کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندان لە ئاوێنەی مێژوودا

12:53 - 1 رێبەندان 2720

دووی ڕێبەندانی ئەوساڵ هاوکاتە لەگەڵ ٧٥ساڵەی ڕاگەیاندنی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، بە ئامادەبوونی ٢٠هەزار کەس لە چین‌وتوێژە جۆراوجۆرەکانی سەرانسەری کورستان. لەبارەی چۆنیەتیی ڕاگەیاندنی کۆمار لەسەر دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد هەتا ئیستا گەلێک وتار و بابەت نوسراون کە باس لە ساتەوەختەکانی ئەو ڕۆژە مێژووییە دەکەن کە خەڵکی بەشداری ڕێوڕەسمەکە بە چ شەوق و خۆشییەکەوە پێشوازییان لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وەک حکومەتێکی کوردی کە ئاواتی چەندەها ساڵەی نەتەوەی کورد بوو، کردووە. بەڵام ئەوجارە لە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان‌دا لە زمان ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “کوردستان”، زمان‌حاڵی حیزبی دێموکراتەوە هەوڵ دەدەین بۆ جارێکی دیکە و دوای تێپەربوونی ٧٥ساڵ، کەشی ئەو ڕۆژە و هەستی بەشدارانی ڕێورەسمەکە زیندوو بکەینەوە و بیخەینە بەرچاوی خوێنەرانی ڕۆژنامەی “کوردستان”. ٧٥ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژنامەکانی ژمارەی ١٠و١١ی “کوردستان” بە ڕێکەوتی ١٥و١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی ڕاپۆرتێک بە قەڵەمی سەید محەممەد حەمیدی لەژێر سەردێڕی جێژنی سەربەخۆیی و ئیستقلالی کوردستان یا درەوشینی ئەستێرەی خۆشبەختی کوردان کە باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی میتینگی بەربەرینی خەڵکی کوردستان دەکا، بڵاو بۆتەوە. دەقی ئەو ڕاپۆرتە بەم‌جۆرەیە:   “ڕۆژی ٢٨ی مانگی بەفرانباری ١٣٢٤ی هەتاوی هەیئەت مودیرەی هەموو لکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و نوێنەرانی قەبائیل وعەشائیر و تەواوی تەبەقات لە مالیک و غیرەمالیک هەر یەک لە چەند سەد فرسەنگ ڕێگاوە بۆ کانوونی ئیحساساتی میللی و قیبلەی ئارەزوو  و ڕووناکیدەری ئەفکاری هەمووانی خۆیان (شاری پڕ لە ئیفتیخاراتی میللیی مەهاباد) وەکوو بولبول بۆ لای گوڵ، وەکوو پەپوولە بۆ دەوری چرا هاتن و کۆبوونەوە. لەم ویشکەسەرمای چلەی زستان بە نێو بەفر و ڕنووی زۆردا چەند هەزار برایانی ئێمە بێ ئیختیار تەنیا بە حوکمی وێژدان وەکوو عاشق بۆ لای مەعشووق یا چاکتر بڵێم وەکوو ئاسن بۆ لای ئاسن‌ڕفێن بە توندی لینگیان دا و هاتن و هەستی سەرما و مەینەت وماندوویەتیی ڕێگایان نەکرد، هەموو بە ڕووخۆشی و پێکەنین دەگەڵ چەپڵەڕێزانی بێ‌وچان، لەکاتیک‌دا کە وەکوو رعد دەنگی هوڕا کیشانیان بۆ ئاسمان بەرز دەبووە. بۆچی؟ چونکە عەشق: عەشقی نیشتمان، عەشقی ئازادی و سەربەخۆیی، عەشقی پێشەوای خۆشەویست و ڕەهبەری بزۆرگواریان، ئەوانی وەڕێ خستبوو. چونکە فریشتەی ئیقباڵ و پەریی سەعادەت و خۆشبەختی لە لا سەروی فەزای گیان فێنک‌کەرەوەی مەهاباد ئەوانی بە دەنگی دڵ لاوێنەوە و گیان‌پەروەری خۆی بۆ بەشداربوون لە دیتنی ئەستێرەی خۆشبەختی و فەیز وەرگرتن لە مواهبی هەرە گەورەی عالمی سەرەوە بانگ کردبوو. دڵان هەموو پێکەوە و لە یەک سەرچاوەوە پڕ لە میهر و وەفا بوون. گیانیان هەموو لەگەڵ یەک و لە یەک سەرچاوەوە (منشا) شین و سەوز ببوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو دڵانەی پێکەوە ڕاگرتبوو و هەستی میللی ئەو گیانانەی بە یەکەوە بەستبوو. ئەمانە هەمووی لە کێ‌ڕا بوون؟ هەموو لە هێزی دەستی بەیزا و ئیعجازی وێنە مسیحایی بێ‌وێنەی کورد و تاقە کوڕی بە شەهامەتی کوردستان مامۆستا و ڕێبەری مەزنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جەنابی قازی محەممەد، کە دەگەڵ جد و جەهدی خەلەل ناپەزیر و باوەڕی ڕاسخ و شوجاعت و مەتانەتی بێ‌ئەژمار ڕێگای ڕێنمایی قەومی خۆی وەپێش گرت و تەواوی خەتەراتی زۆر سامناک و بەرهەڵستی زلی مڵۆزمان و دوژمنانی بە نەبوو دانا و بەبێ شک و تەردید و خەیاڵات هەوەڵ بە لابردنی هەموو بەرهەڵستەکان خەریک بوو، پاشان بە فەراهەم‌کردنی زەمینە و ئیجاد و ئیستمدادی کۆمەڵ لە ڕێی دانانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئیقدامی فەرموو. ئەی کوردستانی مەزن، ئەی دایکی نۆ میلیۆن کوڕانی ڕەشیدی کورد، سەرت لە دۆشکی بێماری و دیلی هەڵینە و نیقابی سپیی بەفر لە ڕووی خۆت هەڵگرە و بۆ کفن بە کورەکانتی واگوزار بکە، ئەوەتا ئەرشەدی کوڕەکانی تۆ ئێعجازی کرد و پەلوپۆی فێڵ و تەڵەکەی خرابکارانی لەبەریەک دەرێنا و ژیان و خۆشبەختی بەیەکجاریی بۆ کوڕەکانتی سازوقائیم کرد. ئەی نیشتیمانی ماد و ئەشکانیان، ئەی لانکەی سەلاحەددین و نوورەددین و                                                                                                                                                دیسەم مەزگێنیت لێ بێ ئاخر میکرۆبی ئەنواعی نەخۆشییان لەم خاکە ماڵدراوە و کوڕانی تۆ وەک دانەی بەرمووری گەوهەر هۆندراونەوە و لە حزووری پێشەوای بزۆرگواری خۆیان‌دا بە سان دەڕۆن و بە دەنگی بەرز دەڵێن بژی کورد و کوردستان و دڵی گڵاوی دوژمنان وەلەرزین دێنن. ئەی جیگای باب و باپیرمان شاد و خوڕەم بێ کە زستان بە تازە بەهار و بەفر و ڕنوو بە گوڵستان گۆڕدراوە، ئەوەتا ڕۆژی دووی ڕێبەندان سەعاتی هەشتی بەیانی خۆشترین و ڕووناکترین ڕۆژی مێژووی شەش هەزار ساڵەی تۆ گەیشتووە، لە سێ ڕێی قازی هێزی بەهێزی دێموکرات بە سازوبەرگ و ئەسلەحەوە لە لایەک و قوتابییانی کچ وکور لە لایەکی دیکە و بیست هەزار نەفەر لە تەواوی تەبەقاتی نەتەوەی بەرزی کورد هەریەک لەجێی خۆی بە تەرتیب ڕیزیان بەستووە و ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان لە هەموو لایەکی میتینگەکەوە و لە ڕاست و چەپی جێگای تایبەتی پێشوای گەورە کە لە قەلبی میتینگ‌دا قەراری گرتووە، دەلەرێتەوە . ئامادەبووان هەموویان چاویان بریوەتە ڕێی پێشەوا. ئاسمانی مەهاباد ڕووی خۆی ساف و ڕووناک کردووە و ڕووپەردەی هەوری لە ڕووی هەڵایساوی خۆی هەڵگرتووە و هەموو چاوەڕوانی موکبی موبارەکی پێشەوان. بەڵی چاوەنۆڕن و دەبێ چاوەنۆڕیش بن چونکە عەشق و عەلاقە، خۆشویستن، ئیحساسات، میللیەت، هۆمێدی سەربەستی لە ڕەگ و شاڕەگی ئەودا دەگەرێ و نوختەی یەکیەتی و ئیتسالی هەمووان وجوودی مەسعودی ڕەهبەری گەورەیە. لەوکاتەدا بزۆکی پێشەوای خۆشەویست لەنێو سەلامی نیزامی و چەپڵەڕێزان و هوڕا و ئیحساسات و شەوق و شەعفی فەوقولعادەی کۆمەڵ‌دا وەدەرکەوت و پێشەوای بەرز لە کاتێک‌دا ئەندامانی کۆمیتەی مەرکەزی لە پشت سەریەوە دەهاتن و ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان لە ڕاست و چەپی تریبوون لە ئیهتزازدا بوو و ئەستۆی بەرزی بۆ ئاسمان هەڵێنابوو، نزولی ئیجلالی فەرموو. مەتابەقی بەرنامەیەک کە لە پێشدا سازکرابوو بە تەواوی حوززار ڕۆژباشی فەرموو و پاشان لە تریبوون هاتە خوارێ و بە پێش تەواوی گوردان و گروهان و دەستەی سەربازان و پێشمەرگەکانی کوردستان‌دا هات و هەمووی تەماشا کردن و بە هەمووان ڕۆژ باشی فەرمو. لەوکاتەدا بە دەستوری معاوینی فەرماندەی هەموو هێز لە لایەن سەربازان و پێشمەرگەکان و تۆپخانەی کوردستان دە دەقیقە بێ‌وچان بە ئیفتخاری سەربەستیی کوردستان و ناساندنی ڕئیس جمهوری کوردستان شلێنگ کرا. پاشان لە کاتیک‌دا کە دەنگی هوڕا دەچوو بۆ ئاسمان و لە قەلبی میتینگ‌دا موزیک و سرودی میللیی کوردستان لێ‌دەدرا و دەخوێندرایەوە، برای خۆشەویست غەنی خوسرەوی، شارەداری مەهاباد بە پێی دەستوور هاتە پێشەوە و بە تەرتیبی ژێرەوە میتینگی ئیفتتاح کرد و گوتی: ئەمن غەنی خوسرەوی، شارەداری مەهاباد ئەو موفەقییەتە گەورەیەی کە میللەتی کورد لە پاش هەزاران قوربانیدان ئەوڕۆ لە نەتیجەی فەعالییەت و کارزانی و میللەت‌پەروەریی فەوقولعادەی پێشەوای موعەزەمی کوردستان جەنابی قازی محەممەد نەسیبی بووە، پیرۆزی و مبارەک‌بادی بە مەقامی گەورەی مەزن و میللەتی ڕەشیدی کورد عەرز دەکەم و میتینگ و جەلەسەی ئەوڕۆ بە ناوی شاری مەهاباد ئیفتتاح دەکەم و بە دڵێکی خاوین و پاکەوە دەڵێم بژی پێشەوای موعەزەمی کوردستان.   نوتقی جەنابی پێشەوا و رەئیس جمهوری بەرزی کوردستان: کوردستان موقعییەتێکی مەخسووسی هەیە کە بێ‌پسانەوە و بێ‌ ئەوەی نەتەوە و میللەتێک کە لە نێویاندا فاسڵ و لێکیان بپچڕێتەوە، کورد بەسەر یەکەوە و پێکەوە سکونەتیان تێدا هەیە  و دارای مالکییەتی میللین دەوێ‌دا. بەسەرهات و سەوابقی تاریخییان یەکە و عموومەن تێیدا شەریکن. خاوەنی ئاداب و عادەت و ڕسوومی میللەتێکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حوادیسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی میللەتی ئەوان‌دا پەیدا بکا. کورد لە قەدیم‌ڕا هەزاران پادشا و حوکمدار و تەشکیلاتیان بووە. هەر لەم کوردستانی ئازادەی ئیستادا بنەماڵەی ئۆمەرای موکری کە سەرسلسلەی ئەوان ئەمیر سەیفەددین بووە تا (١٠٢٠ کۆچی) بە ئیستقلالی، یەک لە دوای یەک ئەمیر سەیفەددین، سارم ‌بەگ، شێخ حەیدر، ئەمیر بەگ، ئەمیر پاشا، تا دەگاتە قوبادخان، بە دەسەڵات و قودرەتەوە حکومەتیان کردووە. میللەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەور و زەمانێک‌دا هەرکەس خەیاڵی ئیستیلای نیشتیمانی ئەوانی بووبێ، بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانییان کردووە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنواندووە. لە پاش لە دەست‌چوونی سەلەتەنەت و حوکمداریشیان بۆ وەگیر خستنەوەی ئیستقلال و ئازادی بە میلیۆن قوربانییان داوە، لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە موبارزە و ملەدا بوون، هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێک نەماوە نەیچێژن و نەیبینن. لەگەڵ ئەوەش هەموو کوێرەوەری و کوشتن و بڕینێکیان تەحموول کردووە و قەت لە ئامانج و ئارەزوی خۆیان شل نەبوونەوە و لەرێی وەدەست‌خستنەوەی ئازادی‌دا وچانیان نەداوە. بە دڵێکی فراوان و هێز و عەزمێکی هیندە سابیتەوە تێکۆشاوەن تا ئیستا هێزێکی وا بەهێز نەبووە بتوانی تێکڕا خەفەیان بکا، میرە کوێرەیان کوشتووە، بابانییەکان سەریان هەڵداوە. بابانیان بێدەنگ کردووە، ئەردەڵان هاتوون. ئەوانیان لە ئەرزی داوە بیتلیسی بەرز بوونەوە و هەزاری وەک ئەوان. لەو دواییانەدا لە پاش شەڕی بەینەولمللیی پێشوو کە دیکتاتۆری ئێران و تورکیە هاتنە سەر کار، زمان و عادەت و مەزهەب و ئیحساساتی میللیی کوردیان بە جارێک لاواز و کز و کەنەفت کرد. لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوێستان، خوێندن و نووسینی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو. نەیاندەهیشت لە هیچ جۆرە مزایا و حقوقێکی بەشەرییەت بەشمان ببێ، ڕێگای فێربوونی عیلم و سەنعەتیان لێ بڕیبووینەوە. هەر ڕۆژی بە بەهانەیەک و هەر دەمێ بە تەشقەڵەیەک دەستە دەستە و پۆل پۆل کوردی هەژار و بەدبەختیان حەبس و تەبعید دەکرد و دەیانکوشتن و لەبەینیان دەبردن، حاسڵ و دەستڕەنجی ئەو میللەتە بێچارەیان دەبرد بۆ خۆیان و ئەوانیشیان برسی و تینوو و ڕووت و قووت دەهێشتەوە. تا لە شەهریوەری ١٣٢٠دا فریشتەی ئازادی دەزگای دیکتاتۆری و فاشیستیی ڕەزاخانی تێک‌شکاند. کورد سەری لەو هەموو فشار و ئەزیەتە کەمێ فارغ  بوو و فەوری ئیحساسی کرد کە چۆن دەبێ لە فورسەت ئیستفادە بکا، و ڕێگای سەڵاح و وەدەست‌خستنی ئازادیی ئەو میللەتە چییە و چی بکا؟ پیاوانی بەبیر و هۆش و بەشەڕەف کە زۆر لەمێژ بوو خوێنی دڵیان دەخواردەوە بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ، زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فورستە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەک جار خێرا و بێ‌وچان و ڕاوەستان دەستیان بە کار کرد و حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بەدیقەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدیی کرد. لە پێش هەموو شتێک‌دا ئیختلافات و دووبەرەکانیی عشائیری کە بە دەسیسە و حیلەبازیی ئیستعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستسمار و خواردن و کروساندنەوەی ئەو میللەتە بە قەولی خۆیان (تفرقە بیانداز و حکومت کن) لە بەینی خستبوون و تا ئەندازەیەک ئەو ئاورە بڵیسەی ئەستاندبوو، برای دایک‌وبابی لە یەک ترازاندبوو، یەکیەتی لە گۆڕێ هەڵگیرا و، ناوی عەشیرەت و تەوایف و هەرچی کە ئەسبابی ئەو نفاق و پەرش و بڵاوییە بوو فڕێ درا و عموومەن لەژێر عینوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان تێکڕا بەرەو ئامانجی ئازادی کەوتنە ڕێ. زمانی زگماکمان کە لەگەڵ شیری دایک تێکەڵی خوین و گۆشتی ئێمە بووە لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا سەخت قەدەخە کرابوو، زمانی فارسی بە زۆر تەحمیلی ئێمە و منداڵەکانمان دەکرا و ئەوە پتر سەبەبی پاشکەوتنی کورد بوو، زمانی کوردی لە مەدارس ڕەسمییەتمان پێدا و خوێندن و تەحسیلاتمان بە سەبک و تەرتیبی دنیا خستە سەرباری کوردی، چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە و مەدرەسەی شەوانەمان دائیر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران، چەند سەد کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەدارسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن. لەجیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێربوونی زمانی فارسی بن، لە مانگێک دوومانگ‌دا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنووسن. بۆ ناساندنی لیاقەتی میللی و، وەدەرخستنی حەیاتی ئەدەبی و فەرهەنگەی کورد و بۆ ڕاگەیاندنی هاواری خۆمان بە گوێی دنیای بەشەرییەت و عەداڵەت موحتاجی وەسیلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بووین، چاپخانەی زۆر چاک تەئسیس کرا و دامەزرا، لە شاری خۆمان گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچێ و بیر و فکر و داخوازیی ئێمە لە دنیادا بڵاو دەکاتەوە. حاسل و بەروبومی ئێمە کە میقدارێکی زۆروزەوەند و بەقیمەت بوو بە فیڕۆیی لە دەستیان دەر دەهێناین و دەستی ئیستعمار سەدێکی لە پێش ئێمە و بازاری دنیادا دروست کردبوو، ڕێگاحەلمان دییەوە و تیجارەت و ئیقتسادی کوردستان زۆر باش تەئمین کرا. لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا کە هەموو عەوارزێکیان لێ دەستاندین کەم و زۆر وەسیلەی لەشساغی و معالیجە نە حکیم، نە دەرمان، نە نەخۆشخانە بۆیان ساز نەدەکردین، ئێمە بۆخۆمان نەخۆشخانەی زورباش بەم زووانە دائیر دەکەین و لەشساغیی وڵاتمان تەئمین دەبێ. هێزێکی میللیمان تەشکیل داوە کە بە شوجاعەتێکی تەواو حازرە دیفاع لە نیشتمان بکا. دیارە موەفەقییەتی ئێمە سەراسەر لە عەینی مەرامی دێموکراسی و لە ئەنجامی فەعالییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پشتیوانیی عالەمی دێموکراتە. لەبەر ئەوە بەدڵ و بەناو دەڵیین: بژی موئسسینی دێموکرات. میللەتی کورد هەزاران سەد و بەربەستی سەخت و سەهەندی لەڕێ‌دا بوو، دەستە و دائیرەی دیکتاتۆری بێ‌وەچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامەردییەک ڕانەدەوستان، ئیختلافاتی عشائیر بۆ داخڵیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، ئەمما ئەوانە هیچ کامیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن و بە دڵێکی بەهێز پایەداریمان کرد و ئیدامەمان بە فەعالییەتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بەدەست هێنا. دیارە بەقایای ئەو خەتەراتەش کە ماوە چ لە داخڵ‌دا و چ لە خاریج‌دا میللەتی کورد موبارزەی خۆی لەگەڵیان ئیدامە پێ دەدا و بە پشتیوانیی خودا موزەفەر و مەنسوور دەبێ. ئەوڕۆ کە نمایندەگانی تەواوی نواحی و نوقاتی کوردستان بێ ڕەعایەتی تەبەقات ئەعم لە ئاغا و ڕەعییەت و گەورە و چووک کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی  دەکەن و بەڕێی دێموکرات‌دا دەرۆن، قودەرت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا.”   پاش تەواوبوونی نوتقی پێشەوا، جەنابی لە تریبون هاتە خوارێ. عەبدول کەرباسی (عبدول ئەوکەسەیە کە ڕۆژی هەڵ‌کردنی ئاڵای کوردستان گایەکی بە سەد تمەن کڕیبوو، لەبەرابەر ئاڵادا کردی بە قوربانی) کە بە ئەسلەحەوە لە پشت تریبون ڕاوەستابوو، شانی دانواند کە جەنابی پێشەوا پێ لەسەر شانی دانی و بێتە خواری، بەڵام لەبەر خووی تەوازوع کە لە ڕەوشتی مومتازی پێشەوای بەرزە، قەبوولی نەفەرموو و بۆ خۆی هاتە خوارێ. لەوکاتەدا تەواوی عشائیر و خەڵکی شاری هوروژمیان هێنا و هەموو دەستیان ماچ کرد و بەیعەتیان دەگەڵ کرد، بە جۆرێک خەڵک دەورەیان گرتبوو کە ماوەی ساتێک نەدەبیندرا کە جەنابی پێشەوا لەکوێیە و ماوەی سێ ڕۆژ مەراسمی بەیعەت بێ‌وچان دەوامی بوو.”