کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستاتوی ئێران دوای گەمارۆکانی ئەمریکا و گوشارە نێودەوڵەتییەکان

13:46 - 17 بەفرانبار 2720

بەرایی مێژووی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٥٧ و قەیرانی هەڵکوتانە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و بەدیل‌گرتنی دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان. پاش ئەوەی ئەمریکا بڕیاری دا گەمارۆ بخاتە سەر ئێران، دەست بە سەر ١٢ میلیارد دۆلار لە داراییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەمریکا دابگرێ و، پاش هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق، ئێران بڕیاری دا لەگەڵ ئەمریکا سەودا بکا و دیلەکان بەردا. لەو کاتە بەملاوە ئەمریکاییەکان بۆیان دەرکەوت کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەپێی لۆجیکی سود و زیان (cost-benefit) بیر دەکەنەوە. لە ڕوانگەی ((نێفیو و هێویت))ەوە، ئەمریکا بەو زەینییەتەوە گەمارۆکانی ئەم دواییانەی خستۆتە سەر ئێران و ئامانج لەو گەمارۆیانە، گوشار خستنە سەر ئێرانە بۆ کۆتایی‌هێنان بە پشتیوانی ‌کردن لە تێرۆریزم، پێشێل‌کردنی مافی مرۆڤ و، پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران (بەو پێیەی کە تەناهیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دەخاتە ژێر مەترسییەوە) نیگەرانییەکی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا لێ‌کەوتۆتەوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆی سەپاندنی گەمارۆ وڵاتە زلهێزەکان بە سەر ئەو وڵاتەدا. ئەو گەمارۆیانەش کاریگەریی زۆریان لەسەر ئابووریی ئێران و بە دیاری‌کراویی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە داناوە. بۆ نموونە، بەشی نەوت لە کۆی ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران لە ساڵی ١٣٩٤دا، بۆ ٣٦٪ دابەزیوە هەروەها داهاتی نەوتی ئێران لەژێر سایەی گەمارۆکان‌دا، لە ١١٣میلیارد دۆلارەوە لە ساڵی ١٣٩٠، بۆ ٢٧ میلیارد دۆڵار لە ١٣٩٤ دابەزی. هانس. جی مۆریگێنتا وەک بیردۆزێکی ڕیالیست، دەڵێ کە دەوڵەتمەدار بۆ بەرەوپێش‌بردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان سێ ئامرازی لەبەردەست‌دایە: لوجیک، بەرتیل و هەڕەشە. هەر وەک باسی لێوەکرا، یەکێک لە هاندرەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆ خستنە سەری گەماڕۆکان لەسەر ئێران، چاوەڕوان کردنی ئەو خاڵەیە کە ئێران بە شێوەیەکی لۆجیکی‌ مامەڵە بکا و وەڵام داتەوە. ئامرازی دووهەم کە بەرتیلە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەوپێش‌بردن و جێبەجێ‌کردنی سیاسەتی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئێران و کەلک‌وەرگرتن لە "دیپلۆماسی چێک‌‌بووک" (checkbook Diplomacy) بووە. ئەو نموونەیە بەتایبەت بۆ کڕینەوەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان لە وڵاتانی ناوچە و سڕینەوەی کەسانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن (تیرۆری سەرکردە سیاسییەکان لە دەرەوەی ئێران، و کڕینەوە و بێدەنگ‌کردنی لایەنێک) کەڵکی لێ وەرگیراوە. خاڵی سێهەم، هەڕەشە کە لەو وتارەدا تیشکی زیاتری دەخرێتە سەر.   دەرچوونی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی و هەڵوێستی یەکیەتی ئورووپا ٨ی مەی ٢٠١٨ و دوای ئەوەیکە تڕامپ، هەر لە کاتی دەسبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی (JCPOA) لەگەل ئێران گرتبوو، دەرچوونی وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند. پێشێل‌کردنی "ڕوح "ی ( (Spiritڕێکەوتنەکە لە ڕێگای درێژدان بە کارکردن لە دژی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەردەوامی‌دان بە تاقیکردنەوە مووشەکییەکان‌، بەردەوام‌بوون لە پشتیوانی‌کردن لە گرووپە تێرۆریستەکانی وەکوو حیزبۆڵای لوبنان و چەند خاڵێکی تر، وەکوو هۆکاری دەرچوونی ئەمریکا لە (JCPOA) ڕاگەیەندران. باش دەرچوونی ئەمریکا، مایک پومپئیۆ، پێشنیاری گرتنەبەری سیاسەتی گێزەر و گۆپاڵ (carrot and stick)ی لە دژی ئێران کرد. لەبەرامبەردا و پاش دەرچوونی ئەمریکا لە بەردجام (JCPOA)، ئەو وڵاتە هەوڵی داوە کە لە ڕێگای کڕووزانەوە و لاڵانەوە و خۆ بە بێ‌تاوان پێشاندان، بەرپەرچی ئەو بڕیارەی ئەمریکا بداتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا، یەکیەتیی ئورووپا گەڵالەیەکی لەژێر ناوی ئینستەکس بۆ بەردەوام‌بوون لە بازرگانی‌کردن لەگەل ئێران ئامادە کردبوو. ئەوە لە کاتێک‌دا کە لە ساڵی ١٣٩٦دا، ٢٥٪ ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران بەڕێی یەکیەتیی ئورووپا دەکرا. ئەو گەڵاڵەی یەکیەتیی ئورووپا بە کۆمەڵێک هۆکار شکستی هێنا: ١- بڕیار وابوو کە ئەو گەڵاڵەیە زۆرتر یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان لەخۆ بگرێ، لە کاتێک‌دا کە ڕێژەی بازرگانی دوو لایەن لە بواری کشت‌وکاڵ و بەرهەمە دەرمانییەکان لە ساڵی ١٣٩٦دا تەنیا ١٥٪ کۆی بازرگانیی نێوانیانی پێک دێنا. ٢- نەمانی هاوسەنگیی بازرگانی نێوان دوو لایەن پاش گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا. ٣- ئەو گەڵاڵەیە نەیدەتوانی یارمەتیدەر بێ بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی ئێران. ٤- ئینستەکس نەیدەتوانی ڕیسکی بازرگانی‌کردن و هاوردەکردنی نەوتی ئێران کەم بکاتەوە. بەو پێیە، دەتوانین بڵێین کە هەوڵەکانی یەکیەتیی ئورووپا سەرکەوتوو نەبووە. لەلایەکی تر، بەپێی ڕاپرسیەکی زانکۆیی مێریلەند(Maryland)  کە لە ئێران ئەنجامی داوە، دەردەکەوێ کە لە ئاستی نێوخۆییش‌دا، پشتیوانیی گشتی لە JCPOA، بەپێی ئەو ئیستدلالە کە سوودەکانی ئەم ڕێکەوتنە نەگەڕاوەتەوە بۆ ئابووری ئێران، دابەزیوە.   هەڕەشە ناوچەییەکانی ئێران گەمارۆکانی نێوان ساڵانی ١٣٩٠ تا ١٣٩٤ نەبوو بە بەربەست لە پێش پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران. ئەگەرچی گەمارۆکانی سەر پڕۆگرامە هاژەکی (مووشەکی)ـییەکانی ئێران کە لەلایەن ئەمریکا و ئورووپاوە خرایە سەری، تەنانەت JCPOA  بەردەوام بوون، بەڵام هەروەک لە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە خاکی عێراق‌دا و، هێرش بۆ سەر ژێرخانی نەوتی عەرەبستان و هەروەها هێرشی تۆڵەسەندنەوەی (هەر چەند ئێران پێشووتر ئەمریکای لەو هێرشە ئاگادار کردبۆەوە) ئێران پاش کوژرانی قاسم سلیمانی دەرکەوت، ئێران توانیویەتی قیاس و ئاڵۆزیی تواناییە هاژەکییەکانی بەرێتە سەر. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر نفووزی ناوچەیی ئێران وێدەچێ دانان، لادان، و دووبارە دانانەوەی گەمارۆ بەهێزەکان کاریگەریی کەمی لەسەر ڕەفتاری ناوچەیی ئێران دانابێ. ئێران لەنێوان ساڵەکانی ١٣٩٠-١٣٩٤ واتە لەو کاتەدا کە گەماڕۆکان کاریگەرییەکی یەکجار زۆر خراپی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دانابوو، دەستێوردانێکی پڕ تێچووی لە سووریا، عێراق، و یەمەن‌دا دەکرد. ئێران تەنانەت دوای هەڵگرتنی گەمارۆکان لە ساڵی ١٣٩٥ و پاش دووبارە سەپاندنی گەمارۆکان لە لایان ئەمریکاوە، هەر بەشێک بووە لە ململانێ ناوچەییەکان. بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە کە گەمارۆکان کاریگەرییان لەسەر حیزبوڵای لوبنان داناوە (کەم‌کردنەوەی ئەندامەکانیان، داوای یارمەتی و هتد...)، هەروەها بۆتە هۆی کەم‌کردنەوەی ژمارەی ئەو چەکدارانەی کە لە سووریە بۆ ئیران شەڕ دەکەن. شایانی باسە لادانی گەمارۆکان بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی بودجەی دیفاعیی ئێران بە ڕێژەی ٤٠٪ لە نێوان ساڵەکانی ١٣٩٥- ١٣٩٧.   هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر تەناهیی وزە لە ناوچەی کەنداو کاربەدەستانی ئێران بەتایبەت فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری ڕێگەنەدان بە هەنارەکردنی نەوتی ئێران، ئەوان ناهێڵن نەوتی ئەوانی تریش بفڕۆشرێ. پاش ئەو هەڕەشانە، کۆمەڵێک هێرش کراوەتە سەر کەرتی هەناردەکردنی وزە لە ناوچەی کەنداو. هێرش بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی عەرەبستان سعوودی لە بەعقیق و خورەیس، دیارترین و بەهێزتیرین ئەو هێرشانە بوون کە بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بۆ ٨٠ دۆڵار بۆ بۆشکەیەک و هەروەها دابەزینی ٥٪ کۆبەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی جیهان. تەقاندنەوەی مین لەبن کەشتییە ئیماراتی و نۆڕوێژییەکانیش بەشێکی تر بوون لەو هێرشانەی کە هەناردەکردنی نەوتیان لە ناوچەی کەنداو بە ئامانج گرتووە. ئەگەرچی لە کەیسی هێرش بۆ سەر کێڵگەکانی سعوودی، ئەمریکا و هاوپەیمانانی کاردانەوەیەکی وایان بۆ ئەو هێرشانەی ئێران نەبوو، بەڵام بەگشتی هەوڵدان بۆ داخستنی گەرووی هورمز یان هێرش‌کردن بۆ سەر هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، وێدەچێ تێچوویەکی زۆری بۆ ئێران هەبێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بژاردانەی کە ئێران بە کەلک‌وەرگرتن لە پڕاکسییەکانی بۆ زەربە لێدان لە بەرهە‌م‌هێنانی نەوتی ئەوانی تر هەیەتی، ئەگەری ڕوودانی کردەوەی ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە بۆ پەک‌خستنی هەناردەکردنی نەوت زۆرترە. لە درێژەی ئەو کارانەدا وەک وڵاتیک بۆ گەمارۆکانی ڕۆژاوا، ئێران بەردەوام هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە. جێ ئاماژەیە ئەو ڕێڕەوە کە پاناییەکەی دەگاتە ٥٢ کیلۆمەتر، یەکێک لە گرینگترین ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بە واتایەکی تر، ڕۆژانە ١٦ تا ١٧ میلیۆن بۆشکە نەوتی خاو، کە دەکاتە ٢٠٪ مەسرەفی ڕۆژانەی جیهان، لەو ڕێرەوەوە دەگوازڕێتەوە. هەر بۆیە، یەکێک لەو نیگەرانییانەی کە هەبووە، ئەوە بووە کە نەکا ئێران هەوڵی داخستنی گەرووی هورمز بدا کە ٣٣٪ نەوتی هەناردەکراو لە ڕیێ دەریاییەوە، لەو گەرویەوە تێپەڕ دەبێ. بۆیەش، هەر جۆرە خەڵەلێک لە گواستنەوەی نەوت لەو خاڵە، دەبێتە هۆی وەستاندنی ٨٠٪ ڕێژەی هەناردەی وڵاتانی کەنداو، بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیڕانی، بەرزبوونەوەی بەهای نەوت و، ئەوەی کە ئەو بڕە نەوتە بەخێرایی جێگرەوەی بۆ نادۆزرێتەوە. بەگشتی، گرینگیی ئەو ناوچەیە لە ڕووی جیۆئیکۆنۆمی و جیۆستڕاتیژییەوە وای کردووە کە سیاسەتی ئەمریکا لە ئیدارەی تڕۆمەنەوە بەملاوە، ڕێگری‌کردن بێت لەوەیکە یەک وڵات بتوانێ بەتەنیایی دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزە لەو ناوچەیە دابگرێ. دیارە یەکێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە، بۆ وابەستەی کەمی ئەمریکا بە نەوتی ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٤، ئەمریکا تەنیا ١٤٪ نەوتی خۆی لە عەرەبستان، ٥٪ لە عێراق، و ٢٪ لە کۆوەیتەوە دابین دەکرد. لە وەڵامی گەماڕۆ نێونەتەوەییەکان و کەمپەینی "گوشاری هەرە زۆر"ی ئەمریکا بۆسەر ئێران بوو بەهۆی بڕینی داهاتی نەوتی ئەو ڕێژیمە، ئێران بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە:   هێرش بۆسەر تانکێڕەکان: لە وەڵامی هەنگاوەکانی ئەمریکا لە کەمپەینی گوشاری هەرە زۆر لە دژی ئێران، ئەو وڵاتە هەوڵی پێشاندانی توانایی خۆی بۆ زەبرلێدان لە بازرگانی جیهانی و بەرژەوەندییەکانی دیکەی ئەمریکا داوه و هەروەها بوو به هۆی زێدەبوونی نیگەرانییەکان بە نیسبەت چالاکییە ئەتۆمییەکانی. ئامانج لەو کارەش ناچار کردنی ئەکتەرە نێونەتەوەییەکانە، ئەوانەی کە بەستراونەتەوە بە دابین‌‌کردنی سەقامگیریی نەوت بۆ گوشار خستنە سەر ئیدارەی تڕامپ بۆ کەم‌کردنەوەی گوشاری گەمارۆکان لەسەر ئێران. لەو پێوەندییەدا، لە ١٢ی مەی ٢٠١٩ چوار پاپۆڕ کە لە کەنارەکانی ئیماڕات لە کەنداوی عومان وەستابوون، لە سابۆتاژێک‌‌دا (sabotage) بە مین هێرشیان کرایە سەر. شارەزایان پێیان وایە کە چاندنی مینەکان لە سەرووی هێڵی ئاوی کەشتییەکان، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە نیەت لەو کردەوەیە، نەک نقۆم‌کردنی کەشتییەکان بەڵکوو پێشاندانی لاوازیی لایەنی بەرامبەر بووە کە ئەوەش هێزێکی نفووزی زۆرتر دەبەخشێتە ئێران.   هێرش کردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی عەڕەبستانی سعوودی لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٨، ئێران بە کەلک‌وەرگرتن لە هاژەک و درۆن، هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر کێڵگە نەوتییەکانی بەعقیق و خوسەیر لە عەڕەبستانی سعوودی و بوو بەهۆی لەکار کەوتنی ٥٠٪ توانایی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتە. بە بڕینی ٥٪ نەوتی بەردەستی جیهان، بازاری جیهانی وزە تووشی شۆک و پاشان بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بوو. ئەو هێرشە نمایشێکی بەرچاوی توانا سەربازییەکانی ئێرانی لە دژی ڕەوتێکی ناوچەیی گرینگ بوو کە پۆتانسێلیی لێکەوتەنەوەی شەڕێکی گەورەی لە ئاستی ناوچەکەدا هەبوو.   خستنە خوارەوەی دڕۆنە ئەمریکییەکە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨، ئێران لە ڕێگای هاژەکێکی "زەوی بە ئاسمان" دڕۆنێکی ئەمریکیی لە جۆری (RQ4Global Hawk) کە بایی ١٣٠میلیۆن دۆڵارە، خستە خوارەوە. دوای ئەو هێرشە ئەمریکییەکان ڕایانگەیاند کە ئە درۆنە لە کاتێک‌دا کە لەسەر "ئاوە نێونەتەوییەکان‌دا" لە فڕین‌دا بووە کراوەتە ئامانج و لەسەر ئەو ئەساسه، باسی تۆڵە سەندنەوەیان دەکرد، ئەگەرچی هێرشی تۆڵەخوازانەی ئەمریکا لە دوایین سات‌دا بە هۆکاری نادیار هەڵوەشایەوە.   دەسگرتن بەسەر تانکێڕەکان‌دا لە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨، ئێران (سوپای پاسداران) لە کەنداو دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوت‌‌هەڵگر داگرت کە ئاڵای بریتانیای لەسەر بوو. ئەو کەشتییە بریتانیا بە ناوی Stena Impero، لە ئاوەکانی عومان لە ڕێڕەوی هۆرمۆز و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ڕاگیرا و پاشان گوازرایەوە بۆ بەندەر عەباس. لەوێش بە بیانووی پێشێل‌کردنی یاساکانی پەیوەست بە هاتوچۆ لە گەرووی هۆرمۆز، لەلایان ئێرانەوە دەست‌ کرا بە لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە. دواتر ئەندامێکی شووڕای نیگهبان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە ئەو کارەی ئێران لە تۆڵەی دەسبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئێرانی بوو کە نەوتی ئێرانی بەرەو سووریە دەگواستەوە و لە جەبەلتاریق و لەلایەن هێزی دەریایی شاهانەی بریتانیاوە دەستی بەسەر داگیرابوو.   ئەنجام هەروەک لەو وتارەدا بە کورتی باسی لێ کرا، پاش دەرچوونی ئەمریکا لە JCPOA  و بەڕێوەبەردنی کەمپەینی "گوشاری هەرە زۆر" بۆ سەر ئێران کە بوو بە مایەی کورت‌بوونەوەی دەستی ئێران لە زۆر بواردا لە ئاستی ناوچەکە و لە دەست‌چوونی داهاتی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو، ئێرانیش، هەروەک چەندین جار ئەو هەڕەشەیەی دووبارە کردبۆەوە، هەوڵی داوە لەڕێگای بەئامان‌جگرتنی تەناهیی هەناردەکردنی وزەوە لە ناوچەی کەنداو هێرش بۆ سەر کەشتی و دامودەزگا نەوتییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، پەیامێکی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر و هاوردەکار و، ناڕاستەوخۆ ئاڕاستەی ئەمریکا بکا. وێدەچێ ئامانج لەو کارەش، گوشارهێنان بێت بۆ وڵاتانی ناوچە و هەروەها هاوردەکاری وزە تاکوو ئەوان گوشار بۆ ئەمریکا بێنن کە لە گوشارەکانی بۆ سەر ئێران کەم بکاتەوە و چاوێک بە گەمارۆکاندا بخشێنێتەوە. لەو بەینەشدا ئێران زۆر بە هەستیاری جووڵاوەتەوە، بەو پێیەی کە هەروەک شارەزایانی سەربازی ئاماژەی پێی دەکەن، هێڵە سوورەکەی، واتە کوشتنی ئەمریکاییەکانی، پێشێل نەکردووە و نەیویستووە خۆی تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکا. *** سەرچاوەکان:  
  1. Jalilvand, D. "Back to square one? Iranian energy after the re-imposition of US sanctions."Oxford Institute for Energy Studies. University of Oxford. https://www. oxfordenergy. org/wpcms/wp-content/uploads/2019/03/Iranian-Energy-after-the-Re-Imposition-of-US-Sanctions. pdf (2019).
  2. Van de Graaf, T. (2013). The ‘oil weapon’reversed? Sanctions against Iran and US-EU structural power. Middle East Policy, 20(3), 145-163.
  3. Kalehsar, O. S. (2020). The Geopolitics of US Energy Sanctions Against Iran. Middle East Policy, 27(2), 108-119.
  4. Katzman, K. (2013, October). Iran sanctions. LIBRARY OF CONGRESS WASHINGTON DC CONGRESSIONAL RESEARCH SERVICE.
  5. Steering clear of Iran petroleum sanctions | Global Trade Review (GTR)https://www.gtreview.com/supplements/gtr-mena-2020/steering-clear-iran-petroleum-sanctions/
  6. Stevens, paul. (2020, January). Iran crises: the impact on oil Markets.www.chathamhouse.org/2020/01/iran-crises-impact-oil-markets
  7. Phillips, J. (2019). US Must Lead Strong Multinational Response to Iran’s Extortion Strategy. Heritage Foundation Backgrounder, (3432
  8. Brookes, P. (2020). Iran’s Extensive Cruise Missile Program Requires US Action. Heritage Foundation Backgrounder, (3460).
  9. Shear, M. D., Schmitt, E., Crowley, M., & Haberman, M. (2019). Strikes on Iran Approved by Trump, Then Abruptly Pulled Back. The New York Times.
  10. Bollino, C. A., Efird, B., Hasanov, F., & Hatipoğlu, E. (2019). Iran sanctions: implications for the oil market.
  11. Watts, N. A Tale of Two Tankers.
  12. Byman, D., & Moller, S. B. (2016). The United States and the Middle East: Interests, Risks, and Costs. J. Suri, & B. Valentino, Sustainable Security: Rethinking American National Security Strategy, 263-309.
  13. Hewitt, Kate., & Nephew, Richard. How the Iran hostage crisis shaped the US approach to sanctions. March 12, 20. htps://www-brookings-edu.cdn.ampproject.org/v/
  14. Farzanegan, Mohammad Reza (2020). Irans Außenhandel: über Handelspartner, die Bedeutung von Erdöl und internationale Sanktionen. https://m.bpb.de/internationales/asien/iran/306088/irans-aussenhandel
  15. Hamilton, Daniel S. (2016). Checkbook Diplomacy. The Diplomatists, annual edition 2.http://www.diplomatist.com/dipoannual2016/index.html
  16. CHALABI, B. (2019). The US Withdrawal from the JCPOA and its Effect on Terrorism and Nuclear Proliferation.