کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی دامەزرانی کۆماری کوردستان شایی خستە دڵی شاخەوانانی سەقز و بۆکانەوە

00:33 - 27 بەفرانبار 2720

چالاکیی تەبلیغیی تێکۆشەرانی دێموکرات لە کێوی ڕووش، شادی و خۆشیی خستە دڵی دەیان کەس لە شاخەوانانی شارەکانی سەقز و بۆکان. ڕۆژی هەینی، رێکەوتی ۲٦ی بەفرانبار و لە بەرەبەری یادی ۷٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا، تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەقز بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و وێنەکانی تایبەت بەم یادە لە بەرزاییەکانی کێوی ڕووش لە ناوچەی سەقز، شایی و خۆشییان خستە دڵی دەیان کەس لە شاخەوانانی ئەو ناوچەیە. تێکۆشەرانی دێموکرات پێش ئەوەی گرووپەکانی شاخەوانی لە شارەکانی سەقز و بۆکانەوە بگەنە شوێنی مەبەست، دەیان وێنە لە تراکت و وێنەکانی تایبەت بە ۲ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی ۷٥ ساڵەی دامەزرانی کوماری کوردستانیان لەو شوێنانە بڵاو کردەوە. شاخەوانانی کورد بە گەیشتن بە بەرزاییەکانی کێوی ڕووش و بینینی تراکتەکانی تایبەت بە دامەزرانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان و وێنەکانی پێشەوای قازی محەممەد، سەرکۆماری شەهیدی کوردستان، شاییان لە دڵ گەڕا و پیرۆزباییان لە یەکتری کرد. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە سپاس و دەستخۆشی بۆ  ئەو پۆلە لە ئەندامانی حیزب لە ناوچەی سەقز دەنێرێ و سەرکەوتن و بەردەوامییان لە بەجێ‌گەیاندنی ئەرکەکانیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.