کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلقاعیدە لە ئیران

02:34 - 2 رێبەندان 2720

مایک پەمپێئۆ لە دوا ڕۆژەکانی دەسەڵاتی خۆی وەک وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ‌ باسی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە ورووژاندووە و ڕایگەیاندووە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە پایەگایەکی نوێ و پارێزراوی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە و ئێران کە گەورەترین پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستیەکانە، ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییەشی داڵدە داوە. هەڵبەت وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە زمانی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە و سەعید خەتیب‌زادە وتەبێژی وەزارەتەوە وەک عادەتی هەمیشەیی خۆیان حاشایان لەم بابەتە کردووە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەو جۆرە پێوەندییانە و پاڵپشتی‌کردنی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بێبەری کردووە. ئەمە لە کاتێک‌دایە کە ماوەیەک لەمەو پێش کەسی دووهەمی ئەلقاعیدە، عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا، ناسراو بە ئەبوو محەممەد لە تاران کوژرا و ڕێکخراوی ئەلقاعیدەش ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردۆتەوە. لەم ساڵانەدا لێرە و لەوێ زۆر بابەت و زانیاری لەسەر مژاری داڵدەدانی ئەندامانی پلەبەرزی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە ئێران‌ لە لایەن کەسایەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە. زەلمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق و ئەفغانستان تا ئێستا چەند جار باسی لە هاریکاریی سپای پاسداران بەتایبەت لقی سپای قودس لە تالیبان و ئەلقاعیدە کردووە و ڕێژیمی ئێرانی بە گرتنەبەری سیاسەتی دووڕووانە لە هەمبەر خەڵکی ئەفغانستان‌دا تۆمەتبار کردووە. پرسیار ئەمەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ چ مەبەستێک پاڵپشتیی ڕێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە دەکا؟ ڕوون و ئاشکرایە کە بەهێزترین خاڵی هاوبەشی نێوان دوو هێزی بە ڕەواڵەت دژبەری یەک لە ڕووی ئایدۆلۆژیی ئایینیەوە، بوونی دوژمنێکی هاوبەشە بە ناوی ئامریکا. ئێران زیاتر لە ٤٠ ساڵە دوژمنایەتیی ئامریکای کردۆتە سیاسەت و ستراتێژیی درێژخایەنی خۆی و بۆ پەرەپێدان بەم سیاسەتە دەستی لە هیچ شتێک نەپاراستووە. لە پێشێل‌کردنی پڕەنسیپ و کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانەوە بگرە، هەتا دەگاتە دروست‌کردنی گرووپ و ملیشیای توندڕۆ بۆ شەڕی نیابەتی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لە ئێستاش‌دا کە بەهۆی گەمارۆکانەوە سەرچاوە داراییەکانی لە کەمیی داوە، چ بژاردەیەک باشتر لە ئەلقاعیدە کە بتوانێ ئەم بۆشاییەی بۆ پڕ بکاتەوە. بەتایبەت کە ئەلقاعیدە لەڕووی داراییەوە یەکێک لە دەوڵەمەندترین گرووپە تیرۆریستەکانە و تێچوویەک ناخاتە سەر کۆماری ئیسلامی. بۆ ڕێبەرانی پایەبەرزی ئەلقاعیدەش گرینگ دابین‌بوونی شوێنیک بۆ خۆحەشاردان، حاوانەوە و پاراستنی گیانیانە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئەو جێ‌‌ومەکانەیان دەداتێ تا لە ئێران‌ڕا کە شوێنێکی گونجاو بۆ سەردان و دەست‌ڕاگەیشتن بە ئەفغانستان، پاکستان، ئازەربایجان، عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و تەنانەت عەرەبستانە؛ عەمەلیاتە تێرۆریستییەکانی خۆیان فەرماندەیی بکەن. ئێران بەوە هاوکات مەیدانی چالاکییەکانی ئەلقاعیدە و داعشی بردۆتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و ئەم گرووپانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان قەرزداری خۆی کردووە و لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانیش‌دا وەک کارتێکی بەهێز لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان دێنێ. لە ئێستاش‌دا کە عێراق سیاسەتەکانی زیاتر بەرەو ئاراستەی واشینگتۆن و ڕۆژئاوایە و بە ڕێژەیەکی بەرچاو کێشەی داعشی لەکۆڵ بۆتەوە و، ڕۆژ بە ڕۆژ لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوورتر دەکەوێتەوە، چ شتێک باشتر و بەردەست‌تر لە تیرۆریستەکانی ئەلقاعیدە بۆ نانەوەی بشێوی و ئاڵۆزی لەم وڵاتەدا؟ بەمجۆرە بە چالاک‌کردنەوەی ئەلقاعیدە لە جوغرافیای عێراق‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە یەک بەرد دوو کێل دەشکێنێ. یەکەم هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بە هۆی گوێڕایەڵی بۆ ڕێبەریی ئێران جێگەوپێگەی جارانیان نەماوە و بەرەو لاوازی دەچن، چالاک دەبنەوە و بە ناوی بەرگری لە خەڵکی عێراق جارێکی‌تر هەڵێک دەڕەخسێنن بۆ گەیشتنیان بە دەسەڵات. دووهەمیش ئەوەیە کە بە چالاک‌کردنەوی ئەلقاعیدە لە عێراق ئوتوریتە و کارامەیی حکوومەتی کازمی دەبەنە ژێر پرسیار. پرسیارێکی‌تر لەم پێوەندییەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە بۆ لەو کاتەدا ئامریکا ئەو بابەتە دەوروژێنێ و بۆ مەگەر تا ئێستا بەوەی نەزانیوە؟ وەزیری دەرەوەی ئامریکا نایشارێتەوە کە دەمێکە بەرپرسانی ئەلقاعیدەیان لە ئێران لەژێر چاوەدێری گرتووە. کووژرانی ئەبوو محەممەد ئەلمیسری و کچەکەی -کە هاوژینی هەمزە کوری بێن‌لادەن بوو- لە گەرەکی پاسدارانی تاران و، هەروەها ئەو دێکیومێنت و بەڵگانەی داوی کووژرانی ئۆسامە بێن‌لادەن لە پاکستان و ئەو دێکیۆمێنتانەی لە لیبی دەستی ئامریکا کەوتوون؛ بەڵگەی ڕوونن بۆ هەبوونی ئەم پێوەندییەی ئەلقاعیدە و کۆماری ئیسلامی کە رێژیم حاشای لێ‌دەکا. جگە لەم بەڵگانە ئامریکا باس لە خۆحەشاردانی سێ سەرکردەی پلەبەرزی ئەم ڕێکخراوەیە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان ئەلمەغریبی، سەیفولعەدل و یاسین سووری لە ئێران‌دا دەکا و بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سەریان ٢٧ ملیۆن دۆلاری پاداشت دیاری کردووە. بۆیە ئامریکا زۆر باش دەزانێ کە لە ئێران چ ڕادەبرێ و بە لەقاودانی ئەم بابەتە دەیەوێ بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێتەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێژیمێکی سەرەڕۆیە و مەترسیی زۆر جیدییە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەم مەترسییەش ڕوو لە هەڵکشانە. هەروەها پیداگری لەسەر دروست‌بوونی سیاسەتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپە کە  ڕێکەوتننامەی بەرجام نەیتوانیوە پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئەم وڵاتە بگرێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بیر لە داڕشتنی ڕێککەوتننامەیەکی دی بۆ دانانی پەرژینێکی قایم لە دەوری ئەم وڵاتە بکەن و هاوکات گەڕانەوەی ئیدارەی بایدێن بۆ بەرجام دژوارتر ببێت. بۆ ئەمەش بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستە. ئێران لەم ماوەیەدا بە پەرەپێدان بە بەرنامەی مووشەکی و بردنە سەرێی پیتاندنی ئۆرانیۆم بۆ خەستیی سەروو ٢٠٪ و سەرکوت‌کردنی ناڕازییەکانی لە نێوخۆی وڵات و تێرۆرکردن و ڕفاندنی دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی سەلماندوویەتی کە ڕێککەوتن لە گەڵی ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچە و جیهانیش هەڵدەگرێ.