کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی خێرا بە دادگای سەحرایی

14:10 - 17 بەفرانبار 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا

(لەسێدارەدانی خێرا بە دادگای سەحرایی)

    لە سیستەمێکی تۆتالیتەردا، دادگا ئاساییەکان سەربەخۆیی خۆیان لەدەست دەدەن، چونکە بە سیاسی‌کردنی دادگاکان دەبێتە ئامانجی ڕێژیم. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، خومەینی هەندێک کەسی ئایینیی وەکوو دادوەری شەرع بۆ دادگایی‌کردن‌ و سزادانی ئەندامانی ئەو حیزب ‌و گرووپانە دیاری کرد کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە قەدەغە کرابوون‌ و بۆ مانەوەی خۆیان بەرگرییان دەکرد. خومەینی پێی‌وابوو، ئەو کەسانەی کۆماری ئیسلامی ڕەت دەکەنەوە، تاوانبارن ‌و پێویست ناکا دادگای فەرمییان بۆ دابنرێ ‌و پڕۆسەی دادگایی‌کردنیان بۆ بەڕێوە بچێ، چونکە بە قسەی ئەو، دادگای فەرمی بۆ ئەو کەسانە بەڕێوە دەچێ کە ڕوون نییە تاوانبارن یان نا. هەر بۆیە، ژمارەیەک دادوەری ئایینیی دەستنیشان کرد بۆ ئەوەی تاوانباران بەبێ دادگای فەرمی سزا بدرێن‌ و بە خێراییش سزایەکە جێبەجێ بکرێ. یەکێک لەو دادوەرە ئایینییانە بە ناوی سادق خەڵخاڵی، بە جۆری دادگایی‌کردن‌ و سزادانە سەحراییەکەی ناسراوە. ئەو بەکۆمەڵ خەڵکی سزا دەدا‌ و خێرا لە سێدارەی دەدان‌ و وێنە ‌و فیلمەکانیشی لە مێدیاکاندا وەکوو سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی بڵاو دەکردەوە. قوربانییەکان زۆرینەیان چالاکانی سیاسی‌ و ئەندامانی حیزبە قەدەغەکراوەکان بوون. لە دوایین چاوپێکەوتنی‌دا، خەڵخاڵی پشتڕاستی کردەوە کە خەڵکانێکی زۆری کوشتووە:   "من دادوەری ئایینی بووم، زیاتر لە ٥٠٠ کەسی سەر بە ڕێژیمی پاشایەتیم لە سێدارە داوە، هەروەها سەدان کەسم لە کوردستان ‌و خوزستان لە سێدارە داوە. پەشیمان نیم لە هەموو ئەوانەی کردوومن. لەسەر ئەو بڕوایەم کە کەمم کوشتووە، چونکە زۆر کەس شایەنی مردن بوون‌ و نەمتوانی ڕاویان بکەم." سادق خەڵخاڵی   دادوەرێکی دیکەی ئایینی بە ناوی ئایەتوڵڵا مەحەللاتی کە شایەتحاڵی دیمەنی لەسێدارەدانی ١٤ کەسە، کە لە لایەن خەڵخاڵی‌یەوە ساڵی ١٣٥٩ لە شاری شیراز لە سێدارە دران، بەو شێوە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە :   "[...] لە سێدارە دراوەکانی شیراز، ئەو زیندانییانە بوون کە پێشتر دادگایی کرابوون ‌و بە سزای زیندانی‌کردن حوکم درابوون، یان چاوەڕێی ئازادکرانیان بوون. یەکێک لەوان ژنێکی دووگیانی جوولەکە بوو کە تەنانەت بەندیش نەکرابوو‌ و هەر لە بنەڕەتەوە هیچ دۆسیەیەکی دادگایی‌کردنی نەبوو، بەڵام لە لایەن خەڵخاڵی‌یەوە دەستگیر کرابوو‌ و کاتژمێرێک دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. ژنەکە بە بیستنی سزاکەی، هاواری کرد‌ و لە هۆش خۆی چوو، بەڵام دوای وەهۆش‌هاتنەوەی، لە سێدارە درا. [...]" ئایەتوڵڵا مەحەللاتی، ١٣٦٠   دادگایی‌کردنی سەحرایی شێوەیەکی ناسراوی دادگایی‌کردن‌ و سزادانی ساڵەکانی دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێرانە، بە تایبەت بۆ دادگایی‌کردنی چالاکانی سیاسی. شێوەیەکە لە دادگا کە ڕاستەوخۆ دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارە سیاسییەکان‌، لە شوێنی گیرانیان، بەبێ تێپەڕکردنی قۆناغەکانی پڕۆسەی دادگای فەرمی پێک دێ‌ و حوکمەکەش هەر لەوێ دەردەکرێ ‌و بەخێرایی جێبەجێ دەکرێ. بە گوتەی جەهانگیر ڕەزمی، وێنەگری ڕۆژنامەی" اطلاعات" کە لەگەڵ چەند وێنەگرێکی دیکە کە هاوڕێیەتیی سادق خەڵخاڵی‌یان دەکرد، بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی، بڵاوکردنەوەی وێنەی دیمەنی لەسێدارەدان زۆر گرنگتر بوو لە خودی لەسێدارەدان. بە گوتەی ئەو، هێلی‌کۆپتەرێکی نیزامی، بە شێوەی تایبەت بۆ گواستنەوەی وێنەگرەکانی ڕۆژنامەکانی " اطلاعات"، "کیهان"‌و "جمهوری اسلامی" تەرخان کرابوو، تەنیا بە مەبەستی گرتن‌ و بڵاو کردنەوەی وێنەکانی دیمەنی لەسێدارەدان. وێنەگرێکی دیکە بە ناوی خەلیل بەهرامی کە ئەویش وێنەگری ڕۆژنامەی " اطلاعات"ـە‌و دیمەنی لە سێدارەدانی ١١ کەسی لە فڕۆکەخانەی شاری سنە لە ساڵی ١٣٥٨دا وێنە گرتووە، بەو شێوەیە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە:   "لە هۆڵی چاوەڕێ‌کردنی فڕۆکەخانە، لە پێش چاوی هەموو کارمەندەکان، ١١ کەسیان هێنان کە یەکێکیان لە سەر بڕانکارد بوو (ئەحسەن ناهید، خوێندکاری زانکۆ) ‌و یەکێکیتر بە دەستێکی پانسما‌ن‌کراو (ناسر سەلیمی). دادوەر خەڵخاڵی، داوای لێ کردن ناو ‌و نازناوی خۆیان بڵێن. ٣٠ خولەک دواتر، هەموویانی بە پیلانگێڕ تۆمەتبار کرد ‌و بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگە‌ و دێکیۆمێنتێک، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر کردن. بە پێش چاوی هەموو کارمەندانی فڕۆکەخانەدا بردیانن بۆ زەوییەکی خۆڵاوی لە دەرەوە. چەکدارەکان جگە لە یەکێکیان، هەموویان دەموچاویان داپۆشی ‌و هەروەها چاوی دەستگیر کراوەکانیشیان بەستن. یەکێک لە گیراوەکان (عیسا پیروەلی) هاواری کرد کە بێتاوانە‌ و کاسبییەکەی تەنیا بابۆڵە فرۆشتنە‌ و هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە. نەیدەتوانی لەسەر پێ ڕاوەستێ، بەڵام بەرزیان کردەوە. کاتێک کە فەرمان درا ‌و گوللـەباران کران، لەگەڵ ئەوەش‌دا کە هەموویان کەوتنە سەر زەوی، بەڵام پاسەوانی خەڵخاڵی (عەلی کەریمی) دەمانچەکەی دەرهێنا‌ و گوللـەی لەسەر هەموویان دا." خەلیل بەهرامی، وێنەگری پێشووی ڕۆژنامەی اطلاعات   وێنەکانی ١ و ٢ بەشێکن لە دیمەنی گوللـەباران‌کردنی بەکۆمەڵ لە لایەن سادق خەڵخاڵی‌یەوە کە ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژی ١٣٥٨ لە ڕۆژنامەی اطلاعات بڵاو کراونەتەوە‌و ڕۆژی ٧ی خەرمانان لە ڕۆژنامەکانی New York Times, Washington Post, spiegel, Daily Telegraph, Figaro, Paris Match بڵاو کراونەتەوە. وێنەکان لە دوو ڕۆژی جیاواز‌و دوو شوێنی جیاواز گیراون.   وێنەی ١ : وێنەی خەڵاتکراوی جەهانگیر ڕەزمی لە لایەن پۆلیتزێرەوە. فڕۆکەخانەی شاری سنە، ٥ی خەرمانانی ١٣٥٨ کاتژمێر ١٧:٠٠، گوللـەباران‌کردنی ١١ کەس. ناوی قوربانییەکان: ئەحسەن ناهید، شەهریار ناهید، جەمیل یەخچاڵی، ناسر سەلیمی، عەبدوڵڵا فوولادی، موزەفەر نیازمەند، سیروس مەنووچێری، ئەسغەر مۆبسێری، موزەفەر ڕەحیمی، عیسا پیروەلی، عەتا زەندی. سەرچاوە: www.pulitzer.org   وێنەی ٢ : نەخۆشخانەی مەریوان، ٣ی خەرمانانی ١٣٥٨، کاتژمێر ١٨:٣٠، گوللـەباران‌کردنی ٩ کەس. ناوی قوربانییەکان: حوسێن مستەفا سوڵتانی، ئەمین موستەفا سوڵتانی، ئەحمەد پیرخزری، حوسێن پیرخزری، فایق عەزیزی، عەلی داستان، بێهنام ئەخزەری، جەلال نەسیمی، ئەحمەد قادرزادە. سەرچاوە : www.equal-rights-now.com   بە گوتەی میشێل فوکۆ، بۆ هەر حکوومەتێک ئەوە گرنگە کە هێزی باڵادەستی ‌و سەروەریی خۆی لەسەر جەستەی سووژەکانی پێشان بدا. دەوڵەت بە کەڵک‌وەرگرتن لە ترس ‌و سزادان، بە زۆر سوژەکانی وا لێ دەکا کە ڕێز لە دەسەڵاتی گشتی بگرن. لە وێنەی ٢دا ، بە گوتەی وێنەگرەکان، دەستگیر کراوەکان کارمەندانی نەخۆشخانەی شاری مەریوان بوون، کە لەنێو هەمان بینای نەخۆشخانە‌ و لە پێش چاوی هاوپیشەکانیان بە تۆمەتی ئەوەی لە بواری پزیشکییەوە یارمەتیی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانیان داوە، گوللـەباران کران. ئەو کەسانە لە بەر ئەوە لە نێو بینای نەخۆشخانە گوللـەباران کران، تا بە هاوپیشەکانیان نیشان بدرێ کە یارمەتیدانی نەیارانی کۆماری ئیسلامی، چ سزایەکی هەیە. ئەگەر لە لایەک، بڵاوکردنەوەی وێنەی گوللەباران‌کردنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن حکوومەتەوە، مەبەستی تۆقاندنی خەڵکی لە پشتەوە بوو‌ە و وەکوو سەرکەوتن بە سەر نەیاراندا ئەژمار دەکرا، بەڵام لە لایەکی‌ترەوە، بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە بووە هۆی ئەوەی کە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ بۆ سەلماندنی تاوانە دەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەرگرن. بڵاوکردنەوەی دووبارەی ئەو وێنانە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆن ‌و هەروەها مێدیا جیهانییەکانەوە، بووە هۆی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ‌و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان. هەربۆیەش، لەو کاتەوە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام هۆشداری دەداتە ئێران لە دژی لەسێدارەدانی نەیارەکانی، بە تایبەت، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ‌ و لە شوێنە گشتییەکان. بە گوتەی جەهانگیر ڕەزمی، خۆی وێنەی ٩٩ لەسەدی دیمەنەکانی لەسێدارەدانی لە ساڵەکانی دوای شۆڕش لە ئێران گرتووە و پێی وایە، بڵاوکردنەوەی وێنەی دیمەنی لەسێدارەدانەکان، تەنیا هۆکار بوو کە وای کرد گوشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوەی لەسێدارەدانی ئاشکرای چالاکانی سیاسی ڕابگرن، چونکە ئەو دیمەنانە، وێنەیەکی ڕاستەقینەیان لە بارودۆخەکە پێشان دەدا. دوای ساڵی ١٣٦١، لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی بە شێوەی ئاشکرا لە کەمیی دا، بەڵام بە شێوەی نەهێنی ‌و لە ژووری زیندانەکان ڕووی لە زیادبوون کرد. نموونەیەکی بەرچاو، لەسێدارەدانی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوە سیاسییەکان بوو کە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا ڕووی دا. لەو ڕووداوەدا، بە فتوایەکی خومەینی، چەند هەزار بەندکراوی سیاسی لە ماوەی چەند مانگ‌دا بە شێوەی نەهێنی لە سێدارە دران‌ و تەرمەکانیشیان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان‌ و لە شوێنە نادیارەکاندا خرایە ژێر گڵەوە. بەپێی سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دران، لە نێوان ٣ هەزار بۆ ٥ هەزار کەس دەبوو. ئەوەش بەو واتایە دێ کە کۆماری ئیسلامی، بڵاو نەکردنەوە‌ و شاردنەوەی دیمەنەکانی لەسێدارەدانی وەکوو هەلێک قۆستەوە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە چالاکانی سیاسی بە شێوەی نەهێنی لە سێدارە بدا. خومەینی لە فتواکەیدا کە بندکراوە سیاسییەکانی بە سزای مردن حوکم دا، ڕایگەیاند کە "ئەوانەی لەنێو زیندان‌دا پێداگری لەسەر بیروباوەڕی سیاسیی خۆیان دەکەن، بە مردن سزا دەدرێن". ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی ١٣٩ لاپەڕەیی‌دا، ئەو ڕووداوەی وەکوو تاوان لە دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دا‌ و ڕایگەیاند کە هەموو قوربانییەکان ئەندامان‌ و لایەنگرانی حیزبە سیاسییەکان بوون‌ و زۆربەیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە کە لە نێویان‌دا منداڵ ‌و مێر منداڵ‌ و ژنانیش هەن و تەنیا هۆکاری لەسێدارەدانیان لە لایەن حکوومەتەوە، بیروبڕوا سیاسییەکەیان بووە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا کە دەستێوەردان لەو بابەتەدا بکا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئەنجام بدرێن. ئێستا لەژێر گوشاری ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان‌دا، لەسێدارەدانی ئاشکرای بەندکراوە سیاسییەکان ڕاگیراوە بەڵام، بەشێک لە بەندکراوە ناسیاسییەکان تا ئێستاش لە شوێنە گشتییەکان لە سێدارە دەدرێن.