کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست‌ بوونی پۆلێکی دیکە لە لاوانی کوردستان بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

14:52 - 15 رێبەندان 2720

پۆلێکی دیکە لە کوڕان و کچانی تینووی ئازادیی و سەربەستیی کوردستان بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پەیوەستبوون. ڕۆژی سێ‌شەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دەورەی ٢٤٠ـی فێرگەی پێگەیاندنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و مامۆستایانی فێرگە کۆتایی پێهات. پاش سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕێژەی پێشمەرگەکانی بەشداری دەورە و چەند ساتێک ‌بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە ڕووحی پاکی شەهیدانی کوردستان، کاک مستەفا مەولوودی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی لە پێشمەرگەکانی دەورەی ٢٤٠ـی سەرەتاییی پێشمەرگە، پەیوەست ‌بوونی پۆل پۆل لە لاوانی کوردستان بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی گەڕاندەوە بۆ شوێن‌دانەریی حیزبی دیموکرات و ئەو ڕەگ و ڕیشە مێژوو‌ییەی کە لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا هەیەتی. مەولوودی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەبەوەیکە خەڵکی کوردستان خاوەنی مافی خۆیانن و بزووتنەوەی کوردستان بزووتنەوەیەکی ڕەوایە،حیزبی دێموکرات بۆ گەیشتن بە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک بە لە بەرچاو گرتنی ویست و دۆخی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو جۆرەکانی خەباتی سیاسی، جەماوەری، چەکداری و دیالۆگ کەلکی وەرگرتووە. کاک مستەفا بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لەو فیلم و دێکیۆمێنتانەی کە کۆماری ئیسلامی دروستی کردوون باسی لەوە کرد کە دیاریی ئەوان بۆ خەڵکی کوردستان جگە لە کوشتن و بڕین و سەرکوت هیچ شتێکی تر نەبووە و ئەمەش مێژوو سەلماندوویەتی، دەبێ بڵێین هەموو هەوڵێکیان بۆ لە نێو بردنی ئەو بزووتنەوە ڕەوایە داوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بزووتنەوەیە ڕیشەی لە نێو خەڵک‌دایە هەموو کات پێچەوانەکەی وەرگرتووەتەوە. دوای پەیامی فێرگە و پەیامی پێشمەرگەکانی دەورە، ڕێوڕەسمەکە بە کۆمەڵێک سروود و گۆرانی لە لایەن هاوڕێیانی پێشمەرگە و هەروەها پیشکەشکردنی خەڵات بە سەرکەوتوانی دەورە، لە نێو شادی و خۆشیی بەشدارانی دەورە و مامۆستایان و ئامادەبوان کۆتایی پێهات.