کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەرەبەری گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن، ئیسرائیل و عەڕەبە هاوپەیمانەکانی دژی ئێران هاوهەڵوێستن

02:42 - 2 رێبەندان 2720

ئیسڕائیل و دەوڵەتە عەڕەبە هاوهەڵوێستەکانی، پێش ڕێوڕەسمی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراو، جۆ بایدن، لە حەوتووی داهاتوودا، پەیامێکیان بڵاو کردۆتەوە: گوشارەکانی سەر ئێران کەم مەکەنەوە! بە گوتەی کاربەدەستێکی ئاگاداری ئەو پرسە لە ڕۆژی پێنج شەممە، لەو پەیوەندییەدا وڵاتانی هاوهەڵوێستی ئیسڕائیل تەنیا هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە لە کەنداو، ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەب و بەحرەین نین، بەڵکو میسر و ئۆردۆنیشن. کاربەدەستەکە گوتی، "پەیامی ئێمە بۆ بایدن ئەوەیە کە ئێمە هیوادارین ناوبراو پێش هەر هەڵسوکەوتێک لەگەڵ ئێران، بیر لە هەڵوێستی هاوپەیمانان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە. زۆر لە وڵاتانی عەڕەب لەو ڕوانگەوە هاوهەڵوێستی ئیسڕائیلن." بایدن گوتوویەتی بەتەمایە وڵاتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران و زلهێزەکانی دنیایە، ئەگەر ئێران دەست بە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکە بکاتەوە. ئامانجی ڕێککەوتنی بەرجام سنووردارکردنی پیتاندنی ئورانیۆم لە لایەن ئێرانەوە بوو، بە شێوەیەک کە ماوەی گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە درێژ بکاتەوە. لە هەمان کات‌دا، وردە وردە ئابلۆقە نێونەتەوەییەکان دژی ئێران کەم بکاتەوە، بە شێویەک کە تا ٢٠٣٠ هیچکامیان نەمێنن. کاربەدەستەکە ئەوەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئیسڕائیل خوازیاری گۆڕینی بەرجام بە شێوەیەکە کە بەرنامەی مووشەکیی بالیستیکی کۆماری ئیسلامیی و کردەوە بەدخوازانەکەی لە ناوچە و ئەولاتر بگرێتە خۆ. کاربەدەستەکە گوتی، "ئێمە خوازیاری دەستکاری‌کردنی بەرجام نین. وڵاتە یەکگرتووەکان نابێ بگەڕێتەوە بۆ نێو بەرجام. ئەگەر ئەو کارە بکا تووشی هەڵەیەکی مێژوویی دەبێ." نزیکەی دوو حەوتوو لەوە پێش، کاربەدەستێکی پلەبەرز لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران گوتی "ئیسڕائیل هیچ گومانی لەوەدا نییە کە نابێ هیچ گەڕانەوەیەک بۆ نێو ڕێککەوتنێکی خراپ هەبێ." لێدوانەکە لە جوابی وتارێکی ئەی ئێف پی لەژێر سەردێڕی: "ئێسرائێل دژی هەوڵەکانی ئاڵمان بۆ بەربڵاوترکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە سنووردانانی زۆرتر نییە." بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە ٢٠١٨ ڕێککەوتنی بەرجامی جێ‌هێشت و لەو کاتەوە ڕێکاری ئابلۆقەی "ئەوپەڕی زەختی" گرتۆتە بەر. کاربەدەستە ئیسڕائیلییەکە گوتی، هەڵوێستی ئورشەلیم ئەوەیە کە زەختی سەر تاران دەبێ بەردەوام بێ. ئەو گوتی، "مێژوو سەلماندوویەتی کە ئێران تەنیا کاتێک پاشەکشەی کردووە ئەوکاتە بووە کە لە‌ژێر زەخت‌دا بووە. سووک‌کردنی زەخت و دەست‌هەڵگرتن لەو ئامرازە، هەڵەیەکی مێژووییە." کاربەدەستەکە هەروەها دژی هەڵوێستی یەکیەتیی ئورووپا وێستایەوە کە دەڵێ پێشێلکارییەکانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، وەک بڕیاری حەوتووی ڕابردوو کە ئەو وڵاتە ئاستی پیتاندنی ئورانیۆمی بۆ ٪٢٠ بەرز دەکاتەوە، ئاشکرای دەکەن کە هاتنەدەرێی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕێککەوتن لە گەڵ ئێران مەترسیدار بووە و دەبێ ئەمریکا بگەڕێتەوە. سەرچاوەکە گوتی، "ئەوە پاشگوێ‌خستنی ڕاستییەکی گرینگە کە بەرجام هێندێک توانایی بۆ ئێران هێشتنەوە کە بتوانێ بڕیاری سیاسی بدا و بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی بەرهەم‌هێنانی چەکی ناوکی." بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندن دوای بڕیارێکی پارلمانی ئێران دەستی پێ کرد. ئەو گوتی، "ڕێککەوتنی ئێران تواناییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ دروست‌کردنی بۆمبی ناوکی لەنێو نەبرد. پیتاندنی ٪٢٠ دەیسەلمێنێ کە بەرجام کاریگەر نەبووە." جگە لەوە، سەرڕێژکردنی پارە بەرەو ئێران، دوای ڕێککەوتنی ٢٠١٥، بە گوتەی کاربەدەستەکە، "پارەی بەهێزترکردنی دەستدرێژییەکان لە ناوچەی، دایە دەستی ڕێژیم." کاربەدەستەکە گوتی، وڵاتانی سەرانسەری دنیای عەڕەب هاوڕای ئەو هەڵوێستە بەهێزە بەرانبەر بە ئێرانن، کە بۆتە هۆی نزیکتر بوونەوەی ئەوان لە ئیسڕائیل، و ئاماژەی بە وتەیەکی سەرۆک‌وەزیران بنیامین نەتانیاهوو لەوبارەوە کرد. ئەو گوتی، "ئەوان زۆر ڕێز لەو بۆچوونانە دەگرن." ئەگەرچی بایدن گوتوویەتی هەوڵ دەدا وڵاتە یەکگرتووەکان بگەڕێنێتەوە بۆ نێو ڕێککەوتنی ئێران، باڵوێزی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە قەرارە تا چەند حەوتوویەکی دیکە ببێتە باڵوێز لە واشینگتۆن، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراو و بیرۆکەکانی "ژمارەیەک مەرجی دیاری کردوون،" و وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیل لە پەیوەندی لەگەڵ پێشگرتن بە دەست‌ڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، یەک ئامانجیان هەیە. باڵوێز لە وتووێژێک لەگەڵ ڕادیۆ 'کان'دا گوتی، باشترین ڕێگا بۆ پێشگرتن بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی ئێران شتێکە کە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن و ئیسڕائیل لە "وتووێژە داخراوەکان‌دا باسی دەکەن نەوەک لە مێدیاکان." ئەردان، لە نامەیەک‌دا لە ڕۆژی پێنج شەممە، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە دەستبەجێ ئابلۆقەی چەک‌وچۆڵ و مووشەک بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە. ئابلۆقە کۆنەکەی چەک‌وچۆڵ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دژی ڕێژیمی مەلایان، کە یەکێک لە مەرجەکانی بەرجام بوو، لە ئۆکتۆبری ڕابردوودا کۆتایی پێ هات. نامەکە ئاماژەی بە "چالاکییە تاوانکارەکانی ئێران ... لە نێویان‌دا گواستنەوەی چەک‌وچۆڵ بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان، پێشێلکاریی سیستەماتیکی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داوای پەیتا پەیتای لەناو بردنی ئیسڕائیلی" کردبوو. ئەردان بە هەمان شێوە باسی بڕیارێکی پارلمانی ئێرانی کردبوو کە لەودا داوای لەنێوبردنی ئیسڕائیل تا ساڵی ٢٠٤١ کراوە. ئەردان نووسیبووی، "ئەوە شتێکی نهێنی نییە کە ئێران بۆتە مەزنترین بڵاوکەرەوەی تێکنەلۆژیی مووشەکی بالیستیکی و مووشەکی دیکە بۆ لوبنان، یەمەن، سووریە و غەززە، ئێران ئەو تواناییانە دەداتە دەستی لایەنی غەیری دەوڵەتی و تێرۆریست و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکا." باڵوێز ئەردان بە ڕادیۆ 'کان'ی گوت کە هێشتا چاوی بە تیمی بایدن نەکەوتووە، چونکە سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردرا و یاریدەدەرەکانی ئەو سیاسەتە ڕەچاو دەکەن کە پێش بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە حەوتووی داهاتوودا، چاویان بە هیچ کاربەدەستێکی وڵاتانی بیانی نەکەوێ. کاربەدەستەکەی ئورشەلیم پشتڕاستی کردەوە کە "تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی،" لە نێوان دەوڵەتی ئیسڕائیل و تیمی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن لە ئارادا نییە. ئەردان گوتی، "لە دۆخی ئێستادا، سەرۆک کۆماری نوێ هێشتا کۆبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە نەکردووە. من خەریکی ئامادەکردنی ڕێکاری دیکەم. من چاوم بە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کونگرە کەوتووە، لە نێویان‌دا هی دێموکڕاتەکان، تا بتوانم دۆخەکە هەڵسەنگێنم. لە پرسە سەرەکییەکاندا، هیچ گومانێکم نییە کە ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نوێ بۆچوونی هاوبەشمان هەیە." لەنێو بۆچوونە هاوبەشەکان‌دا پشتیوانیی بایدن لە ڕێککەوتنی ئیبراهیم و ئاواتی پەیوەست بوونی ژمارەیەکی زۆرتر لە دەوڵەتانی عەڕەب و موسڵمان بە ڕەوتی دامەزراندنی پێوەندیی سیاسی لەگەڵ ئیسڕائیلە. ئەردان گوتی، "ئێمە دڵنیاین کە دەزانین چۆن لەگەڵ کار بکەین و ئەوە لە ڕێگای ڕوانین لە بایەخ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئیسڕائیل و وڵاتە یەکگرتووەکانەوەیە." بە هەمان شێوە ڕۆژی پێنج شەممە وەزیری وزە، یوڤال شتاینیتز بەشداریی لە کونفرانسێکی ڤیدیۆیی‌دا کرد کە هاوشانە مەراکەشی، سوودانی، بەحرەینی و ئیماڕاتی، کە لە چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی کردۆتەوە، و هەروەها میسر و وڵاتە یەکگرتووەکان تێیدا بەشدار بوون. ئەو لەو کۆنفرانسەدا کە بە "خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناوی برد و وەک نموونەی "کەڵەکە کردنی وزە بۆ بەرەوپێش بردنی هاوکاریی و وتووێژ لەگەڵ وڵاتە عەڕەبییەکان" باسی کرد گوتی، "هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئاخفتنگەی گازی خۆرهەڵاتی مەدیتەرانە کە دوو ساڵ و نیو لەوەپێش لە میسر، لەگەڵ وەزیری وزەی ئەو وڵاتە تاریق ئەلمولـلا، دەستبەکار بوو، ئێستا ڕێبازی هاوکاریی زۆرتری لەمەڕ وزەی نوێبۆوە، توێژینەوە، گەشەپێدان و پێکەوە بەستنەوەی هێڵی کارەبایی لە داهاتوویەکی نزیکدا، گرتۆتە بەر."