کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی سمینارێک بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

19:04 - 2 رێبەندان 2720

بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، سمینارێک لە لایەن کۆمیسیۆنی ئامووزشی حیزبەوە بۆ بەڕێزان دوکتور ئاسۆ حەسەن زادە و دوکتور هوشمەند عەلی پێکهات. سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی " ئەی ڕەقیب" و دواتر چەند چرکەیەک بێدەنگی ڕآگرتن بۆ ڕێزلێنان لە یاد و ناوی شەهیدانی کوردستانەوە دەستپێکرد. لەو سمینارەدا "د.هووشمەند عەلی" دوکتورای مێژوو لەباری مێژووییەوە ئەو ڕووداوە گرینگەی نەتەوەی کوردی لێکدایەوەو بە شرۆڤەی خاڵە بەهێز و لاوازەکانی کۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر چی تەمەنی کۆماری کوردستان زۆر کورت بوو، بەڵام هەندێک خاڵی بەهێزی وەک هێمای نەتەوەیی وەک ئاڵا، سوپای مللی و هەروەها بەشداری کردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە دامەزراندی کۆمار هەبووە. د.عەلی لە خاڵە بەهێزەکانی کۆمار وەلانانی شەڕی عەشیرەتی و ناکۆکی خێڵەکان و هەروەها بایەخدان بە زمان و ئەدەبی کوردی، دامەزراندنی ڕۆژنامەی کوردستان و ڕەخساندنی هەل بۆ خوێندنی هەموو هاووڵاتیانی کرد. دواتر لە دڕێژەی سمینارەکە د.ئاسۆ حەسەنزادە، مامۆستای زانکۆ و کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسی لە شێوەی هەلسوکەوتی پێشەوا لەگەڵ ناوخۆ و دەرەوەی کرد و ئەو شێوە تەعامولەی پێشەوای ژیرانە ناو برد. د. ئاسۆ حەسەنزادە لە درێژەی قسەکانی تیشکی خستە سەر ئەو بابەتەی کە هێزی سەرەکیی کۆمار، چینی عەشایر و دەرەبەگ بوون و ئەوە بەڕێوەبەری کۆمار بوو کە بە شێوەیەکی مودێرن ئەو هێزەی مودیرییەت دەکرد. د.ئاسۆ لە کۆتاییدا سێ خاڵی زۆر گرنگی بۆ ئامادەبووان ڕوون‌کردەوەو گوتی ئەزموونی کۆماری کوردستان بە ئێمە دەڵی لە ئەگەری پێشهاتنی دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی کۆمار ئەگەر ئەو فاکتورانەمان لەبەرچاو نەگرین و بە کردەوە خۆمانمان بۆ ئامادە نەکردبێ، دیسان مێژوو دووپات دەکرێتەوە. ئەو خاڵانە بریتی بوون لە ١_ یەکگرتوویی بەکردەوەو بەردەوام لە ناو ماڵی کورد ٢_ کونتڕۆلی خاکی کوردستان بە گشتی، کە گڕێدراوی خالی یەکەمە. ٣_ پێوەندی باشی نێودوڵەتی.