کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەفدی باڵای ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوە

20:52 - 8 رێبەندان 2720

لەسەر بانگهێشتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، بەرپرسانی یەكەمی هەر چوار لایەنی سیاسی لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران كۆبوونەوە‌و چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كاری ناوەندیان تاوتوێ كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا كە پاشنیوەرۆی سێشەممە 7ی رێبەندانی 1399 (26ی ژانویەی 2021) بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو ‌و بەرپرسانی وەفدی حیزبەكانی ئەندام لەناوەند تێیدا بەشداربوون، چەندین بابەتی گرنگ ‌و پەیوەندار بە بزوتنەوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان‌و كارەكانی ناوەند قسەوباسی لەسەركرا.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لە وتەكانیاندا تاوتوێی بارودۆخی ناوچەكە‌و ئێرانیان كرد كە تێیدا هەر چوارلایەن كۆك بوون لەسەر ئەوەی كۆماری ئیسلامی لەپاش هاتنی پەتای كۆرۆنا‌و قەیرانی هەمەلایەنەی ناوخۆیی‌و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بەرەوڕووی قەیرانی تازەتر دەبێتەوە، بەتایبەت قەیرانە ناوخۆییەكان زیاتر پەرەدەستێنێت‌و ناڕەزایی‌و رق خەڵك بەرامبەر بە دەسەڵاتی رژیمی ئێران زیاتر گەشە دەكات. هەربۆیە ئەركی ناوەند لەم دەورەیەدا هەستیارتر دەبێت‌و بۆ ئەم مەبەستە میكانیزمەكانی كاری چالاكانەی ناوەند جەختی لەسەر كرایەوە.
لەكۆبوونەوەكەدا هەروەها باس لە گرتن‌و زیندانی كردنی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكوانانی مەدەنی‌و ژینگەپارێزی كوردستان كرا كە لە رۆژانی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامییەوە دەستگیر‌و راپێچی گرتوخانەكان كراون، بەشداربووان جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە ناوەندی هاوكاری بە هەموو شێوازی گونجاو تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی‌و گرتنی ئەو چالاكانانە لەقاو بدات.
لەدیدارەكەدا هەروەها باس لە چەندین بواری كاری ناوەندی هاوكاریی لەوانە بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەكان‌و سیاسەتی ناوەند بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێران قسەوباس‌و بڕیاری پێویستی لەسەر درا.