کە لە ڕابردوودا نەکراوە. چونکە پێش چڕکردنی ئابلۆقەکان، سوپای قودس پارەی پێویستی ڕاستەوخۆ لە بودجەی دەوڵەت و بودجەی ساڵانەی سوپای پاسدارانەوە دابین دەکرد." مارک گازیت، سەرۆکی کۆمپانیای ئاسایشی سایبەری و لێکۆڵەرەوەی زانیاریی زەبەلاحی کۆمپیوتەریی، تێتاڕەی، گوتی سوپای پاسداران پێویستیی بە سێ شتە بۆ سەرکەوتن: ڕێگایەک بۆ دابین‌کردنی پارە و گواستنەوەی بۆ ئەو شوێنانە کە پێویستی پێیە، ڕێگایەک بۆ کردنی ئەو کارە بە شێوەیەک کە نەکرێ ئاشکرا بێ و لەسەریان بسەلمێندرێ و، ڕێگایەک بۆ دەرهێنانی پارەکە. ئەو سێ بەشە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە دابین دەکرێن. ئەو شیی کردەوە: "لە بنەڕەت‌دا، بانکی ناوەندیی بانگی هەناردەکاران دەکا و دەڵێ ئێمە پێویستیمان بە یۆرۆ و دۆلارە تا بیدەینە هاوردەکاران کە بتوانن کەلوپەلی پێویستی پێ هاوردەی ئێران بکەن، بەڵام ئەوان ئەو پارەیە دەدەن بە سوپای پاسداران، کە لە جیاتان لە چەکوچۆڵی خەرج دەکا. بۆ بەڕێ‌کردنی ئەو سامانە بە سیستەمی دارایی‌دا، بێ‌ئەوەی زەنگی وریاکەرەوە بکەونە کار، سوپای پاسداران ژمارەیەکی بەرچاو حیسابی بە ناوی خوازراو هەن و ژمارەیەکی زۆر ئاڵووێری بچووک بەڕێوە دەبا کە دەست بەسەر داگرتنی دژوارە، چوونکە ڕێژەی پارەکە بە دۆلار کەمتر لەو ئاستەیە کە لە لایەن سیستەمی ئاشکراکاری AML دیاری کراوە. ئەوە وا دەکا کە بانکی ناوەندی حاشا لەوە بکە کا ئاگاداری هەڵسوکەوت لەگەڵ تێرۆریستان بووە." بە گوتەی ئیران ئینتەرنەیشنال، ئەو بەلاڕێدا بردنە نایاساییە لە نێوان سوپای پاسداران و پارە فرۆشانەوە لەژێر چاودێریی بەرپرسی باڵای لۆجیستیکی وزارەتی بەرگری و بەرێوەبەرایەتیی توێژینەوەی پیشەسازی و کەسانی وەک سەردار سەید حوججەتوڵڵا قوڕەیشی و هاوکارەکەی ڕەزاقولی ئیسماعیلی، کە لە ٢٠١٦ لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە هۆی گێڕانی دەوری سەرەکیی لە گەشەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالیستیک خرایە ژێر ئابلۆقە، بەڕێوە دەچێ. هەڵبەت لە مانگی ئوکتۆبەردا ناوی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە هۆی کۆتایی‌هاتنی ئابلۆقەی چەک کە ماوەیەکی دوورودرێژ بوو بەسەر وڵات‌دا سەپێنرابوو، لە لیستەکە سڕایەوە. مایکڵ ڕوبین، هاوکارێکی پلەبەرزی ئەنیستیتۆی ئامەریکەن ئینترپرایز گوتی، "هەرکات جیاوازیی لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ڕەش هەبێ گەندەڵی تەشەنە دەکا. بە دەستکاریی دراوی بیانی، بانکی ناوەندیی ئێران دەتوانێ جیاوازی لە نرخەکاندا دروست بکا تا بتوانێ سەرچاوەی دارایی بۆ پرۆژەی دیکە دابین بکا. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر کۆمپانیا بیانییەکان و بانکە پێوەندیدارەکان لە کاتی بازرگانی‌کردن لەگەڵ ئێران پارە بە نرخی فەرمی بدەن، ئەوان بە دۆلار شەش هێندە دەدەن. ئەوە دەقاودەق بەو مانایەیە کە پتر لە ٪٨٣ ی دەچێ بۆ سوپای پاسداران، لە کاتێکدا ٪١٧ دەچێتە ئامانجی ڕەوا." ئابووریی ئێران، کە ماوەی پتر لە چوار دەیە دوای سەردەمی شۆڕش ئابلۆقەی لەسەر بووە، بەرەوڕووی بێ‌نرخ بوونی سەرسوڕ‌ێنەر بووە. دەوڵەت توانیویەتی ئەوەی بە دەستنیشان کردنی چەند نرخی جیاواز بۆ گوڕینەوەی پارە بشارێتەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە لایەن ئەنجومەنی ئاتلانتیک، لە سەرەتای ئەوساڵ ئاشکرای کردووە کە ئەکتەرەکانی بازرگانی و دارایی بەرەوڕووی ئالنگاریی لانیکەم "دوو نرخی ڕیاڵ کە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتردا هەیە، لە کاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی نێونەتەوەیی دەبنەوە: نرخی فەرمی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دیاری دەکرێ و سوبسیدی بۆ دەبڕێتەوە و نرخێکی ناجێگیر کە لەلایەن داوا و دابین‌کردن لە بازاڕی بێ‌یاسا، کۆنترۆڵ دەکرێ. ئەو ناهاوسەنگییە لەنێوان ئەو دوو نرخەدا خێرا بووە هۆی ناکاریگەریی لە چالاکییە بازرگانییە نێونەتەوەییەکانی ئێران کە دەیان ساڵە بەردەوامە." بەڵام کاتێک نرخێکی گۆڕینەوەی سێهەم، سیستەمی نیما، نزیکەی سێ ساڵ لەوەپێش دەست‌نیشان کرا، هەوڵی دا بازرگانیی نێونەتەوەیی و دەست‌ڕاگەیشتن بە دراوی بیانی ئاسانتر بکا. گازیت پێداگر بوو کە تەنانەت بە سەپاندنی ئابلۆقەی بەردەوام بەسەر ڕێژیمی شەڕانشۆدا، بۆ دەوڵەتی وڵاتە یەکگرتووەکان هەر وا دژوار بوو کە بۆشاییەکان داپۆشێ، بەشی زۆری بەو هۆیە کە ئێستا هەموو شتێک دیجیتالە. ئەو گوتی: "بۆ هەموو لایەک گەلێک هاسانە ئاڵووێری دارایی لە دوورەوە بکەن. بە هەمان شێوە کەڵک‌وەرگرتن لە تەکنیکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکرد، بۆ تاقمی وەک سوپای پاسداران ژماردن و بەرێوبەریی ژمارەیەکی زۆر ئاڵووێری بچووک کە بە تەواوی ڕەوا بن، بەڵام لە هەمان کاتدا دابین‌کردنی دەیان میلیۆن دۆلار بۆ پشتگیریی دارایی تێرۆریزم بێ، کارێکی گران نییە." هەرچۆنێک بێ، قاسمی نژاد گوتی هەنگاوی بچووک هەن کە دەکرێ ڕەچاو بکرێن، "بۆ سنووردار کردنی ئۆپەراسیۆنێکی ئەوتۆ، باشترین ئامرازی واشینگتۆن کەم‌کردنەوەی داهاتی ئێران بە گشتییە، ئەوە شتێکە کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ کردوویەتی. هەنگاوی دووهەم تۆماری ڕایەڵەی بەربڵاوی ئیمپراتوریی بازرگانیی سوپای پاسداران و گرینگتر لەوە خەڵکی بەڕێوەبەری ڕایەڵەکە لە نێو لیستی ڕەش دایە." ئەو هۆشداریی دا، " هەر کات ئابلۆقەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان هەڵگیرێن و تاران بە میلیارد دۆلاری بکەوێتە دەست و بە شێوەی بەربڵاو دەستی بە سیستەمی دارایی نێونەتەوەیی ڕابگا، سوپای پاسداران بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێ خۆی بۆ دابین‌کردنی دارایی بۆ تێرۆریزم دابین دەکا." بێهنام بین تالبلو، هاوکارێکی پلەبەرزی FDD، هاوڕا بوو و گوتی،: "سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی سەپێنراو بەسەر یەکەکانی چالاک بۆ دابین‌کردنی دارایی بۆ سیاسەتی ئێران لەمەڕ هەناردە کردنی شۆڕش، بە تایبەتی بە گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنێکی فەشەل کە سندووقی پارەی بۆ تاران دابین کرد، بە مانای سەپاندنی شکستی ستراتێژیک بەسەر خۆدایە."