کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهید زاهید عەلامی، ئازا وەک پڵینگ، خۆشەویست وەک باوک

01:44 - 17 بەفرانبار 2720

ڕۆژێک دادێ نەتەوەکەمان بووکی ئازادی بگرێتە باوەش ‌و هاواری ڕزگاری و سەربەستیی بەگوێی گەلانی دنیا بگەیەنێ. بۆ ئەم ئامانجە بەرزە لەمێژ ساڵە ڕۆڵە شۆڕشگێرەکانی گەلی کورد، تێکۆشەرانی ڕیگای ئازادی بۆ گەیشتن بە لووتکەی سەرکەوتن ‌و سەربەرزی لە هیچ فیداکار‌ییەک و تێکۆشانێک درێغیان نەکردووە و گیانی خۆشیان لەو ڕێبازە‌دا بەخت کردووە، یەکێک لەو قارەمانانە کە بۆ گەڵ خەباتی کرد و لەو پێناوەشدا گیانی بەخت کرد شەهید زاهید عەلامی ناسراو بە " پدر زاهید" لە ناوچەی سنەیە. شەهید زاهید عەلامی لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە گەڕەکی چوارباغی سنە لەدایک بوو. بەهۆی هەلومەرجی ژیان توانی تەنیا تا ٣ی ناوەندی دەرس بخوێنێ و، پاشان ڕووی کردە کارکردن و بوو بە کارمەندی ئیدارەی بهداشت و بۆ ماوەیەک لە شارەکانی سنە ‌و مەریوان کاری کرد. کاتێک گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕاپەرین‌ و نیشانیان ‌دا کە هیچ شتێک کار ناکاتە سەر داخوازە شۆڕشگێرانەکانیان، زاهیدیش لێبڕاوانە لە ڕیزی خۆپێشاندەران‌دا هاتە سەر شەقام. لە نەورۆزی خوێناویی ساڵی ١٣٥٨ی سنەدا، بە هۆی پیلانی ڕێژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، بە سەدان کەس لە خەڵکی بێ‌دیفاعی شاری سنە شەهید بوون. ئەوە کاری کردە سەر هەستی ناسکی شۆڕشگێڕانەی زاهید عەلامی و بڕیاری دا ببێتە پێشمەرگە ‌و سینگی خۆی لەپێناو پاراستنی گەلەکەی‌دا بکاتە قەڵغان. بۆیە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی‌دا دەستی دایە چەک ‌‌و چووە ڕیزی کۆمەڵەوە‌، بەڵام پاش سالێک ئەو ڕیکخراوەی بەجێ‌ هێشت‌ و هاتە ڕیزی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە. ماوەی ساڵێک لە شاری بۆکان خزمەتی پێشمەرگایەتی کرد و، دواتر ساڵی ١٣٦٠ لە هێزی بەیان‌ڕا گەڕایەوە ناوەندی ئاژوان. زاهید پاش ماوەیەک لە لایەن فەرماندەری ‌هێزی شەهید شەریفزادە، سەروان ئێقباڵ کەریم‌نەژادەوە بە بەرپرسی نیزامیی ناوەندی ئاژوان دیاری کرا. پاش ئەوەی ڕێژێمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی پەلاماری دڕندانەی بۆ سەر ناوچەی ژاوەرۆ دەست پێ کرد و ئەو ناوچەیە لە لایەن ڕێژیمەوە داگیر کرا، زاهید لەلایەن کۆمیتە شارستانی سنە ‌و هێزی شەریفزادەوە بە فەرماندەری لکی یەک دیاری کرا. زاهید عەلامی ڕۆڵەی بە بیروباوەڕی حیزبەکەمان بەهۆی فەرماندەری‌ و ڕێک‌وپێکی لە سازمان‌دان‌ و شەڕ و بەشداریی لێبڕاوانەی لە بەربەرەکانی دژی هێزەکانی ڕێژیم‌دا ببووە خۆشەویستی هەمووان و قارەمانەتیی ئەو تێکۆشەرە وێردی زمانی خەڵک ‌و هاوسەنگەرانی بوو. شەڕی ئازایانەی ئەو ڕۆڵە قارەمانە بە تاقی تەنیا لەگەڵ هێلی‌کۆپتێڕی دوژمن لەسەر تیرە شاخی "کوچک کوڕی" ناوچەی ژاوەرۆ کە زاهید بە ئازایەتی ‌و هەڵمەتی کەم‌وێنەی پێشگیریی لە هاتنەخوارێی ئەو هێلی کۆپتێڕانە کرد بۆ هەتاهەتایە وەک یادگارێکی پیرۆز لە قارەمانەتی و نەبەزی ئەو ڕۆڵە ئازا و قارەمانە لەنێو دڵی خەڵک‌دا ماوەتەوە. زاهید عەلامی وەک مامۆستایەکی شارەزای نیزامی دایم پێشمەرگەکانی ڕێنوێنی دەکرد، فێری تیکنیکەکانی شەڕ و ڕێگای بەربەرەکانی لەگەڵ دووژمنی دەکردن و وەک فەرماندەرێکی لێزان، کارامە و بە ئەزموون، ئەوەی دەیزانی بە سەخاوەتەوە بۆ پێشمەرگەکانی دەگواستەوە. زاهید هەموو حەوڵ ‌و تەقەلای ئەوە بوو چاوەڕوانیی هاوسەنگەرانی جێ‌بەجێ بکا و ئاستی زانیاریی خۆی بەرێتە سەرێ بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی حیزب ‌و گەلەکەی بکا. زۆر جار ڕووی لە هاوسەنگەرانی دەکرد و بە زمانی ساکار و پڕ لە خۆشەویستی پێی دەگوتن. " ئێمە کوڕی ئەو خەڵکەین و بۆخۆمان ڕێبازی پێشمەرگایەتیمان هەڵبژاردووە و نابێ منت لەسەر خەڵك بکەین و نابێ زەحمەتی ئەوان بە فیڕۆ بدەین. ڕەفتارمان دەبێ پاک ‌و سادقانە ‌و لە خزمەت ئاواتی خەڵکەکەمان‌دا بێ، دەبێ شەرەف‌ و ئابڕووی خەڵك‌ لە پەلاماری داگیرکەران بپارێزرین ‌و نەهێڵین دوژمن بحەسێتەوە، هەر جارێ لە دۆڵێ بە شێوەی پارتیزانی دەستی لێ بوەشێنین و سەرکەوتنمان لەو شێوە ڕەفتارە دایە". شەهید زاهید شۆڕشگێر بە کردەوەش بۆ ئەم بیروباوەڕە پیرۆزە هەنگاوی دەنا و، بە گەڵالەی ڕێکوپێکی نیزامی دوژمنی دەبەزاند، لە شەڕەکانی ساڵەکانی ١٣٦١ و١٣٦٢ لە ناوچەکانی چەم‌شار، حوسێن‌ئاوە، ساڕاڵ، کەرێزە و، هەروەها شەرەکانی سەلوەت‌ئاوای ڕێگای سنە- دێولان، ڕێگای مارنج- مووژەژ، و چەند عەمەلیاتی نێو شاری سنە، شەرەکانی تەجەرە، میراوە، نەران، ساڕاڵ و باینچوو؛ فەرماندەریی ڕێک‌وپێک ‌و بەنەزمی زاهید عەلامی زۆر بەرچاو بوو. شەهید زاهید لە بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی حیزبی‌دا سەر لە ڕێ‌ و پێشمەرگەیەکی زۆر شێلگیر و لێبڕاو و بەنەزم بوو، لەگەڵ هەموو هاوڕێیانی لەسەرەخۆ بوو، و بە دڵ خۆشی دەویستن ‌و دۆستانە ‌و حیزبیانە ڕەفتاری لەگەڵ دەکردن، بەوپەڕی وجوودییەوە، وەک پێشمەرگە و فەرماندەیەکی مونەزەم بڕیاری فەرماندەرانی سەرووتری بەڕێوە دەبرد. مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٢ شەهید ئێقباڵ کەریم‌نەژاد فەرماندەری هێزی ئەوکاتی شەریفزادە پەیام بۆ شەهید زاهید کە فەرماندری لک بوو دەنێرێ کە لەگەڵ پێشمەرگەکانی بۆ لای هێز کە لە ناوچەی لەیلاخ بوون بگەڕێنەوە. زاهید عەلامی لە ڕێگای چوون بۆ شوێنی مەبەست چەندین کەمینیان بۆ دوژمن دانایەوە و زەبری زۆر کاریگەریان لە دوژمن وەشاند و چەندین ماشێنیان تێک شکاند. لەو زنجیرە عەمەلیاتانە دوژمن بەتەواوی تاسابوو، و وەک ورچی بریندار بەدوای پیشمەرگەکان‌دا دەگەڕا. بۆیە لە چەند لاوە هێرشی کردە سەر پێشمەرگەکانی لکی یەکی شەهید شەریف‌زادە و لکەکانی دیکە کە ماوەیەکی کەم لێک دوور بوون. شەهید زاهیدی هەروەک عادەتی بوو بە گەڵاڵەی ڕێک‌وپێکی نیزامی و ورەی بەرزییەوە پەلاماری دەبردە سەر دژی گەلییەکان‌ و چەندین جار هێرشی دوژمنیان تێک شکاند. ڕۆژی ٢٧ی گلاوێژ دوژمن سەرلەنوێ هێرشی بۆ پێشمەرگەکان هێنایەوە. فەرماندە زاهید و هاوسەنگەرانی لە ئاوایی "سەرکارێز"ی ناوچەی بێڵەواری کامیاران لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیم تێک هەڵچوون و شەڕێکی توند دەستی پێ کرد. لەو شەڕەدا زیاتر لە ٥٠ کەس لە هێزی دوژمن کوژران ‌و بریندار بوون، بەڵام بەداخەوە دڵی بێ‌خەوشی‌ پڕ لە ئاواتی زاهیدی فەرماندە بە گوللەی دوژمن پێکرا و خوێنی ڕژایە نێو سەنگەری شەرەف‌ و، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە کوردستان ‌و حیزبەکەی ‌و هاوسەنگەرانی کرد. یادی بەخێر و سەنگەری خەباتی ئاوەدان.