کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسێدارەدانی ئاشکرا، بە مەبەستی بێ هەستکردنی کۆمەڵگە

02:38 - 2 رێبەندان 2720

ڕێژیمی سیاسیی ئێران لەنێوان ئۆتۆریتاریزم ‌و تۆتالیتاریزم‌دا

لەسێدارەدانی ئاشکرا، بە مەبەستی بێ هەستکردنی کۆمەڵگە

  "دەبێ پیلانگێڕەکان ڕۆژی هەینی لە پێش چاوی جەماوەر لەسێدارە بدرێن، بۆ ئەوەی کاریگەریی باشتری هەبێ." حەسەن ڕووحانی (سەرکۆماری ئێران)، ساڵی ١٣٥٩   لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان و بە بەرچاوی خەڵکەوە، شێوازێکی زۆر کۆنە و مێژووەکەی یەکسانە بە مێژووی مرۆڤایەتییەوە. هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئیتر باوی نەماوە، بەڵام لە ئێران تا ئێستاش هەر باوە‌ و کەڵکی لێ وەردەگیرێ. دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ئەو شێوازە لە جێبەجێ‌کردنی سزای لەسێدارەدان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتەوە گرنگییەکی زۆری پێ درا‌ و بەرپرسانی حکوومی یەک لە دوای یەک هەوڵیان دەدا بە هێنانەوەی پاساوی ئایینی، ئەو بەندکراوانەی بە سزای لە سێدارەدان حوکم دراون، لە شوێنە گشتییەکان و بە بەرچاوی خەڵکەوە سزاکەیان لەسەر جێبەجێ بکرێ. لە بەشی پێشوودا، باسی سزای لەسێدارەدانمان کرد، لەو بەشەدا باسی لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان دەکەین. لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان دیمەنێکی پڕاوپڕ لە توندوتیژییە، ڕێوڕەسمی کوشتنی کەس یان کەسانێکە لە لایەن حکوومەتەوە. جگە لە کردەوەی لەسێدارەدانەکە، لە لایەک، ئەو خەڵکەی بۆ بینینی دیمەنی کوشتنی کەسێک کۆ دەبنەوە‌ و لە لایەکی‌تر، بڵاوکردنەوەی دیمەنەکە ‌و ڕیکلام کردن بۆ ڕووداوەکە لە لایەن حکوومەتەوە، دوو بابەتن کە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ دژایەتی دەکەن. دیارە هەر بە تەنیا سزای لەسێدارەدان نییە کە بە بەرچاوی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێ، بەڵکوو کۆمەڵێک سزای دیکەش هەن کە بە هەمان شێوەن، وەکوو: بڕینەوەی دەستی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە دزی، چاو کوێرکردن، قامچی لێدان و کۆمەڵێک سزای دیکە. بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەو شێوەیە لە سزادان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانی، ڕێگەیەکن بۆ کەم‌کردنەوەی تاوان، بەڵام چالاکانی مافەکانی مرۆڤ پێیان‌وایە کە، پێشاندانی توندوتیژی نەک هەر نابێتە هۆی کەم‌کردنەوەی تاوان، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی بەرهەم‌هێنانەوەی تاوان. ئەو چالاکانە پێیان‌وایە، حکوومەتی ئێران بە مەبەستی بێ‌هەست‌کردنی کۆمەڵگە بەرامبەر بە لەسێدارەدانی بەندکراوان، هەندێک لەو بەندکراوانە بە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دەدا. بەپێی ئامارە ڕەسمییەکان ژمارەی ئەو کەسانەی لە چاوەڕوانیی ئەوەدان لە سێدارە بدرێن، نزیکەی ٤٥٠٠ کەسە، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەم لەوانە لە شوێنە گشتییەکان لە سێدارە دەدرێن. ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە سزای لەسێدارەدان، چارەسەرە یان دەرمانێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام چالاکانی سیاسی‌ و مافەکانی مرۆڤ، لەسەر ئەو بڕوایەن کە حکوومەت دەیهەوێ لەو ڕێگایەوە، کار لەسەر بیر‌وهزری خەڵک بکا‌ و سزای لەسێدارەدان لە هزری خەڵک‌دا کەمڕەنگ بکاتەوە، بۆ ئەوەی خەڵک هیچ چەشنە دژکردەوەیەکیان لە بەرامبەر لەسێدارەدانی هاوڵاتییان نەبێ.  غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی، جێگری یەکەمی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەلێ لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان هەموو سزادراوان ناگرێتەوە، بەڵکوو: یەکەم، دەبێ بە هاوکاری‌ و ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی ئەمنیی پارێزگا بێ. دووهەم، بۆ ئەو تاوانانەیە کە هەستی خەڵکیان بریندار کردووە، چونکە لەلایەن خەڵکەوە داوا دەکرێ کە ئەو تاوانبارانە لە پێش چاوی خەڵک سزا بدرێن، بۆ ئەوەی کەسانی‌تر دەرسی لێ وەرگرن. لە هەر حاڵ‌دا، ڕێوڕەسمی لەسێدارەدان زۆربەی جار کاتژمێر ٥ی بەیانی لە شوێنێکی گشتی کە دادوەری دۆسیەکە دیاریی دەکا، بەڕێوە دەچێ. ئەو شوێنە، لەوانەیە ناوەندی شار بێ یان یاریگەیەکی تۆپی پێ، یان نێوەڕاستی شەقامێک. لەو ڕێوڕەسمەدا هەموو کەس دەتوانێ بەشدار بێ، هیچ سنوورێک بۆ تەمەن نییە، هەموو کەس دەتوانێ وێنە ‌و فیلم لە ڕووداوەکە هەڵگرێتەوە‌ و لە مێدیا ‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا بڵاوی بکاتەوە. بەپێی یاسای ئێران، چونە نێو یاریگەکان و سەیرکردنی تۆپی پێ بۆ ژنان قەدەغەیە، بەڵام بۆ سەیرکردنی دیمەنی لەسێدارەدان ڕێگەی پێ دراوە. لەگەڵ ئەوەش‌دا کە گوشارێکی زۆر لەسەر ئێران بۆ ڕاوەستاندنی لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران بەردەوام پاساوی جۆراوجۆر بۆ ئەو کارە دەهێننەوە. بە قسەی بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەو شێوە لەسێدارەدانە سێ ئەنجامی هەیە: ١) ئەمنییەت، ٢) کەم‌کردنەوەی تاوان، ٣) دەرس‌ وەرگرتنی کەسانی‌تر. بەڵام لە لایەک، هیچ لێکۆڵینەوەیک تا ئێستا دەری نەخستووە کە لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان بووبێتە هۆی کەم‌بوونەوەی تاوان لە کۆمەڵگەدا، کەچی پێچەوانەکەی سەلمێندراوە، واتە تاوان زیاتر دەبێ. لە لایەکی‌تر، ساڵی ١٣٩٦، غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی دانی بەوە دانا کە بڕی توندوتیژی‌ و تاوان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو زۆر زیاتر بووە. بە گوتەی میشێل فوکۆ، "دەسەڵات بەرهەم‌هێنەرە؛ واقیع بەرهەم دێنێ؛ بوار بۆ ئامرازەکان و بۆنە بۆ هەقیقەت دەڕەخسێنێ. هەم تاک ‌و هەم تێگەیشتنی تاک، لە ئەنجامی ئەو بەرهەم‌هێنانە دروست دەبن". دەسەڵاتێکی دیسیپلینی کە لەودا، دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەی ڕێکخراو، زۆر دەخاتە سەر تاکەکان، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ڕەفتاریان‌دا دروست بکا‌ و لە بواری هزری ‌و دەروونییەوە، بەرگێکی دیکەیان بکاتە بەر ‌و لە ئەنجام‌دا خەڵکێکی بەدیسیپلینیان لێ بەرهەم بێنێ. لە ئێران، بەر لە لەسێدارەدانی کەسێک لە شوێنی گشتی، ڕاگەیەنە دەوڵەتییەکان بارودۆخەکە ‌و ڕای گشتی ئامادە دەکەن، ئەوەش بە بەرجەستە کردنەوەی هەندێک تاوان کە لەنێو کۆمەڵگە ‌و بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌دا باسی زۆری لەسەر دەکرێ. حکوومەت هەوڵ دەدا بەو شێوەیە وێنەیەکی ئەرێنی لە دەزگای دادوەری ‌و یاساکانی خۆی پێشانی خەڵک بدا. شوێن، ڕێکەوت‌ و کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی لەسێدارەدان لە لایەن ڕاگەیەنە حکوومییەکانەوە بڵاو دەکرێتەوە. ئەو کەسانەی بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەبن و سەیری دیمەنی مردن دەکەن، لەوانەیە زۆربەیان خوازیاری لەسێدارەدان بەو شێوەیە نەبن، بەڵام بەمێدیایی کردنی تاوانباران لە لایەن حکوومەتەوە، وا لە هەندێک خەڵک دەکا کە سەرنجیان بۆ بینینی ئەو تاوانبارانەی بەمێدیایی کراون ڕابکێشرێ. بە گوتەی چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان وای کردووە کە سزای لەسێدارەدان لە هزری خەڵک‌دا لە گرنگی بکەوێ ‌و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە، خەڵک نەک هەر لە بەرامبەر لەسێدارەدانی تاوانباران، تەنانەت لە بەرامبەر لەسێدارەدانی بەندکراوە سیاسییەکانیش هیچ هەڵوێست ‌و دژکردەوەیەکی ئەوتۆ لە خۆیان نیشان نەدەن، ئەوەش دەستی حکوومەتی بۆ لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی ئاوەڵا کردووە. چالاکانی سیاسی پێیان‌وایە کە ئامانجی حکوومەتیش هەر ئەوەیە کە کۆمەڵگە بێ‌هەست بکا، چونکە دیمەنەکانی لەسێدارەدان، چ بە بینینی ڕاستەوخۆ، چ بە وێنە، دەبنە هۆی ئەوەی تاکەکان خووی پێوە بگرن و لە ڕادەی هەستیارییان کەم بێتەوە. کەوابوو توندوتیژی گرنگییەکەی کەم دەبێتەوە‌ و وەکوو هەر کردەیەکی ڕۆژانە ئاسایی دەبێ ‌و وردە وردە کۆمەڵگە خۆی لەگەڵ ڕادێنێ. بابەتێکی گرنگی دیکە کە شایانی باسە‌ و مەبەستی حکوومەتی لە پشتە، بەشداریی منداڵانە لە ڕێوڕەسمی لەسێدارەدان و پڕوپاگەندا بۆ سزای لەسێدارەدان لە کتێبی منداڵان‌دا، کە کاریگەری ‌و ئەنجامی خراپی لە سەر نەوەکانی داهاتوو هەیە. منداڵان کە لە ژینگەیەکی وەها پڕ لە توندوتیژی‌و ناسازگاردا پەروەردە دەبن، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەنیان، خوو بە توندوتیژی ‌و تۆقاندن دەگرن، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی توندوتیژیی زیاتر لە کۆمەڵگەدا. دیارە ئامانجی حکوومەت لە ڕێگەدان بە منداڵان بۆ بینینی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدان، ئەوەیە کە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دیمەنی لەسێدارەدان ڕابێن و بنەمای هزری ‌و دەروونییان لەسەر ئاسایی‌بوونی کوشتن بنیات بنرێ ‌و لە داهاتوودا کەسانی بێ‌هەست‌و بێ هەڵوێستیان لێ بەرهەم بێ. بەشداریی منداڵان لە ڕێوڕەسمی سەیرکردنی لەسێدارەدان، هەبوونی ژمارەیەک وێنە ‌و حەکایەتی لەسێدارەدان لەنێو کتێبەکانی تایبەت بە منداڵان، ئەنجامی نەرێنیی زۆری بە دوای خۆی‌دا هێناوە. یەکێک لەو ئەنجامانە، دروست‌کردنەوەی دیمەنی لەسێدارەدانە لە لایەن منداڵانەوە کە وەکوو یاری ئەنجام دەدرێ ‌و زۆر جار دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانیان. بەپێی ئاماری دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، ئەو دەزگایە لە ساڵی ١٣٩٦دا، بە ١٦ میلیۆن و ٢١٢ هەزار‌ دۆسیەی توندوتیژی ڕاگەیشتووە. بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕەهەندە نەرێنییەکەی ئەو ژمارەیە، بەرپرسانی ئەو دەزگایە پێڕاگەیشتن بەو ژمارە زۆرە لە دۆسیە، بە سەرکەوتنی سیستەمی دادوەریی کۆماری ئیسلامی دەزانن. لە کۆتایی‌دا، ئەگەر ماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر دوو سەردەم‌دا دابەش بکەین، بەر لە ١٣٦٨‌و پاش ئەو ساڵە(ساڵی کۆتایی‌هاتنی شەڕی ئێران-عێراق، مردنی خومەینی‌ و پێداچوونەوە بە یاسای بنەڕەتیی ئێران) دەبیندرێ کە، مەبەستەکان و شێوەی لەسێدارەدان و قوربانییەکانی پێش ١٣٦٨‌و دوای ئەم ساڵە جیاوازییان لەگەڵ یەکتر هەیە: بەر لە ١٣٦٨، ڕێژەی بینەری دیمەنی لەسێدارەدان سنووردار بوو‌ و خەڵکانێکی کەم بەشدارییان پێ دەکرا، قوربانییەکان زۆربەیان چالاکە سیاسییەکان بوون، بکوژەکان کەسانی نیزامی بوون، کوشتنەکەش زۆرتر بەشێوەی گوللەباران‌کردن بوو و تەنیا چەند وێنەگرێکی ڕاگەیەنە دەوڵەتییەکان ڕێگەیان پێ دەدرا وێنە بگرن. لە دوای ١٣٦٨ا ـەوە، بەشداریی خەڵک بێ‌سنوورە ‌و ڕێگە بە هەموو کەس ‌و هەموو تەمەنێک دەدرێ بەشداری بکەن، تەنیا بەشێک لە تاوانباران لە شوێنە گشتییەکان لە سێدارە دەدرێن، بکوژەکان کەسانی تایبەتن و ڕاهێنراون بۆ ئەو کارە، قوربانییەکان بە پەتێکەوە هەڵدەواسرێن، وێنە ‌و فیلم‌گرتن بۆ هەموو کەس ڕێگەی پێ دراوە‌ و کاتی لەسێدارەدانەکەش زۆربەی جار بەیانیانە. لە یەکەم ساڵەکانی دوای شۆڕش، ئامانجی سەرەکیی لەسێدارەدان و بڵاوکردنەوەی لە ڕاگەیەنەکان، تۆقاندنی خەڵک بوو، بەڵام دوای ١٣٦٨، ئامانجی سەرەکیی لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان، بێ‌هەستکردنی خەڵک ‌و ئاسایی‌کردنەوەی سزای لەسێدارەدانە، ئەوەش بە مەبەستی ڕاهێنانی خەڵک بۆ ئەوەی هیچ هەڵوێستیک ‌و دژکردەوەیەک لە کاتێ لەسێدارەدانی سیاسییەکان لە خۆیان نیشان نەدەن. لە ئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو سیاسەتەش، ئاسایی‌بوونەوە ‌و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژییە لە کۆمەڵگەدا. ژمارەی دۆسیەکانی توندوتیژی ‌و ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.