کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان لە شاری سەقز

14:41 - 25 بەفرانبار 2720

لایەنگران و ئەندامانی چالاکی شاری سەقز، لە بەرەبەری هاتنی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان لەو شارە بەڕێوە برد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٩ی هەتاوی، لایەنگران و ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنی ٢ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان لە گەڕەک و شەقامەکانی شاری سەقز بەڕێوە برد. سەرەڕای هەوڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گوشاری زۆر بۆ سەر خەڵکی کوردستان و درێژەی ڕەشبگیرییەکان لە شارەکانی کوردستان ئەندامانی بوێر و دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دروشمی تایبەت بە ٢ی رێبەندان ساڵرۆژی دامەزراندنی یەکەمین کۆماری کوردستان، پێشوازییان لەم بۆنە تایبەتە کرد و گەڕەک و شەقامەکانی ئەو شارەیان بە درووشم و تراکتی تایبەت ڕازاندەوە. ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغییان لێکراوە بریتین لە شەهرەکی زانکۆ، قەرەچیاوا، بلواری خوێندکاران، گەڕەکی ماڵە گوڵان و پردی کەوسوار. لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوونی لە هاوڕێیانمان لە شاری سەقز، هیوای سەرکەوتن و بەردەوام بوونیان لە ئەرکەکانیاندا بۆ دەخوازین.